ئابووریسیاسیشرۆڤه‌

مارکس لە دۆڵە ڕووت

لە بەشی هەشتی کتێبی سەرمایەدا کارل مارکس چەمکی کەڵەکەکردنی سەرەتایی یان پێشوو دەهێنێتەوە ناو باسەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مارکس ئەم بەشە بە “Die sogenannte ursprungliche Akkumulation“   ناو دەبات. خوێندنەوەیەکی ورد لە ناونیشانەکە گرنگە بۆ تێگەیشتن لە مەبەست. مارکس هەموو چەمکەکە دەخاتە ناو کۆتەیشن یان ئیقتیباسەوە، هەروەها دەنووسێت بەناو کەڵەکەکردنی سەرەتایی. دیارە پێشگریی ئور لە زمانی ئەڵمانیدا لە ئوری عێراقەوە وەرگیراوە، بە مانای کۆن، دێرین یان پێشینە.

هەموو ئەمانە پێکەوە پێمان دەڵێن، مارکس بڕوای بە چیرۆکی کەڵەکەکردنی پێشینەیی نییە، بەڵکو ڕەخنەی دەکات. دیارە مارکس ئەم چەمکە لە ئابووریناسی سکۆتلەندی ئادەم سمسەوە وەردەگرێت. کە وەهای دەبینێت بریتییە لە بردنی زەوی و زار و بەکاربردنی بۆ مەبەستی سەرمایە.

دەیڤد هارڤی لە ڕاڤەی چەمکەکەی مارکسدا ئاماژە بەوە دەکات کە بردنی زەوی و زار و دەست بەسەرداگرتنی، زەوییە بە مەبەستی دەرکردنی خەڵکەکەی و دروستکردنی توێژی بێ-زەویی و لە ئەنجامدا پرۆلیتاریا. چەمکی پرۆلیتاریا، یانی ئەو خەڵکەی کە تەنیا توانای زاوزێیان هەیە.

هەموو ئەمانە لە دۆڵە ڕووت دەبینین. دۆڵە ڕووت وەها پۆلێن دەکرێت کە خاکێکی ڕەقەڵەی بێسوودە و ئەم کۆمپانیایانە دێن دەیگۆڕن بۆ جێگایەکی سوودمەند. هەمیشە لە مێژوودا کاتێک هێزێک دەیەوێت جێگایەک ببات، وەها پۆلێنی دەکات کە بێسوودە، بۆیە شایانی ئەوە نییە کە ناڕەزایی لە سەری دەرببڕدرێت.

گۆڕینی یاڵ و گرد و دۆڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ پڕۆژەی خانوبەرە، بەرفرەوانترین جۆری کەڵەکەکردنی سامان و دروستکردنی توێژێکی موڵکدارانی ساماندار لە بەرانبەر توێژێکی بەرفرەوانی بێدەرامەتە یان کەمدەرامەت.

دۆڵە ڕووت و شوێنەکانی تر، هەموو ئاماژەن بۆ دروستبوونی کۆمەڵگایەکی ئێجگار چینایەتی لە کوردستان. دروستبوونی توێژێک کە خاوەنی داهاتی زەبەلاحە، لە بەرانبەر توێژێکی بەرفرەوانی کەمدەرامەت، جگە لە دروستبوونی ناوچەی دابڕاو و داخراو، هەموو دەبنە بنەمای دروستبوونی نایەکسانی کە هۆکارێکی هەرە سەرەکی نا-دیموکراسیی بوونە.

چارلس تیللی دوو هۆکار بە سەرەکی دەبینێت لە پڕۆسەی نا-دیموکراسیبوون، de-democratization  ئەوانیش نەبوونی باوەڕ یان سیقە لەگەڵ نایەکسانی. پێویست بە ئاماژەدان ناکات کە نەمانی باوەڕ لە نێو کۆمەڵگا و نایەکسانی لە کۆمەڵگای ئێمەدا چەندێک زەقە. هۆکاری تری زۆر هەیە کە دەبنە مایەی نا-دیموکراسیی.

ڕەنگە دۆڵە ڕووت بکرێتە شوێنێکی جوان و ئاوەدان، بەڵام زۆرینەی زۆری خەڵک لێی مەحرووم دەبن. لە نەبوونی ئاگایی فیکریی، ئاگایی سیاسی و کۆمەڵایەتی، یان لە سەرووی هەموویەوە ئاگایی ژینگەیی، ئەم دیاردانە بە ئاسانی بەڕێوەدەچن. بەشی زۆری بەناو ئۆپۆزیسیۆن یان سەرقافڵەی ئەم کارانەیە یان توانای تێگەیشتنی ئەم دیاردانەی نییە. ئەوانی تریش خاوەن گەمەکەن.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...