
یادگار سدیق گەڵاڵی
تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان نەکراوە سەبارەت بە گرێبەستی فرۆشتن “Sales Agreement” واتە سەبارەت بە شایستە داراییەکانیان بە قەرزەکانیشەوە. قەرزەکان کێشەی سەرەکی دەبێت.
کۆمپانیاکان خۆیان لە پێگەیەکی بەهێزتردا دەبیننەوە لانی کەم بەپێی زانیاری ئێمە لە (دی ئێن ئۆ، گۆڵف کیستۆن و شاماران) کە پێکەوە ئێستا بەرهەمیان ١٨٥ هەزار بەرمیلە و بەئاسانی لە توانایدایە بگاتە ٢٠٥ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
کۆمپانیاکان پشتیانئەستورە بە دوو خاڵ:
- بڕیاری کۆتایی دادگای کەرخ بەوەی گرێبەستەکانیان یاساییە. لەو قۆناغە دەرچوون کە بگوترێت دەبێت گرێبەستەکان بگۆڕدرێت و ئێستا سەنەدی یاسایی عێراقیان هەیە.
- فشارەکانی ئەمریکا لەسەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و سەربەخۆیی عێراق لە دابینکردنی سووتەمەنی.
ئەم دوو خاڵە وا دەکات کە مکوڕبن لەسەر داواکارییەکان یان تا زۆرترین دەستکەوت لە سوودی خۆیان بپچڕنەوە سەبارەت بە گرەنتی کردنی شایستەکانیان.
کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەی نەوت لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا خۆیان گونجاندووە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا و پێشەکی پارەی نەوت وەردەگرن و لەو ماوەیەشدا هیچ شایستەیەکییان دوانەخراوە، ئەمەش بووەتە هۆی جوڵەی کاش و قازانجی باشیان کردووە.
ڕاستە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت داهاتیان زیاد دەکات، بەڵام ئێستا تا ئەوکاتەی ڕێکاری وەرگرتنی شایستەکانیان گەرەنتی دەکەن ئەم بارودۆخەیان پێ باشترە.
بەڕێوەبەری DNO – کریس سپێنسەر دەڵێت “کاتێک هەناردەی وەستا، جگە لە کار گرووپ هەموومان لە بەرهەمهێنان وەستاین، بەڵام لەماوەیەکی کورتدا ٢ بۆ ٣ مانگ بازاڕی ناوخۆ کرایەوە، کە بە هیچ شێوەیەک بیرمان لێ نەکردبووەوە، لەماوەی ٦ مانگدا بەرهەمهێنان گەشتە ٣٠٠ هەزار بەرمیل”.
هەروەها دەڵێت “بە دڵنیایی کڕیارانی ناوخۆ قازانجێکی باش دەکەن لە کڕینی نەوت بە نیوەی نرخی بازاڕ، بۆیە من هیچ نیگەرانیەکم نییە کە فرۆشی ناوخۆ نەمێنێت”.
بۆیە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت پێیان وایە تا ئەو کاتەی عێراق ڕازی دەبێت بەمەرجەکانیان دەتوانن بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بن.