ئابووری
ئاراستەکان

نزیکەی ٢٢ هەزار کرێکار لە دامەزراوە پیشەسازییەکاندا بەبێ دەستەبەری کاردەکەن

زێدپرێس

بەپێی ڕووپێوییەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، نزیکەی ٢٢ هەزار کرێکار لە دامەزراوە پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن و زۆرینەی هەرە زۆریان هیچ دەستەبەرییەکیان نییە. زۆرینەی کرێکاران لە ڕەگەزی نێرینەن. خاوەنداریەتی زۆرینەی دامەزراوەکان بۆ کەرتی تایبەت دەگەڕێتەوە و لەڕووی شوێنگەی جوگرافی دامەزراوەکانیشەوە، زۆرینەیان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێرن.

 

پۆلێنکردنی دامەزراوە پیشەسازییەکان

دامەزراوە پیشەسازییەکان بەپێی ژمارەی کرێکارەکانیان، بەسەر دامەزراوەی پیشەسازی گەورە، مامناوەند، بچووک و زۆر بچووکدا پۆلێن دەکرێن. دامەزراوە پیشەسازییە گەورەکان ئەو دامەزراوانەن کە سەرووی ٣٠ کرێکاریان هەیە. لەکاتێکدا دامەزراوە پیشەسازییە مامناوەندەکان بەو دامەزراوانە دەگوترێن کە لە نێوان (١٠-٢٩) کرێکاریان هەیە و دامەزراوە بچووکەکان لە نێوان (٤-٩) کرێکار و دامەزراوە زۆر بچووکەکان لە نێوان (١-٣) کرێکاریان هەیە.

بەپێی دوایین ڕووپێوی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ئەنجامدراوە، ژمارەی دامەزراوەکانی پیشەسازییە گەورەکان ١٢٨ دامەزراوەن، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٨ ژمارەیان ١٣٢ دامەزراوە بوو، بەو پێیەش بەڕێژەی (٣.٠٣٪)ی دامەزراوە پیشەسازییە گەورەکان کەم بوونەتەوە.

پیشەسازی بەرهەمە خۆراکییەکان (٤١) دامەزراوەی پیشەسازی لەخۆدەگرێت کە ڕێژەی (٣٢٪)ی کۆی دامەزراوە پیشەسازییە گەورەکان لەخۆدەگرێت، چالاکییە پیشەسازییە نافلزییەکان (٢١) دامەزراوە و کۆی چالاکییەکانی دی (٦٦) دامەزراوە پێکدێنن.

ژمارەی دامەزراوە پیشەسازییە مامناوەندەکان (٣٩٦) دامەزراوەن، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٨ ژمارەیان (٣٧٥) دامەزراوە بوو، لەبەرئەوە بەرزبوونەوەیەک بەڕێژەی (٥.٦٪) تۆمار کراوە. ئەو بەرزبوونەوەیە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ بچووکبوونەوەی دامەزراوە پیشەسازییە گەورەکان و هاتنە خوارەیان بۆ ئاستی مامناوەند.

لەڕووی چالاکییەوە، ١٥٩ دامەزراوەی پیشەسازی مامناوەند پیشەسازی بەرهەمە نافلزییەکان، ١١٤ دامەزراوەی پیشەسازی خۆراک و کۆی چالاکییەکانی دی ١٢٣ دامەزراوە لەخۆدەگرن.

لەو ڕووپێویەی ساڵی ٢٠٢٢ پێوەست بە دامەزراوەکانی مامناوەند، بچووک و زۆر بچووک لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، تێکڕای ژمارەی دامەزراوەکان بە دوو هەزار و ١٦ دامەزراوە لە هەر سێ پۆلەکەدا دەستنیشان کراوە. لەناویاندا هەزار و ٨٧٥ دامەزراوە بە زۆر بچووک پۆلێن کران و ١٢٧ دامەزراوەی دی بە دامەزراوەی بچووک و تەنیا ١٤ دامەزراوە بە دامەزراوەی مامناوەند تۆمار کراون.

 

ژمارەی کرێکاران

لەکۆی دامەزراوەکانی پیشەسازی گەورەدا، ١٢ هەزار و ٧١٣ کرێکار بە کرێ کار دەکەن، لەکاتێکدا (٥٠) کرێکاری دی بەبێ کرێ کار دەکەن، ئەوانە خاوەنکار یان یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەیین. بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ دابەزینێک بەڕێژەی (٠.٢٪) لە ژمارەی کرێکارانی پیشەسازییە گەورەکان تۆمار کراوە، لەکاتێکدا لەو ساڵەدا ١٢ هەزار و ٧٣٧ کرێکار کاریان دەکرد.

بەهای کرێ و پاداشتەکان بۆ کرێکارانی پیشەسازی گەورە لە ساڵی ٢٠٢٠دا، (١٥٩.٧) ملیار دینار بووە، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ کە بەهایەکە ١٧٠ ملیار دینار بووە. دابەزین لە بەهای بەرهەمی پیشەسازییە گەورەکان لە ماوەی نێوان ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠ بەڕێژەی (١٧.٦٪) تۆمار کراوە.

هەرچی پێوەندی بە ژمارەی کرێکاران لە دامەزراوە پیشەسازییە مامناوەندەکان هەبێت، پێنج هەزار و ٤٤١ کرێکاریان لەخۆگرتووە، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٨ بەدیاریکراوی پێنج هەزار و ٤٠١ کرێکاریان لەخۆگرت بوو، بەوەش تاڕادەیەک ژمارەی کرێکاران لە دامەزراوە پیشەسازییە مامناوەندەکان بەرز بووەتەوە.

تێکڕای کرێ و پاداشتی کرێکاران لە دامەزراوە پیشەسازییە مامناوەندەکاندا بە (٣٥) ملیار دینار دەستنیشانکراوە، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٨ بە (٣٨) ملیار دینار خەمڵێندرا بوو، بەوەش دابەزین لە بەهای کرێ و پاداشتی کرێکاران ڕوویداوە.

هەرچی پێوەندی بە ژمارەی کرێکاران لە دامەزراوە پیشەسازییە زۆر بچووکەکان هەبێت، ژمارەیان بە دوو هەزار و ٩٧٦ کرێکار دەستنیشانکراوە و ژمارەی کرێکارانیش لە دامەزراوە بچووکەکاندا بە ٦٥٦ کرێکار دەستنیشان کراوە.

بەو پێیە بێت، بە تێکڕای دامەزراوە پیشەسازییەکان لە گەورە، مامناوەند، بچووک و زۆر بچووکدا ٢١ هەزار و ٨٣٦ کرێکاریان لەخۆگرتووە.

 

دابەشبوونی دامەزراوە پیشەسازییەکان

بەڕێژەی (٤٤٪)ی دامەزراوە پیشەسازییە گەورەکان لە پارێزگای هەولێر، ڕێژەی (٤١٪)یان لە پارێزگای سلێمانی و ڕێژەی تەنیا (١٥٪)یان لە پارێزگای دهۆکن.

هەرچی پێوەندی بە دابەشبوونی دامەزراوە پیشەسازییە مامناوەندەکانەوە هەبێت، بەڕێژەی (٥٤٪) دامەزراوەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەڕێژەی (٢٥٪)یان لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەڕێژەی (٢١٪)یان کەوتوونەتە سنووری پارێزگای دهۆکەوە.

لە کۆی هەزار و ٨٧٥ دامەزراوەی پیشەسازی زۆر بچووکدا، (٦٩٣) دامەزراوە لە پارێزگای سلێمانی، (٦٣٤) دامەزراوە لە پارێزگای هەولێر، (٥١٢) دامەزراوە لە پارێزگای دهۆک و (٣٦) دامەزراوە لە پارێزگای هەڵەبجە بوون.

هەروەها لەکۆی ١٢٧ دامەزراوەی پیشەسازی بچووکدا، (٤٩) دامەزراوە لە پارێزگای هەولێر، (٤٤) دامەزراوە لە پارێزگای سلێمانی، (٣٢) دامەزراوە لە پارێزگای دهۆک و تەنیا دوو دامەزراوەیش لە پارێزگای هەڵەبجە بوون.

 

خاوەنداریەتی دامەزراوە پیشەسازییەکان

خاوەنداریەتی دامەزراوە پیشەسازییە گەورەکان بەسەر کەرتەکانی گشتی، تایبەت و تێکەڵاودا دابەش دەبێت. لەکۆی ١٢٨ دامەزراوەی پیشەسازی گەورەدا، (١١٩) دامەزراوە خاوەنداریەتیان بۆ کەرتی تایبەت، (٨) دامەزراوە کەرتی گشتی و تەنیا یەک دامەزراوەش لەلایەن کەرتی تێکەڵاوەوە، خاوەنداریەتی دەکرێت.

هەرچی پێوەندی بە خاوەنداریەتی دامەزراوەکانی مامناوەند، بچووک و زۆر بچووکەوە هەبێت، بەڕێژەی (٨٥٪)ی دامەزراوەکان لەلایەن تاکەکەسەوە، بەڕێژەی (١٤.٢٪)یان کەرتی گشتی و بەڕێژەی (٠.٨٪)یان خاوەنداریان بۆ کەرتی هاوبەش یان تێکەڵاو دەگەڕێتەوە.

 

ڕەگەزی خاوەنکار و کرێکارانی دامەزراوەکان

هەرچەند لە ڕووپێوی پێوەست بە دامەزراوە پیشەسازییە گەورە و مامناوەندەکاندا، ڕەگەزی خاوەنداری دامەزراوەکان و کرێکارەکانیان تۆمار نەکراوە، بەڵام لە ڕووپێوی پێوەست بە دامەزراوە بچووک و زۆر بچووکەکاندا، ڕەگەز یان جۆری کۆمەڵایەتی خاوەنکار و کرێکاران تۆمار کراوە.

بەڕێژەی (٩٧٪)ی خاوەنکار و کرێکارانی دامەزراوەکان لە ڕەگەزی نێرینە و تەنیا بەڕێژەی (١٣٪)یان لە ڕەگەزی مێینەن.

هیچ گومانێکیش لەوەدا نییە کە زۆرینەی هەرە زۆری خاوەنکار و کرێکاران لە دامەزراوە پیشەسازییە گەورە و مامناوەندەکاندا لە ڕەگەزی نێرینەن.

 

دەستەبەرییەکانی کرێکاران لە دامەزراوەکاندا

تەنیا ڕووپێوی تایبەت بە دامەزراوە زۆر بچووک، بچووک و مامناوەندەکان تیشکی خستووەتە سەر دەستەبەرییەکانی کرێکاران لەو دامەزراوانەدا. بەپێی ڕووپێوییەکە بەڕیژەی (٩٨.٨٠٪)ی کرێکاران هیچ جۆرە دەستبەرییەکیان نییە، بەڕێژەی (٠.٨٠٪)یان دەستەبەری قەرەبووکردنەوەی کرێکارانیان هەیە، بەڕێژەی (٠.٣٠٪)یان دەستەبەری تەندروستیان هەیە، بەڕێژەی (٠.١٠٪) دەستەبەری موڵکدارییان هەیە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...