ئابووریهه‌واڵ
ئاراستەکان

داهاتی یەک مانگی پڕۆژەی ڕووناکی نزیکەی ٨٣ ملیار دینار بووە

داهاتی مانگی حوزەیرانی پڕۆژەی ڕووناکی بە کرێی کارەبای هاوبەشانی ماڵان و بازرگانی ٨٢ ملیار و ٧١٩ ملیۆن دینار بووە. ئەوەش پاڵپشت بە بەدواداچوونی زێدپرێس، لەسەر بنەمای ژمارەی هاوبەشان و کرێی مانگانە کە وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە.

 

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، خۆشحاڵی خۆی ڕایدەگەیەنێت، بەرانبەر بە دابەشکردنی  پسوولەی کارەبای مانگی شەش بۆ هاوبەشانی ماڵان و بازرگانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی و دەڵێ: “هاووڵاتییان کەمترین پارە دەدەن”.

 

وەزارەتەکە، ئاماژەی بەوە کردووە، لە خولی مانگی شەشدا، پسوولەی کارەبا لە شاری سلێمانی کەمترین بوون، لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، بەهۆی پاڵپشتیی حکومیی دابینکراو و لەگەڵ گەیشتنی پڕۆژەی ڕووناکی بە تەواوی ناوشاری سلێمانی کە زۆرترین هاوبەشانی مانگی ڕابردووی لەخۆ دەگرت کە بوون بە بەشێک لە پڕۆژەکە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بڕی پسوولەی نیوەی هاووڵاتییان و  شوێنە بازرگانییەکان بۆ مانگی شەش لە پڕۆژەی ڕووناکی لەسەر هەرێمی کوردستان، بۆ هاوبەشی ماڵان ٢٨ هەزار دینار و بۆ هاوبەشانی بازرگانی ٦٣ هەزار دینار بووە. هاوکات لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا دوو ملیۆن و ٧٢٢ هەزار و ٥٠٠ هاوبەشی ماڵان و ١٠٣ هەزار هاوبەشی بازرگانی هەیە.

 

لەسەر ئەو بنەمایە، داهاتی پڕۆژەی ڕووناکی کە لە کرێی کارەبای هاوبەشی ماڵان دەستکەوتووە، دەکاتە ٧٦ ملیار و ٢٣٠ ملیۆن دینار و داهاتی دەستکەوتوو لە هاوبەشانی بازرگانی شەش ملیار و ٤٨٩ ملیۆن دینارە، کە بەسەریەوە ٨٢ ملیار و ٧١٩ ملیۆن دینار داهاتی پڕۆژەی ڕووناکی بووە لە ماوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا.

 

کرێ/داهاتی کارەبا و ژمارەی هاوبەشانی کارەبا بەگوێرەی پارێزگاکان دەگۆڕێت. وەزارەتی کارەبا ئاماژەی کردووە، کە لە پارێزگای هەولێر کرێی مانگانەی هاوبەشی ماڵان ٢٩ هەزار دینار و کرێی مانگانەی هاوبەشانی بازرگانی گەیشتووەتە ٧٠ هەزار دینار. هەرچی پەیوەندی بە ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لەو پارێزگایە هەیە، یەک ملیۆن و ٤٥٨ هەزار هاوبەشی ماڵان و ٥١ هەزار هاوبەشی بازرگانی هەیە.

 

هەرچی پەیوەندی بە پارێزگای سلێمانییەوە هەیە، ٩٧٦ هەزار و ٥٠٠ هاوبەشی ماڵان و ٣٨ هەزار هاوبەشی بازرگانی هەیە، کرێی کارەبا لەو پارێزگایە بۆ هاوبەشی ماڵان ١٦ هەزار دینار و بۆ هاوبەشی بازرگانی ٦٩ هەزار دینار بووە.

 

لە پارێزگای دهۆکیش، وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بە هەبوونی ٢٨٨ هەزار هاوبەشی ماڵان و ١٤ هەزار هاوبەشی بازرگانی کردووە، بە تێکڕای گشتی کرێی مانگانەی هاوبەشی ماڵان لە پارێزگای دهۆک ٢٥ هەزار دینار و کرێی مانگانەی هاوبەشانی بازرگانی ٤٦ هەزار دینار بووە.

 

وەزارەتی کارەبا، هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیدا باسی لەوە کردووە، کە تاوەکوو ئەمڕۆ، زیاتر لە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار هاووڵاتی کە یەکسانە بە نزیکەی ٤٠٪ی هاووڵاتییانی کوردستان، کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە لە ڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی.

 

وەزارەتی کارەبا دەڵێ: “بەپێی داتاکانی پڕۆژەی ڕووناکی، ٨٠٪ی هاووڵاتییان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی”.

 

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکیی ڕاگەیاند. دواتر لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا دا لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هەموو کوردستان دابین بکات تاوەکوو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦، ئێستا ناوەندی شارەکانی هەرێمی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button