دادگای فیدڕاڵی دوو سکاڵای لە دژی گرێبەستەکانی نەوت و گازی کوردستان ڕەت کردەوە

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٥، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، لەسەر دوو سکاڵا کۆبووەوە، کە پێوەست بە دوایین گرێبەستەکانی نەوت و گازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکرا بوون.
لە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٥، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێریی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی دوو گرێبەستی بواری وزەی کرد.
گرێبەستەکان لەگەڵ هەریەک لە کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئێچ کەی ئێن ئێنەرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros، واژۆ کران، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە دوو کێڵگەی هەرێمی کوردستاندا.
واژۆکردنی گرێبەستەکان لەلایەن چەند کەسایەتی و لایەنی عێراقی نیگەرانییان لێ کەوتەوە، بانگەشەی ئەوەیان کرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق و یاسا بەرکارەکان، دەسەڵاتی واژۆکردنی ئەو جۆرە لە گرێبەستی نییە. لەو ڕوانگەیەوە دوو سکاڵا لە دژی حکوومەتی هەرێم لە دادگەی فیدڕاڵی تۆمار کران.
سکاڵای یەکەم لەلایەن باسم غەنیمەش ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق تۆمارکرا بوو، کە داوای دەکرد گرێبەستە واژۆکراوەکان هەڵبوەشێندرێنەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندبکرێت بە واژۆنەکردنی هیچ گرێبەستێک لە داهاتوودا، بەبێ ئەوەی حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر بدات. سکاڵاکە، لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، ڕەت کرایەوە.
سکاڵای دووەم لەلایەن ڕائد حەمدان ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق تۆمارکرابوو، ناوبراو لە سکاڵاکەیدا وێڕای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان، داوای لە دادگای فیدڕاڵی کردبوو، فەرمانسالارییەک دەربکات بۆ ڕاگرتنی کارکردن بە گرێبەستەکان، تاوەکوو سکاڵاکە لە دادگادا یەکلا دەکرێتەوە، بەڵام لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، دادگای فیدڕاڵی ئەو سکاڵایەشی ڕەت کردەوە.



