ئابووریسیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

مووچەی مانگی (11 و 12) و مەسەلەی موناقەلە

مووچەی مانگی 11 و 12ی هەرێم گرفتی گەورەی بۆ دروست كراوە و پێشنیاری چارەسەركردنیش لەڕێگەی موناقەلەوە، تەنها بە پشتبەستن بە یاسای بودجە وەك چاندنی تۆوە لەسەر بەرد كە چاوەڕوانی سەوزبوونی لێ ناكرێ.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

چارەسەرەكە پێویستی بە گوشار و ڕێككەوتن و جوڵە و تێگەیشتنی نوێ هەیە زیاتر لەوەی پێویستی بەپشتبەستن بەدەقی یاسای بودجە بێت. ئاخر یاساكانی بودجەی عێراق زیاتر لە 10 ساڵە بەجۆرێك داڕیژراون، هەموو دەرگایەكیان بە ڕووی هەرێمدا داخستووە.

 

ئێستا بۆ مووچەی مانگی 10 دەگوترێ بەشی هەرێم لەتەرخانكراوەكانی مووچە لەناو بودجەی عێراق كورتهێنانی هەیە و بەشی ئەو مانگە ناكات، بۆ مانگەكانی (11 و12)یش هیچ تەرخانكراوێك نییە بۆ مووچەی هەرێم. لێرەیشەوە بۆ چارەسەری ئەم گرفتە یەكسەر باس لە پشتبەستن بە یاسای بودجە و ڕاكردن بەرەولای دەرگای موناقەلە دەكرێت وەك ئەوەی دەرگایەكی واڵابێ، یانیش كلیلەكەی لە گیرفانی خۆماندا بێت، وەك ئەوەی نەزانین كە نزیكەی 10 ساڵە ئەو دەرگایەیەش وەك زۆربەی دەرگاكانی تر بە قوفڵێكی گەورە بە ڕووی پشكی هەرێمدا كڵۆمدراوە.

 

ئەوەی دەبوو لەمساڵدا جیاوازبێت ئەوە بوو كە چاوەڕوانی دەكرا بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵییەوە كۆتوبەندەكان لەسەر تەرخانكراوەكانی مووچە هەڵگیرابن و دەرگای تەمویلكردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم تاڕادەیەكی باش كرابێتەوە، بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی جەختی لەوە كردووە کە دەبێ فەرمانبەرانی هەرێم لەكاتی خۆیدا وەك هاوتا عێراقییەكانیان مانگانە مووچە وەربگرن و هیچ گرفت و ناكۆكییەك نەبێتە بەربەست. بۆیە چاوەڕێ دەكرا و دەبوو مووچەی هەرێم لە كۆتوبەندی خەرجیی فیعلی و كۆتوبەندەكانی تر ڕزگاری ببێت و بە گوزارشتەكەی دادگای فیدڕاڵی وەك مووچەی هاوتا عێراقییەكانی بێت.

 

ئەوە سەبارەت بە مووچە، بەڵام سەبارەت بە بەشەكانی تری بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان، بابەتەكە جیاوازە، تا ئێستا یاساكانی بودجە بەجۆرێكن كە دەرگای ئەو بەشانەی بودجەیان بە ڕووی هەرێمدا نەكردووەتەوە تا لە دۆخێكی وەك ئێستادا بۆ موناقەلە و چارەسەری مووچە بەرەو لایان ڕاكەین.

 

مووچە ئەو بەشەی بودجە بوو كە بڕیار بوو گرفتی نەبێ و لە كۆتوبەندەكان ڕزگاری بووبێ، كەچی ئێستا كۆتوبەندەكان بەتوندی بەسەریدا چەسپێنراون، لەكۆی 11 ترلیۆن و 576 ملیار دیناری تەرخانكراو بۆ مووچەی هەرێم لەناو یاسای بودجەدا، تەنها دەوروبەری 8 ترلیۆن بۆ مووچەی هەرێم نێردراوە و، بەغدا دەڵی بەپێی پێوەری خەرجیی فیعلی، هەرێم هەر ئەوەندەی دەدرێتێ و ئیستا تەنها 700 ملیاری ماوە، لەكاتێكدا مووچەی سێ مانگ نەدراوە كە پێویستی بەنزیكەی 3 ترلیۆن دینارە.

 

پرسیار ئەوەیە ئەگەر مووچە بەو هەموو هەستیاری و بەو هەموو پاڵپشتی و پارێزبەندییەی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی و  بەو ڕێکكەوتنانەوە لە كۆتوبەندەكان ڕزگاری نەبووبێت، ئیدی بەشەكانی تر چۆن ڕزگاریان دەبێت و سەلامەت دەبن، تا ئێستا وەك یەدەگێكی گەرەنتیكراو بتوانین بیانگوازینەوە بۆ مووچە، لەكاتێكدا كە هەر حەوت بڕگەكەی تری تەرخانكراوەكانی بەشی هەرێم لە بودجەی عێراق ئەوەندە بە كۆتوبەند و مەرجی یاسایی شەتەك دراون كە لە هەموو بارێكدا نەك هەرێم هیچی لێیانەوە دەست ناكەوێ، بەڵكوو قەرزاریش دەبێتەوە.

 

پێشتر لەسەرەتای پەسەندكردنی خشتەكانی بودجەی 2024 و لەساڵانی ڕابردوویشدا ئەم بابەتەم شیكردووەتەوە، لێرەیشدا بەكورتی جارێكی تر ئەوە ڕوون دەكەمەوە:

 

لە بودجەی 2024 جگە لە تەرخانكراو بۆ قەرەبووی فەرمانبەران و چاودێری كۆمەڵایەتی- كە تایبەتن بە مووچە، بڕی تەرخانكراوەكان بۆ هەرێم لە هەر حەوت بڕگەكەی تر بریتییە لە 9 ترلیۆن و 334 ملیار. بەڵام ئەوە لە یاسای بودجەدا كۆتوبەند كراوە بە كۆمەڵێك مەرج و پێوەر و هاوكێشە، بەجۆرێك كە ئەگەر حكوومەتی هەرێم لەسەدا سەد پانەبد بێت بە داواكاریەكانیشەوە، هێشتا یاساكە ڕێگە نادات لەو بەشەی بودجەكە شتێكی ئەوتۆ بدرێت بە هەرێم، بەڵكوو قەرزاریشی دەكاتەوە، وەك لەخوارەوە شیی دەكەمەوە:

 

بڕی 9.334 ترلیۆن كۆی تەرخانكراو بۆ بەشەكانی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان (جگە لە مووچە)؛

بە کەمکردنەوەی بڕی 3.700 ترلیۆن تەرخانكراو بۆ خەرجی وەبەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم (ڕاستەوخۆ نادرێت بە هەرێم و نایشگوازرێتەوە بۆ بەشەكانی تر بەبێ ڕێككەوتنی سیاسی نوێ)، هەروەها؛

بە کەمکردنەوەی بڕی 1.116 ترلیۆن تەرخانكراو بۆ دانەوەی قەرزی مووچەی ساڵی پاری هەرێم (ڕاستەوخۆ نادرێت بە هەرێم و نایشگوازرێتەوە بۆ بەشەكانی تر)؛

دەمێنێتەوە بڕی 4.518 ترلیۆن پوختەی تەرخانكراو بۆ هەرێم پێش لێدەركردنی خەرجییەكانی سیادی و حاكیمە و پێوەری خەرجیی فیعلی. پاشان؛

بە کەمکردنەوەی بڕی 2.000 ترلیۆن بڕی مەزەندەكراوی لێداشكاندنی خەرجییەكانی سیادی و حاكیمە و پێوەری خەرجیی فیعلی. کەواتە؛

ئەوەی دەمێنێتەوە دەکاتە بڕی 2.518 ترلیۆن پوختەی ئەو بەشەی دەكرێ بدرێتە هەرێم پاش جێبەجێكردنی هەموو ئەرك و پابەندییەكانی سەر هەرێم كە لە یاسای بودجەدا هاتوون.

 

ئەرك و پابەندییەكانیش بریتین لە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت و ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان. جارێ با باس لە نەوت نەكەین كە هەموو لایەك دەزانن چەند پرسێكی ئاڵۆزە، بەڵام خۆ بەغدا تەنها لە داهاتە نانەوتییەكان داوای نزیكەی 3 ترلیۆن دینار دەكات و لە گێڕانەوەی قەرزەكانی بانكی بازرگانیی عێراقیش ساڵانە نزیكەی 600 ملیار، بەڵام با بەوپەڕی گەشبینییەوە بڵێین تەنها داوای 3 ترلیۆن دەكات. بەوەیش هێشتا هەرێم قەرزار دەبێتەوە بەم شێوەیە:

 

بڕی 2.518 ترلیۆن پوختەی ئەو بەشەی دەدرێتە هەرێم لە هەر حەوت بڕگەكەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان؛

بە کەمکردنەوەی بڕی ٣ ترلیۆن بەشی بەغدا لە داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم (دەبێ بدرێتە بەغدا)

یەکسانە بە 0.482 ترلیۆن دینار، واتە هەرێم 482 ملیار دینار قەرزار دەبێتەوە.

 

ئیتر لەچی و لەكوێ موناقەلە دەكەیی و پارە دەگوازیتەوە بۆ بەشی مووچە بۆ مانگی 11 و 12.

 

ئەوەندەی من بزانم ئەم ڕێگەیەی هەژماركردن گەشبینانەترین و ئەرێنیترین سیناریۆی هەژماركردن و لێكدانەوەیە، ڕێگەی تریش هەن بۆ هەژماركردن و شیكردنەوە، ئەوانیش هەمان دەرەنجامیان هەیە و تەنانەت هەرێم زیاتریش قەرزار دەكەنەوە.

 

ئەمە ئەو ڕێسا و پێوەر و مامەڵەیەیە كە بەغدا لەساڵی 2015ەوە لە هەموو یاساكانی بودجەی ساڵانەدا چەسپاندوویەتی، تا بەو شێوەیەیش بێت ئەگەر هەرێم لە سەداسەد داواكاری و بیانووەكانی بەغدایش لە هەموو ڕوویەكەوە جێبەجێ بكات، دۆخەكە لەوە باشتر نابێت.

 

ئێستایش لەبری ئەوەی تەنها پشت بە یاسای بودجە ببەسترێ، باشتر وایە گوشار بكرێت و بە ڕێككەوتنی سیاسی و لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی تێگەیشتنی گونجاو بكرێت بۆ دەركردنی بەشی مووچە لەژێر كۆتوبەندی خەرجیی فیعلی و، لە هەمواری یاسای بودجەی ساڵی داهاتوویشەوە كۆتوبەندی خەرجیی فیعلی بەتەواوی لەیاساكانی بودجەدا هەڵبگیرێت، هەر ڕێگەچارەیەكی تر بۆ چارەسەری ئەو گرفتە بگیرێتەبەر، جگە لەوەی بەربەست و نەیاری زۆرە، ئەگەر سەریش بگرێ، تەنها سڕكەر و كاتییە و لەساڵانی داهاتوویش هەرێم  لە بەشەكانی تری بودجەی بەگەڕخستن و وەبەرهێنان بەركەوتەی نابێت و دۆخی مووچەیش لەباشترین باردا وەك ئەمساڵ دەبێ.

جیهانگیر سەدیق گوڵپی

پسپۆڕی ئابوری و دارایی گشتی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button