هه‌واڵ

سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێکرا

سزای لە سێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی لە کاتێکدا کە دۆسیەکەیان ناڕوون بوو و لە ماوەی ١٨ مانگ دەستبەسەربوونیان لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بوون، لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج جێبەجێ کرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڵاویکردەوە، کاتژمێر ٥:٠٠٧ ڕۆژی دووشەم ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سزای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتیحی تەمەن ٢٩ ساڵ و خەڵکی شاری کامێران، موحسین مەزڵووم تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، وەفا ئازەربار تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان و محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵە و خەڵکی دێولان، لە بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج جێبەجێکرا. ماڵپەڕی میزان، ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادی ئێران ئەم هەواڵەی بە فەرمی پشتڕاستکردووەتەوە.

 

ئەم چوار بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕێبەندان دوای ١٨ مانگ بۆ یەکەمجار و دواجار لە بەندیخانەی ئێڤین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان ئەنجام دابوو. ئێوارەی هەمان ڕۆژ ئەم چوار بەندکراوە بۆ جێبەجێکردنی سزایەکەیان بە چاودێریی چڕی هێزە ئەمنییەکان لە بەندیخانەی ئێڤینی تارانەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری شاری کەرەج گواسترانەوە.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو وێڕای ئیدانەکردن سزای سێدارەی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە، ڕایدەگەیەنێت کە تەنانەت بەپشتبەستن بە پێوەرە ناوخۆیییەکانی ئێرانیش کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە دۆسیەکەیاندا ڕەچاو نەکراوە. پڕۆسەی پێڕاگەیشەن بە دۆسیەی ئەو چوار چالاکە کوردە بەتەواوەتی ناڕوون بووە و لەکاتێکدا سزای سێدارەی داسەپاو بەسەر ئەو چوار بەندکراوە سیاسییەدا لەلایەن دادگای باڵا پەسەند و پشتڕاست کراوەتەوە کە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاریان و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنیشیان لەگەڵ نەبووە. لەسێدارەدان بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم بنەما سەرەکییانە نەک هەر نامرۆڤانەیە، بەڵکوو بەتەواوەتی لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەکانی مافی مرۆڤی ناتەبایە کە ئێران واژۆی کردووە و پابەندبوونی خۆی بەو پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییانە ڕاگەیاندووە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، ئەم چوار بەندکراوە ٢٧ی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە دادوەریی ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی ” افساد فی الارض” لەرێگای هاوکاری و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای لە سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو و لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەم سزایە لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە دادوەری قاسم مەزینانی لە بێدەنگیدا وەک خۆی پشتڕاست کرابووەوە. هەروەها ئەو چوار کەسە هەر کامەیان بە تۆمەتی دروستکردنی دەستە و گرووپ سزای ١٠ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە کۆمەڵە سزای پێنج ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو.

 

ئەم چوار بەندکراوە ئەندامی حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران بوون، پێشتر لە گوندی “یەنگەجە” لە نزیک ناوچەی سۆمای برادۆستی پارێزگای ئورمییە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون.

 

میدیاکانی سەر بە حکوومەتی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایانگەیاند کە ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە ئەندامی حزبی کۆمەڵەن کە ” بە چەکەوە لە کاتێکدا لە هەوڵی تەقاندنەوەی دامەزراوە پیشەسازییەکانی ئەسفەهان” بوون دەستبەسەری کردوون.

 

حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێرانیش دواتر بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی چەواشەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بێبنەما ناساند و پشتڕاستی کردەوە کە “ئەم سیناریۆیە بۆ سەرکوتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و خۆپیشاندەرەکانە”.

 

شایەنی باسە کە ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە لە ڕۆژانی دەستبەسەربوونیان بە سەختی ئەشکەنجە کراون و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆیان لەبەردەم کامێرا بوون کە دواتریش دانپێدانانە زۆرەملێکەیان لە میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو کرانەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...