هه‌واڵ

ڕێکخراوی پەیامنێران: ساڵی ڕابردوو پێشێلکاری دژی ٣٢٨ ڕۆژنامەنووس و کەناڵی ڕاگەیاندن کراوە

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ڕایدەگەیەنێت ساڵی ڕابردوو پێشێلکاری بەرانبەر ٣٢٨ ڕۆژنامەنووس و کەناڵی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان کراوە و زۆرینەی پێشێلکارییەکانیش لە پارێزگای هەولێر بوون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٧ی شوباتی ٢٠٢٤، ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان ڕاپۆرتی تایبەت بە چاودێری ئازادی ڕادەربڕین و کاری میدیایی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ١٦٤ حاڵەتی پێشێلکاری بەرانبەر بە ٣٢٨ ڕۆژنامەنووس و کەناڵی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.

ڕێکخراوەکە ڕوونیکردووەتەوە، لە ساڵی ڕابردوودا زۆرترین حاڵەتی پێشێلکاری لە پارێزگای هەولێر تۆمار کراوە کە ٧٨ حاڵەتە و لە پلەی دووەمیشدا پارێزگای دهۆک دێت کە ٣٧ حاڵەتی پێشێلکاری تێدا تۆمار کراوە. هەروەها لە پارێزگای سلێمانی ١١ حاڵەتی پێشێلکاری و ١٠ حاڵەتی دیکەی پێشێلکارییش لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمار کراوە.

سەرجەم ئەو پێشێلکارییانەی لەلایەن ڕێکخراوەکەوە تۆمارکراون، دژ بە ڕۆژنامەنووسانی نێرینە بوون.

لەڕووی جۆری پێشێلکارییەکانەوە، ڕێکخراوەکە ڕوونیکردووەتەوە، زۆرترین پێشێلکاری خۆی لە ڕێگری لە ڕووماڵی میدیایی دەبینێتەوە کە ٧٨ حاڵەتی تێدا تۆمار کراوە. هەروەها ٢٦ حاڵەتی دەرکردن و نابڕینی ڕۆژنامەنووسان لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ٢١ حاڵەتی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و نۆ حاڵەتی هێرش و سووکایەتی و نۆ حاڵەتی دیکەی پێشێلکاری لە جۆری دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی تۆمار کراوە. جگە لە چەندین پێشێلکاری دیکە لە شێوەی لێدان، هەڵکوتانە سەر دەزگای ڕاگەیاندن، شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و …هتد.

ئەو ئامارانە لەکاتێکدا دێن، کە پێشتر هەریەک لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و سەنتەری میترۆ دوو ئاماری دیکەی جیاوازیان لەبارەی حاڵەتەکانی پێشێلکاری دژی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوکردووەتەوە.

بەگوێرەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، ٦٢ حاڵەتی پێشێلکاری بەرانبەر بە ١٢٨ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن تۆمار کراوە و بەپێی سەنتەری میترۆ هەر لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٢٤٩ حاڵەتی پێشێلکاری بەرانبەر ٢٤٧ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن تۆمار کراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...