
لە کۆبوونەوە لەگەڵ لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە ئەندامانی لیژنەکەی ڕاگەیاندووە، بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دەبێت نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە وەربگیرێت و دەست بە هەناردەکردنەوەی بکرێت.
نەرمین مەعرووف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، کە یەکێک لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە بوو، ئەو زانیارییانەی لە زاری وەزیری دارایی عێراقەوە، بۆ میدیاکاران گواستەوە.
نەرمین مەعرووف، گوتیشی کە وەزیری دارایی عێراق هاوکات ئاماژەی بە خاڵێکی دیکە کردووە، ئەویش ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتییە، بەو مانایەی کە تاوەکوو دەست بەهەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی سۆمۆ و هەروەها ئەو بڕە لە داهاتی نانەوتی ڕادەست نەکرێت، دەست بە ناردنی مووچە ناکەن.
هەر بەیانی ئەمڕۆ یەکشەم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، کە لەلایەن بەغداوە خاڵێکی دیکە بۆ ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا زیادکراوە، کە تاوەکوو ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە وەرنەگیرێت، مووچە نادرێت، ئەوەش لە دۆخێکدایە کە تیرۆریستان بە درۆنی بۆمبڕێژکراو کێڵگەکانی نەوت دەتەقێننەوە و بەرهەمهێنان نامێنێت یان لە کورتی دەدات.



