هه‌واڵ

کۆمپانیاکانی نەوت مەترسی لە بەردەوامی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت ڕادەگەیەنن

زێدپرێس

 

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (APIKUR)، کە لە ژمارەیەک کۆمپانیای بەرهەمهێنی نەوتی کوردستان پێکدێت، مەترسییەکانی درێژبوونەوەی ماوەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت ئاشکرا دەکەن و ڕای دەگەیەنن، بەردەوامی ڕاگرتنی نەوت ئەگەری بێکاربوونی هەزاران کارمەند دێنێتە پێشەوە.

 

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (APIKUR)، کە لە ژمارەیەک لە کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە: دی ئێن ئۆ، گەنەڵ ئینێرگی، گەڵف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن و شەماران پێترۆلیۆم، لە ڕاگەیەنراوێکی تایبەتدا و دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر داخستنی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا، ئاماژە بەوە دەکات، بەردەوامی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، کاریگەری بەرچاوی لەسەر وەبەرهێنانی بیانی لە کوردستان هەیە، داخستنی درێژخایەنیش هەڕەشە لە هەزاران هەلی کار لە هەرێم دەکات.

کۆمپانیاکانی ئەندامی APIKUR، ئاشکرای دەکەن، پلانەکانی خەرجکردنیان لە ناوچەکەدا بە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٣ کەمکردووەتەوە، لەگەڵ پلانەکانی خەرجکردنی ساڵی ٢٠٢٤ کە لە ژێر پێداچوونەوەدان.

ئەو کۆمەڵە کۆمپانیا نەوتییە، دووپاتی دەکەنەوە “بەبێ ئەوەی دڵنیابین لەوەی کەی دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن دەکرێتەوە، یان کەی خەرجییەکانی هەناردەکردن دەستپێدەکاتەوە، کۆمپانیا ئەندامەکانمان پێشتر ناچاربوون هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی تێچوونەکان بنێن، کە بووەتە هۆی دەرکردنی سەدان کارمەند”.

ڕوونی دەکەنەوە، پیشەسازی نەوت لە کوردستان زیاتر لە ٨٠٪ی داهاتی ئابووری هەرێمی کوردستانی لە ساڵی ٢٠٢٢دا دابینکردووە، ئەگەر ڕاگرتنی هەناردە بەردەوام بێت، ئەوا وەبەرهێنانی بیانی زیاتر کەم دەبێتەوە، ئەمەش لە بەرانبەردا هەلی کاری زیاتر دەخاتە مەترسییەوە و توانای بەرهەمهێنانی ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتەیش دەخاتە مەترسییەوە، کە بەپێی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣-٢٠٢٥ پێویستە لە هەر ڕۆژێکدا بەرهەم بهێنرێت یان ڕادەست بکرێت.

کۆمپانیاکان دەڵین، دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت و پلانێکی ڕوونی گەڕاندنەوەی پارە و وەرگرتنەوەی تێچوون، کە لەگەڵ گرێبەستە ئیمزاکراوەکاندا بگونجێت، پێویستە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و لە بەرژەوەندی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستاندا.

لەو ڕوانگەیەوە، کۆمپانیاکان، بانگهێشتی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردن لە کاتی خۆیدا دووقات بکەنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...