
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی، ڕۆژی ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٥ ڕاگەیەندراوێکی پێوەست بە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەردوو کێڵگەی نەوتی تاوکێ و پیشخابوور بڵاوکردەوە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە، بەڵام زیانی ماددییان گەیاندووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کۆمپانیای دی ئێن ئۆ، بەڕەچاوکردنی سەلامەتی کرێکارەکانی، بەرهەمهێنانی نەوتی بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە.
هاوکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، کۆمپانیای هاند ئۆیڵی ئەمریکی، دوای هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی عەین سفنی، بە هەمان شێوە کارەکانی خۆی ڕاگرتووە.
هەر ڕۆژی چوارشەم، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی شێخان ڕاگرت.
کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، بەهۆی بەئامانجگرتنی چەند کێڵگەیەکی نزیک کە کێڵگەی نەوتی شێخان و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی کرێکارەکانی، بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانی بەشێوەیەکی کاتی داوە.
جگە لە هێرشە درۆنییەکانی ڕۆژی چوارشەم، بۆ سەر کێڵگەکانی تاوکێ، پیشخابوور و عەین سفنی، لە دوو ڕۆژی پێشتردا، هەریەک لە کێڵگەکانی سەرسەنگ لە سنووری شارەدێی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک و کێڵگەی خورمەلە لە پارێزگای هەولێر بە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە بەئامانجگیران.



