ئابووریهه‌واڵ

بەغدا ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتنی تەنیا ٦٠٥ هەزار تۆن لە گەنمی جووتیارانی کوردستان داوە

حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتنی تەنیا ٦٠٥ هەزار تۆن لە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، بەڵام پێشنیازەکە لەلایەن شاندی حکوومەتی هەرێمەوە ڕەتکراوەتەوە و پێداگیری لەسەر زیادکردنی بڕەکە دەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی ڕاگەیاندووە، لەماوەی مانگێکدا چوار جار شاندی وەزارەتەکەیان سەردانی بەغدای کردووە، سەبارەت بە پرسی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە.

گوتیشی: “ئامانجی سەردانی شاندەکەیان بۆ بەغدا وەرگرتنی ڕێژەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە قەبارەیەکی شایستە بووە”، دەشڵێت: “وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێم، پابەندی سەرجەم ئەو ڕێکارانە بووە کە داواکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا بووە، لەناویاندا، ڕووپێوێکی زانستی بۆ تەواوی ئەو زەویەی بە گەنم داچێندراوە، کە ڕووبەرەکەی دوو ملیۆن و ٨٥٥ هەزار دۆنم زەوییە. هەروەەها پێشکەشکردنی داتای زانستی لەسەر ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان، کە بەهەمان شێوە داواکاری لایەنی بەغدا بووە.

کەریم سلێمان بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژە بەوە دەکات: “لە سەرەتادا بەغدا تەنیا پابەندی خۆی بە وەرگرتنی ڕێژەی لە ٣٠٪ی گەنمی جووتیاران بەگوێرەی بەرهەمی داچێندراو کە دەکاتە ٥٨٠ هەزار تۆن گەنم دەربڕیوە، بەڵام شاندی هەرێمی کوردستان ئەم پێشنیازەیان ڕەت کردووەتەوە”.

دەشڵێت: “پێشنیازی دووەم لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی عێراق کرا کە ئەندامی شاندی دانوستانی بەغدان لەسەر ئەو پرسە، بە گوێرەی پێشنیازەکە ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لە نۆ پارێزگا بە ڕێژەی ٢١٪ زیادی کردووە بە پشتبەستن بەم ڕێژەیە، بڕیار درا بە زیادکردنی ڕێژەی سەدی لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە دەکاتە ٦٠٥ هەزار تۆن، بەڵام شاندی هەرێمی کوردستان ئەم بۆچوونەشیان ڕەت کردەوە”.

بەگوتەی بریکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هێشتا پرسەکە سەبارەت بە بڕی ئەو گەنمە یەکلانەکراوەتەوە، کە حکوومەتی عێراق وەریدەگرێت، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لیژنەی هاوبەش کە بە لیژنەی ٥٧ ناسراوە، کۆببنەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر قەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بدەن.

پێش دوو ڕۆژ، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە بەغداوە ڕایگەیاند، “لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامی ماندووبوونی تیمەکەمان ڕادەگەیەنین لە بەدەستهێنانی شایستەی گەنمی جووتیاران”.

ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی عێراق پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی سەرتاسەری عێراق وەرگرت و لەو بڕەدا ٥٠٠ هەزار تۆن لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا.

حکوومەتی عێراق هەر وەک ساڵی ڕابردوو، هەر تۆنێک گەنم بە ٨٥٠ هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت.

بەگوێرەی لێدوانی هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن بەرز ببێتەوە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار تۆن بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بووە.

بەپێی زانیارییەکانی زێدپرێس، هەوڵێک لە ئاست وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی بڕی تا یەک ملیۆن تۆن لە گەنمی جووتیارانی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بەڵام تا یەکلاکردنەوەی بڕەکە لەلایەن لێژنە هاوبەشەکەوە، ڕوون نییە حکوومەتی عێراق چەند لە گەنمی جووتیاران وەردەگرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...