
ئەمریکا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بە فەرمی و بە فیعلی دەبێتە سوپەرپاوەر. سیستەمی جیهانی لە دوای جەنگی دووەمەوە تا ١٩٩١ سیستەمێکی دوو جەمسەری بوو؛ ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا بەرانبەر بە بلۆکی ڕۆژهەڵات بە سەرکردایەتی سۆڤیەت. پاش ڕووخانی سۆڤیەت لە ١٩٩١ سیستەمی جیهانی دەبێتە تاک جەمسەری بە سەرکردایەتی ئەمریکا. هێزی ئەمریکا لەناوخۆ وەک سوپەرپاوەر، لە پیش و پاش ڕووخانی سۆڤیەت، گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا نەهات، بەڵام هەژموونی لە دەرەوە فرەوانتر بوو، چونکە بووە تاکە سوپەرپاوەر.
تا ئەمڕۆ، ئەمریکا تاکە سوپەرپاوەرە، چین و ئەوروپییەکان و هندستان و ڕووسیا زلهێز یان هێزی ئیقلیمین.
دەوڵەتی سوپەرپاوەر ئەوەیە کە ڕۆڵی گەورەی هەیە لە هەموو ڕووداوە گرنگەکانی جیهان. بۆ نموونە ڕۆڵی ئەمریکا لە جەنگی ئۆکڕانیا، لە جەنگی ئیسرائیل و بەرەی ئێران، لە بواری ئاسایشی ئەوروپا، لە ململانێیەکانی نزیک سنووری چین لە ئاسیا، هەر هەمووی بە هەزاران کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئەمریکاوە دوورن، بەڵام ڕۆڵی لەو دەوڵەتانە زیاترە کە لە ناوچەی ڕووداوەکانن. بۆ نموونە ڕووسیا لەسەر سنوورەکانی خۆی دەجەنگێت، بەڵام ڕۆڵی ئەمریکا ئەگەر زیاتر نەبێت ئەوا یەکسانە بە ڕۆڵی ڕووسیا لەو جەنگەدا، لە کاتێکدا ئەمریکا خۆی شەڕ ناکات و بە ئەندازەی ئۆقیانووس و کیشوەرێک دوورە لە گۆڕەپانی جەنگەکە. ئاشکرایە ڕووسیا و جیهانیش دەزانن ئەگەر ئەمریکا بیەوێت ئەوا ڕووسیا براوە دەبێت، ئەگەر بیەوێت ١٠ ساڵی تر ڕووسیا لەو زەلکاوە دەهێڵێتەوە، ئەگەر مەترسی چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەمریکا دەتوانێت لە ڕێگەی ئۆکرانیاوە ڕووسیا ڕووبەڕووی شکستێکی ستراتیژی بکات و لە تەواوی ئۆکڕانیا دەری بکات. هاوکات دەتوانێت جەنگەکە بە شێوەیەکیش تەواو بکات کە هەردوو لا سازش بکەن، براوە و دۆڕاوی گەورە نەبێت. تڕەمپ وا دیارە دەیەوێت ئەوە بکات.
چین بەهێزترین کاندیدە بۆ ئەوەی ببێتە ڕکابەری ئەمریکا، بەڵام جارێ زۆری ماوە. بەراوردی ڕۆڵی چین بکە لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئۆکرانیا، لەگەل ڕۆڵی ئەمریکا! ڕووسیا چووەتە دەرەوەی کێبڕکێیەکە، ئەمەش لەوانەیە یەکێک بێت لە هۆکارەکان کە تڕەمپ دەیەوێت بە زووترین کات ئەو جەنگە ڕابگرێت. بەپێی زۆربەی پێوەرەکان، ئەمریکا بەهێزترین سوپەرپاوەری مێژووی مرۆڤایەتییە. هیچ دەوڵەتێک لە مێژوودا ئەو هەژموونە گەورەیەی بەسەر کیشوەر و ئۆقیانووسەکان و سیستەمی جیهانییدا نەبووە، لە کاتێکدا وەک ئیمپراتۆریەتەکانی تر داگیرکاری و جەنگی فرەوانی نەکردووە. بۆ نموونە هەژموونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، بە هۆی داگیرکاری سەربازییەوە نییە. ئێستا هیچ دەوڵەتێک نییە لەژێر داگیرکاری ئەمریکا بێت، بەڵام زۆرینە لەژێر هەژموونی ئەمریکان. بۆ نموونە دەوڵەتێکی وەک قەتەر بە ملیاران دۆلار خەرج دەکات بۆ ئەوەی سەربازگەی ئەمریکی لە وڵاتەکەی هەبێت، ژاپۆن و ئەڵمانیا و دەیان دەوڵەتی نزیکن لەو نموونەیەوە.
ئایا ئەم هەژموون و پێگەیە چۆن دروست بووە؟
زۆرێک لە توێژینەوە زانستییەکان سەبارەت بەو پرسیارە (دەوڵەت چۆن دەبێتە سوپەرپاوەر یان زلهێز یان دەوڵەتێکی بەهێز) لەسەر چەند خاڵێک کۆکن، فاکتەرەکانی ناوخۆ ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە هێزی دەوڵەت. ئەم فاکتەرانە زۆرن و لێرە دەرەفەت نییە باس بکرێن. پاشان فاکتەری دەرەکی، واتە هاوپەیمانەکانی دەوڵەتەکە کێن و ڕۆڵ و پێگەیان چییە. هاوکات تا چەند دەزگە سیاسی و ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان کە سیستەمی جیهانی بەڕێوە دەبەن لەگەڵ ویست و خواستی دەوڵەتەکە دەگونجێت، یان دەستی هەبووە لە دروستکردنیان و ڕۆڵی هەیە تیایاندا.
سەبارەت بە پێگەی ئەمریکا لە جیهاندا، تەنیا ئاماژە بە فاکتەری دەرەکی دەکەم.
سیستەمی جیهانی لە دوای جەنگی دووەمەوە، کە ئەمریکا تیایدا یان یەکێک بووە لە دوو سوپەرپاوەرەکە یان تاکە سوپەرپاوەر، چەند بنەمایەکی سەرەکی هەیە، کە خۆیان لە چەند دەزگە و ڕێکخراو و هاوپەیمانی و پەیوەندییەک دەبیننەوە. بەبێ ئەم دەزگە و هاوپەیمانێتی و ڕێکخراوانە، ئەمریکا نەدەبووە ئەم ئەمریکایەی جیهان ئەمڕۆ دەیناسێت، هاوکات ئەم سیستەمی جیهانییەش دروست نەدەبوو. گۆڕانی هەر یەک لەو بنەمایانە، کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت بەسەر پێگەی ئەمریکا و سیستەمی جیهانی. نموونەی ئەو بنەمایانەی کە سیستەمی جیهانی ئەمریکی لەسەر بەندە بریتیین لە: ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بانکی نێودەوڵەتی، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ناتۆ، پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ چەند دەوڵەت و ناوچەیەکی گرنگ، وەک ژاپۆن، ئەوروپا، کەنەدا، ئوسرالیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لیرەدا تەنیا باس لە پرسی ئەمریکا و ناتۆ دەکەم. یەکێک لەو مەرجانەی کە دەبێت لە دەوڵەتی بە هەژمووندا هەبێت (ئەو دەوڵەتەی کە سەرکردایەتی جیهان دەکات)، بریتییە لە توانای سزادان و پاداشت. سزادانی ئەوانەی سەرپێچی دەکەن و دژایەتی سیستەمەکە دەکەن، پاداشتکردنی ئەوانەی پشتگیری سیستەمەکە دەکەن یان قبوڵی دەکەن. واتە هێزی ڕەق و هێزی نەرم. دەزگای (USAID) ئامرازێکی سەرەکی لایەنی پاداشت و هێزی نەرمی ئەمریکایە (لە دەرەفەتێکی تر باسی دەکەم). ناتۆ سەرەکیترین ئامرازی سزا و هێزی ڕەقی ئەمریکایە و یەکێکە لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی سیستەمی جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا. بەهێزترین هاوپەیمانێتی سەربازییە لە مێژوودا. ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە کەوتنی سوڤیەت و بوونی ئەمریکا بە تاکە سوپەرپاوەر. ڕۆڵی سەرەکی دەبێت لە هەر ململانێ و کێبڕکێیەکی جددی نێوان ئەمریکا و چین. هەر گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە توانای پاداشت و سزای ئەمریکا ڕووبدات، گۆڕانکاری گەورە ڕوودەدات لە سیستەمی جیهانی و پێگەی ئەمریکا. ئەم دوو توانایە، جێگرەوەی نییە، ئەگەر لاواز بوون، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەنگاو بە هەنگاو دەوڵەتی بە هەژموون لە هەرەمی سیستەمی جیهانی دێتە خوارەوە، چونکە دەوڵەتێکی تر هەیە ئەو دوو توانایە بەکاردەهێنێت و دێتە لوتکەی هەرەمەکە. ئەم پڕۆسەیە خاوە و دەکرێت لە نیوان ٥٠-١٠٠ ساڵ بخایەنێت.
ئایا تڕەمپ دەیەوێت ئەمریکا لە ناتۆ بکشێنێتەوە؟
توندبوونی ململانێی ناوخۆی ئەمریکا لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکان، یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەو جۆرە لێدوانە توندانەی تڕەمپ دژ بە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، بۆ نموونە دژ بە ناتۆ و دژ بە ئۆکڕانیا و ئەوروپا. ئەم دژایەتیەی هەردوو حزبە سەرەکییەکە زۆر کات وا دەکات لێدوانە فەرمییەکان و گوتاری سیاسییەکان بۆ میدیاکان، ڕەنگدانەوەی بنەما جێگیرەکانی ستراتیژ و تێڕوانینی جیۆپۆلەتیکی ئەمریکا نەبێت. ئەم ناکۆکییە لە سەردەمی ئۆباماوە زیاتر بوو. بە تایبەت بایدن درێژەپێدەری هەشت ساڵی حوکمی ئۆباما بوو لە زۆر ڕووەوە. ئەو سیاسەت و فکر و بەها چەپ و ڕادیکاڵانەی ئۆباما لەناوخۆ و لە دەرەوە کاردانەوەی توندی دروست کرد لە ناوخۆ، تڕەمپ و هاوەڵەکانی بەشێکن لەو کاردانەوە توندە. زبیگنیو بریجنسکی، سیاسەتمەدار و بیرمەندی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک پۆڵەندی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە سەردەمی ئیدارەی جیمی کارتەر (١٩٧٧-١٩٨١). لە کتێبەکەیدا (تێڕوانینی ستراتیژی: ئەمریکا و قەیرانی دەسەڵاتی جیهانی) کە لە ساڵی ٢٠١٢ نووسراوە، پێی وایە هەڕەشە جددییەکانی سەر ئەمریکا لە دەرەوە نییە، چونکە هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانیت کۆتایی بە هەژموونی ئەمریکا بهێنێت، بەڵکوو شەش هەڕەشەی جددی لەسەر ئەمریکا هەیە کە هەر هەمووی لەناوخۆن، یەکێک لەو هەڕەشانە شێوەی ململانێ و هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و سیستەمی حزبیی ئەمریکایە کە خۆی لە کۆماری و دیموکراتەکان دەبینێتەوە.
ئێستا وێنەیەک دروست بووە گوایە پشتگیری و بەگرنگدانانی ناتۆ، زیاتر سیاسەتێکی دیموکراتەکانە. ئەمەش وەک زۆر لێدوان و هەواڵی میدیاکان، کاتێک ئەم تێگەیشتنە لەگەڵ تیۆر و بەڵگەنامەکان و وردەکارییەکان و تێڕوانینی ستراتیژی ئەمریکا بەراورد دەکرێت، پوچەڵ دەبێتەوە.
لە کاتی کەوتنی سۆڤیەت لە ١٩٩١ ناتۆ لە ١٦ ئەندام پێکدەهات. ئیستا ٣٢ ئەندامن. واتە ١٦ ئەندام زیادی کردووە لە ١٩٩١ەوە. ١٠ ئەندام لەو کاتانە وەرگیراون کە کۆمارییەکان لە دەسەڵاتی ئەمریکا بوونە، ٦ ئەندام لە کاتی دیموکراتەکان. تەنانەت گەورەترین ژمارەی وەرگرتنی ئەندامانی نوێی ناتۆ کە لە ٧ دەوڵەت پێکدەهاتن، سێ دانەی دەوڵەتانی بەلتیق بوون، ڕووسیا ئەوەی بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ و جددی ناتۆ دانا، ئەمە لە ساڵی ٢٠٠٤ ڕوویدا کە جۆرج بۆشی کۆماری سەرۆکی ئەمریکا بوو. جگە لەوە، خودی تڕەمپ لە ماوەی ٢٠١٧-٢٠٢١ ئیمزای لەسەر وەرگرتنی دوو ئەندامی نوێ بۆ ناتۆ (مۆنتینیگرۆ و مەکدۆنیا) کرد. مۆنتینیگرۆ پێش هاتنی تڕەمپ پڕۆسەی وەرگرتنەکەی تەواو ببوو، تڕەمپ تەنیا ئیمزای کۆتایی کرد. بەڵام مەکدۆنیا لە ٢٠٢٠ بووە ئەندام، کۆی پڕۆسەی بە ئەندامبوونەکەی لە کاتی تڕەمپ جێبەجێ کرا. هەردوو ئەو دوو وڵاتە جێگەی هەژموونی ڕووسیا و سۆڤیەت بوونە، واتە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەندامبوونیان لە ناتۆ گەمارۆدان و نزیکبوونەوە بووە لە ڕووسیا.
لێرەدا مەبەست ئەوەیە گرنگی ناتۆ وەک بنەمایەکی سەرەکی هەژموونی ئەمریکا جێگیرە لە ستراتیژ و تێڕوانینی جیۆپۆلەتیکی و دەوڵەتی قووڵی ئەمریکا. هاوکات تەنیا پەیوەست نەبووە بە سۆڤیەت و سەردەمی شەڕی سارد. کەواتە جگە لە دژایەتی دیموکراتەکان، تڕەمپ چ مەبەستێکی تری هەیە لەو بابەتە؟ یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لە لایەنی ئابووری و تێچوون. تڕەمپ دەیەوێت ئەندامەکانی تر، بە تایبەت ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەڕیتانیا بودجەی سەربازییان زیاتر بکەن بۆ ئەوەی ئەرکی دارایی لەسەر ئەمریکا کەمتر بێت. بێگومان نایەوێت بە هەمان ئەندازەی ئەمریکا بەشدار بن لە بودجەی ناتۆ، بەڵکوو دەیەوێت بودجەی سەبازییان زیاتر بکەن. یەکێک لە ئەرکە قورسەکانی دەوڵەتی بە هەژموون بریتییە لە هەڵگرتنی زۆرترین بەرپرسیارێتی، ئەمە بووە بە بارگرانییەکی زۆر گەورە لەسەر ئەمریکا. ئەم فشارەی تڕەمپ ئەگەر سەربگرێت لە ئەنجامدا دەکرێت ناتۆ بەهێزتر بکات، نەک ئەمریکا لێی بکشێتەوە و هەڵبوەشێتەوە.
هۆکارێکی تر بریتییە لەوەی تڕەمپ دەیەوێت ئەوروپا تەنیا پشت بە ئەمریکا نەبەستێت، ئەمە وەک بەکارهێنان و ئیستغلالکردنی ئەمریکا دەبینێت. بە ئەگەری زۆرەوە، تڕەمپ فشار لە ئەندامانی ناتۆ و ئەوروپا دەکات. لەوانەیە بە فەرمیش هەڕەشەی کشانەوەی ئەمریکا بکات، بەڵام جیبەجێکردنی ئەستەمە. لە خراپترین دۆخدا ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە، ئەوا سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، چ کۆماری یان دیموکراتی بێت، دووبارە ناتۆ دروست دەکەنەوە. بێگومان ئەمە کێشە و لێکەوتەی گەورەی لێ دەکەوێتەوە و بە گەورەترین هەڵەی ستراتیژی ئەمریکا دادەنرێت لە ١٩٤٥ەوە.
سەبارەت بە جەنگی ئۆکڕانیا، هۆکار زۆرە بۆ ئەو هەڵوێستەی تڕەمپ لەبارەی کۆتایی هاتن بە جەنگەکە. لە بانگەشەی دەنگدان زۆر کات بانگەشەی ئاشتی و کۆتاییپێهێنانی جەنگەکانی دەکرد. دەیەوێت ئەو بەڵێنەی بباتە سەر. هۆکاری ئابووری؛ دەیەوێت لەگەڵ ئۆکڕانیا ڕێککەوتنێک بکات سەبارەت بە سامانی سروشتی ئۆکڕانیا (ماددە دەگمەنەکان). لە ڕاستیدا ئەمە زیاتر بۆ بانگەشەیە کە بە خەڵکی ئەمریکا بڵێت بەو ڕێککەوتنە جگە لەوەی کۆتاییم بە جەنگەکە هێنا، سەدان ملیار دۆلاریش بۆ ئەمریکا دەهێنم. بەپێی بۆچوونی پسپۆڕان، دەرهێنانی ماددە دەگمەنەکان لە خاکی ئۆکڕانیا و سوود لێ بینینی لە لایەن ئەمریکاوە، لایەنی کەم سەروو ١٠ ساڵی پێویستە. واتە سەردەمی حوکمڕانی تڕەمپ تەواو بووە. ئێستا تڕەمپ زیاتر مەبەستی مۆرکردنی ڕێککەوتنامەکە و کۆتاییپێهێنانی جەنگەکەیە نەک خودی سامانەکە.
هۆکارێکی تر پەیوەندی بە ستراتیژی ئەمریکاوە هەیە، ڕوون و ئاشکرایە ڕووسیا لەم ٣ ساڵە زیانێکی گەورە و قورسی بەرکەوت، تا ١٠-٢٠ ساڵ کرایە دەرەوەی ململانێی ئەمریکا. ئەمریکا پێی وایە ئیتر ئەو جەنگە دەکرێت لە سوودەوە بۆ ئەمریکا ببێتە زیان. بۆ نموونە توڕەبوونی تڕەمپ لە زێلیسنکی، لە لایەن بایدنەوە هەمان شت ڕوویداوە، بەڵام لەبەردەم کامێراکان نەبوو. بڕیاری وەستاندنی ناردنی چەک بۆ ئۆکڕانیا لە لایەن تڕەمپەوە، لە کۆتایی ٢٠٢٣ و سەرەتای ٢٠٢٤ لە سەردەمی بایدن نزیکەی ٦ مانگ ناردنی چەک بۆ ئۆکڕانیا وەستا. واتە سەرەتاکانی ئەم سیاسەتەی ئەمریکا بەرانبەر بە جەنگەکەی ئۆکڕانیا لە سەردەمی کۆتایی ئیدارەی بایدن-ەوە دەرکی پێدەکرا، بەڵام تڕەمپ توندتر و ئاشکراتر ئەوە سیاسەتە پەیڕەو دەکات. ئەوەی ئەمریکا دەیویست لەو جەنگە، تا ڕادەیەک بە تەواوی هاتە دی، ئیتر دەیەوێت لێی بێتە دەرەوە.