دواکەوتنی مووچە پایەکانی خێزان و ئارامیی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دەهەژێنێت

لێکەوتە ئابوورییەکان؛ قەرزداری، فرۆشتنی زێڕ و کەلوپەلی ناوماڵ
داتاکانی توێژینەوەکە بە زمانێکی ژمارەیی ڕوون، قەبارەی ئەو کورتهێنانە گەورەیە دەخەنە ڕوو کە ڕووی لە خێزانەکان کردووە. بەپێی ئامارەکان، 91٪ـی خێزانەکان لە کاتی دواکەوتنی مووچەدا لە دابینکردنی خەرجییە سەرەکییەکانی ڕۆژانەیاندا تووشی ئاستەنگی و سەختی زۆر بوونەتەوە. هاوکات 89٪ـی خێزانە کرێچییەکان بە تەواوی توانای دانی کرێی مانگانەیان نەماوە، و 87٪ـی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە کە لە دوای دەستپێکردنی قەیرانەکەوە نەیانتوانیوە هیچ بڕە پارەیەک پاشەکەوت بکەن.
قەیرانەکە تەنها لەسەر ئاستی پاشەکەوت نەوەستاوە، بەڵکو گەیشتووەتە سەر پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان؛ بە جۆرێک 85٪ـی خێزانەکان توانای دابینکردنی تێچووی چارەسەری پزیشکییان بۆ ئەندامەکانیان نەماوە، و 82٪ـی خێزانەکان ناچار بوون خەرجی و کوالێتیی خواردنی ماڵەکانیان کەم بکەنەوە. هەر بەپێی داتاکان، 82٪ـی خێزانەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کێشەی دارایی ڕاستەوخۆ ڕەنگی داوەتەوە لەسەر کەمکردنەوەی خەرجیی خوێندنی منداڵەکانیان. بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم دۆخەدا، 78٪ـی بەشداربووان تووشی کەڵەکەبوونی قەرز بوونەتەوە، 70٪ـیان بۆ پەیداکردنی خۆراک پەنایان بۆ قەرزکردن لە دوکان و خزمە نزیکەکانیان بردووە، و 56٪ـی خێزانەکان ناچار بوون بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی ژیان دەستبەرداری سامانەکانیان ببن، لەوانە فرۆشتنی زێڕ و ئاڵتوون، ئۆتۆمبێل، زەوی و کەلوپەلی نێو ماڵ.
لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان؛ نائارامی لەنێو ماڵەکاندا
دواکەوتنی بەردەوامی مووچە باری دەروونیی هاونیشتمانییانی شێواندووە و ترسی گەورەی بۆ ئایندە دروستکردووە. تۆژینەوەکە دەری دەخات کە 92٪ـی هاووڵاتییان بەهۆی قەیرانی مووچەوە ناتوانن هیچ پلانێک بۆ داهاتووی ژیانیان دابنێن. هەروەها 85٪ـی خێزانەکان دەڵێن بێپارەیی بووەتە هۆی دروستبوونی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێی بەردەوام لە نێو خێزانەکانیاندا، و 78٪ـی بەشداربووان هەست بە نەمانی ئاسایشی دارایی دەکەن.
ئەم دۆخە نەرێنییە سۆزداری و پەروەردەییە کێشەی گەورەی بۆ نێو خێزانەکان هێناوە؛ 75٪ـی دایک و باوکان ترسی زۆریان هەیە لەبارەی ئایندەی خوێندن و گوزەرانی منداڵەکانیان، و 75٪ـی بەشداربووان دەڵێن بەهۆی نەبوونی مووچەوە کێشە و ئاڵۆزی کەوتووەتە نێو پەیوەندییە خێزانییەکانیانەوە. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشانە، 66٪ـی مووچەخۆران ناچار بوون لە دوای دەوامی فەرمییەوە روو لە کاری دووەم و کرێکاری بکەن بۆ دابینکردنی بژێوی.
هەڵەبجە و سلێمانی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە
توێژینەوەکە ئاشکرای دەکات کە هاونیشتمانییان لە پارێزگاکان بە یەکسانی باجی قەیرانەکەیان نەداوە، بەڵکو پارێزگای هەڵەبجە بە پلەی یەکەم و پاشان سلێمانی لە پێشەنگی ئەو ناوچانەن کە کەرتی دارایی و بژێوییان تێکچووە، ئەوەش بەهۆی لاوازیی ئابووریی بازاڕ و کەرتی تایبەت لەو ناوچانەدا و پشتبەستنی زۆری خەڵک بە مووچەی کەرتی گشتی.
لە کەمکردنەوەی خەرجیی نائاسایی و خۆراکدا، هەڵەبجە بە ڕێژەی 98٪ لە پێشەنگدایە، و بەدوای ئەویشدا سلێمانی 95٪، هەولێر 89٪ و دهۆک 86٪ دێن. بەڵام لە ڕووی سەختی لە دانی کرێی خانوودا، هەولێر بە ڕێژەی 94٪ زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، پاشان سلێمانی 89٪، دهۆک 84٪ و هەڵەبجە 70٪. لایەنی تەندروستییش لە هەڵەبجە خراپترین دۆخی هەیە، کە تیایدا 95٪ـی خێزانەکان ناتوانن خەرجیی نەخۆشی دابین بکەن، لە کاتێکدا لە سلێمانی 91٪، لە هەولێر 82٪ و لە دهۆک 79٪ـە. سەبارەت بە زیانی خوێندنی منداڵانیش، لە هەڵەبجە و سلێمانی 84٪ـی خێزانەکان نەیانتوانیوە پێداویستیی خوێندن بۆ منداڵەکانیان بکڕن، بەرامبەر بە 82٪ لە هەولێر و 80٪ لە دهۆک.
ژنان چۆن باجی قەیرانەکە دەدەن؟
بەپێی توێژینەوەکە، قەیرانی مووچە بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ باری سەر شانی ژنانی قورستر کردووە؛ لە کاتێکدا پیاوان بەدوای کاری دووەمدا دەگەڕێن، بارگرانیی هەڵسوڕاندنی ناوماڵ و ئارامکردنەوەی خێزان دەکەوێتە ئەستۆی ژنان. ئامارەکان دەریدەخەن کە 88٪ـی ژنان دووچاری گوشاری دەروونیی قورس بوونەتەوە بەهۆی سەختی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی نێو ماڵ (بەرامبەر بە 80٪ی پیاوان).
هەروەها 87٪ـی ژنان لە پێناو دابینکردنی پێداویستیی منداڵ و خێزانەکانیاندا، بە تەواوی دەستبەرداری خەرجییە کەسییەکانی خۆیان بوون (بەرانبەر بە 81٪ی پیاوان)، و 82٪ـی ژنان دەڵێن لە کاتی دواکەوتنی مووچەدا تێکڕای بەرپرسیارێتیی دابەشکردنی بودجەی کەم و کەشوهەوای ماڵیان کەوتووەتە ئەستۆ. لە کاتێکدا 78٪ـی پیاوان بەدوای کاری زیادەدا گەڕاون، 55٪ـی ژنانیش ناچار بوون روو لە کاری کاتی و دەستڕەنگینی بکەن لە نێو ماڵەکانیانەوە. دەرەنجامی ئەم گوشارانە بووەتە هۆی ئەوەی کە 61٪ـی بەشداربووان ئاشکرای بکەن کە کێشەی دارایی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی و تێکچوونی پەیوەندیی نێوان هاوسەرەکان، و ئەم کاریگەرییە نەرێنییە لەسەر هاوسەرگیری لە سلێمانی گەیشتووەتە 65٪ و لە هەولێر و هەڵەبجە 63٪ـە.
کێ زیاتر زیانی بەرکەوتووە؟
توێژینەوەکە بەراوردی لە نێوان دوو جۆر خێزاندا کردووە تا ئاستی کاریگەرییەکان ڕوونتر ببنەوە. دەرکەوتووە ئەو خێزانانەی تەنیا پشتیان بە یەک مووچەی حکومی بەستووە، 95٪ـیان کەوتوونەتە ژێر قەیرانی سەختی بژێوی، 83٪ـیان قەرزیان کردووە، و 86٪ـیان دەستبەرداری خۆراکی تەندروست بوون.
بەڵام لە بەرانبەردا، ئەو خێزانانەی سەرچاوەی دیکەی داهاتیان هەبووە، بارگرانییەکەیان کەمتر بووە؛ بە جۆرێک 83٪ـیان کێشەیان بۆ دروستبووە و 64٪یان پەنایان بۆ قەرز بردووە. ئەم جیاوازییە گەورەیە دەریدەخات کە نەبوونی سەرچاوەی فرەچەشنی داهات، خێزانەکانی هەرێمی کوردستان کوردستانی لە ئاستی بەرگەگرتنی تەنگژەکاندا تەواو لاواز کردووە.
کەرتی گشتی ڕووبەڕووی پەککەوتن بووەتەوە
دواکەوتنی مووچە تەنها خێزانەکانی دانەپڵۆسیوە، بەڵکو هۆکاری سەرەکیی کەڵەکەبوونی قەرزی خزمەتگوزارییەکان بووە لەسەر هاووڵاتییان. 82٪ـی خێزانەکان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی نەختینەوە لە کاتی خۆیدا نەیانتوانیوە پارەی پسوولە مانگانەکانی (کارەبا، ئاو و ئینتەرنێت) بدەن. لە ئاستی پارێزگاکاندا، زۆرترین رێژەی نەدانی پسوولە لە هەڵەبجە (92٪) و پاشان لە سلێمانی (82٪)، هەولێر (78٪) و دهۆک (75٪) تۆمارکراوە، کە ئەمەش خێزانەکانی ڕووبەڕووی بڕینی خزمەتگوزاری یان کەڵەکەبوونی ملیۆنان دینار قەرز کردووەتەوە. هاوکات، کەرتی گشتی بەهۆی ڕاگرتنی دامەزراندن بۆ ماوەی 10 ساڵ بەرەو پەککەوتن چووە و ڕێژەی گەنجان تێیدا کەمبووەتەوە.
چاوپێکەوتن لەگەڵ هەشت بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان (تەندروستی، پەروەردە، کارەبا، شارەوانی و ئاو) چەندین گرفتی قووڵی دامەزراوەیی تری دەرخستووە:
قەیرانی خانەنشینبوون و نەبوونی میلاک: بەهۆی دابەزاندنی تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ بەپێی یاسای عێراق، شەپۆلێکی گەورەی فەرمانبەران خانەنشین بوون و فەرمانگەکان بەدەست نەبوونی کارمەندی شارەزاوە دەناڵێنن.
پاشەکشەی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکان: نەخۆشخانە حکومییەکان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ماددەی پشکنینی تاقیگەیی، فیلمی تیشکی ئێکس (X-ray) و سۆناردا پەکیان کەوتووە، ئەوەش هاووڵاتییانی ناچار کردووە ڕوو لە کەرتی تایبەت بکەن.
گۆڕینی سیستمی دەوام: بەهۆی بایکۆت و نەبوونی کرێی هاتووچۆی فەرمانبەران، دەوامی ڕۆژانە گۆڕدراوە بۆ “نۆرە و شەفت” و کاتەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کەمکراونەتەوە.
سەپاندنی رسووماتی نوێ بەسەر هاووڵاتییاندا: بەهۆی نەبوونی بودجەی بەکارخستن، وەزارەتەکان ناچار بوون رسوومات و باجی نوێ بەسەر خزمەتگوزارییە گشتییە بێبەرامبەرەکانی پێشتردا (وەک تەندروستی و شارەوانی) بسەپێنن.
توێژینەوەکە لە کۆتاییدا تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییە نادیارەکانی ناو خێزان و دەڵێت؛ 76٪ـی پیاوان و 71٪ـی ژنان پێیان وایە کەمبوونەوەی داهات توانای دایکان و باوکانی لاواز کردووە لە چاودێریکردنی تەندروستی و پەروەردەی منداڵەکانیاندا. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییەش، 73٪ـی پیاوان و 72٪ـی ژنان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاستی بەشداریکردنی ژنان لە کەرتی نافەرمیدا (وەک دروومان، خواردن دروستکردن لە ماڵەوە، یان کاری دەستی) بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە تا ببنە فریادڕەسی کۆتایی خێزانەکانیان.



