هه‌واڵ

لە ئابی پارەوە نۆ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دانە حەبی کەپتاگۆن دەستی بەسەردا گیراوە

زێدپرێس

بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای دەکات، لە ئابی ساڵی ڕابردووەوە تا سەرەتای ئابی ئەمساڵ، دەستیان بەسەر نۆ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دانە حەبی کەپتاگۆندا گیراوە. فەرماندەیی هێزەکانی سنووریش، ئاشکرای دەکات دەستیان بەسەر سێ هەزار و ٤٥٠ دانە حەبی کەپتاگۆندا گرتووە، کە کەسێک بەنیازبووە لە ئێرانەوە بیهێنێتە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە.

ئەمڕۆ دووشەم ٧ی ئابی ٢٠٢٣، “ئەرکان عومەر” ئەفسەر بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕای گەیاند، لە ئابی ٢٠٢٢ تا سەرەتای ئابی ٢٠٢٣، لەلایەن هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانەوە، دەست بەسەر بڕی هەزار و ٦٥٠ کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆندا گیراوە و لە دوایین چالاکیشدا دەست بەسەر ٢٣٦ کیلۆگرام لە هەمان ماددەی هۆشبەردا گیراوە.

ڕوونی کردەوە، لە دوایین چالاکی هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکان و هێزەکانی دیکەی ئاسایشدا، بڕی ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار دانە حەبی کەپتاگۆن دەستی بەسەردا گیراوە و لە ئابی ساڵی ڕابردوویشەوە تا پێش دوایین چالاکی، ئەو بڕەی دەستی بەسەردا گیراوە، هەشت ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دانە حەبی کەپتاگۆن بووە.

هەر دوێنێ یەکشەم ٦ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، ئاشکرای کرد، باندێکی نێودەوڵەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانیان لە دهۆک دەستگیر کردووە و هاوکات دەستیشیان بەسەر بڕی ٢٣٦ کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن و ٣٥ کیلۆگرام ئەفیوندا گرتووە. هەر لە چوارچێوەی ئەو چالاکییەدا، کە هێزەکانی ئاسایشی عێراقی هەماهەنگ بوون، لە ناوچەی ڕەبیعە و پارێزگای ڕومادی، ٢١٦ کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن و ١٥ کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری ئەفیون دەستی بەسەردا گیراوە.

هەر ئەمڕۆ دووشەم ٧ی ئاب، فەرماندەیی ناوچەی یەکی سنوور، ئاشکرای کرد، هێزێکی سەر فەوجی دووی لیوای ٢١، دەستیان بەسەر سێ هەزار و ٤٥٠ دانە حەبی کەپتاگۆندا گرتووە.

فەرماندەیی سنوور ئاشکرایشی کردووە، کەسێکی ئێرانی بەنیاز بووە حەبەکە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بێنێت، دوای ئاشکرابوونی، تۆمەتبارەکە خۆی خزاندووەتەوە ناو سنووری ئێران، بەڵام نەیتوانیوە ماددە هۆشبەرەکە دەرباز بکات و دەست بەسەر حەبەکاندا گیراوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...