ئابووری
ئاراستەکان

وەبەرهێنان نادادی جوگرافی لە کوردستان دروست کردووە

زێدپرێس- ڕێبین فەتاح

ئێستا ١٦ ساڵ بەسەر پیادەکردنی یاسای وەبەرهێناندا تێپەڕدەبێت. وەبەرهێنان بەگشتی، نادادییەکی گەورەی جوگرافی لە هەرێمی کوردستاندا دروست کردووە و هۆکارەکەیش بۆ نائامادەیی بەشداری حکوومەت لە داڕشتنی ستراتیژیەتی وەبەرهێنان و دەستکراوەیی کەرتی تایبەت دەگەڕێتەوە. گوژمەی وەبەرهێنان لە پارێزگای هەولێر، زیاترە لە تێکڕای گوژمەی وەبەرهێنان لە هەموو کوردستاندا. سەرنجڕاکێشە، کە لەماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا، هیچ وەبەرهێنەرێکی بیانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین، بەڕاستەوخۆ و بە تەنیا وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری نەکردووە.

 

پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە کوردستان

بەگوێرەی ئاماری فەرمی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٠٦ەوە کە پاڵپشت بە یاسای وەبەرهێنان، دەست بە پێدانی مۆڵەت بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان کرا، تا ئێستا، هەزار و ٥٧ پرۆژە مۆڵەتیان لە دەستەی وەبەرهێنان وەرگرتووە، کە بەشێکیان جێبەجێکراون و بەشێکیان لە ژێر جێبەجێکردندان، جگەلەوەی بەشێک لە پرۆژەکان بەهۆی شکست و کێشەی وەبەرهێنەرەکانەوە، کارکردن تێیاندا ڕاگیراوە و چەندین ساڵە کاریان تێدا ناکرێت.

گوژمەی تەواوی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، ٦٦ ملیار و ١٥١ ملیۆن و ٥١٠ هەزار و ٢٢٣ دۆلاری ئەمریکییە.

 

سێکتەرەکانی وەبەرهێنان

پرۆژەکانی وەبەرهێنان بەسەر ١٣ سێکتەری جیاوازدا دابەش دەبن، کە پێکدین لە سێکتەرەکانی بازرگانی، بانک، تەندروستی، پیشەسازی، خزمەتگوزاری، گەشتیاری، گەیاندن، گواستنەوە، فێرکردن، کشتوکاڵ، نیشتەجێبوون، هونەری و وەرزشی.

سێ گەورەترین سێکتەری وەبەرهێنان بەپێی ژمارەی پرۆژە و بڕی سەرمایە، پێکدێن لە سێکتەری پیشەسازی کە ٢٧١ پرۆژە لەخۆدەگرێت بە گوژمەی ٢٣ ملیار و ٨٧٠ ملیۆن و ٥٩٢ هەزار و ٩٣٢ دۆلار؛ سێکتەری نیشتەجێبوون کە ١٩١ پرۆژە لەخۆدەگرێت بە گوژمەی ١٧ ملیار و ٧٩٠ ملیۆن و ٨٦٤ هەزار و ٦٣٢ دۆلار و لە پلەی سێیەمیشدا سێکتەری گەشتیاری دێت کە ١٨٣ پرۆژە لەخۆدەگرێت بە گوژمەی ١٤ ملیار و ٩١٤ ملیۆن و ٣٠٩ هەزار و ٣٢٤ دۆلاری ئەمریکی.

گرووپی دووەمی سێکتەرە پەرەپێدراوەکان لە زۆرترین گوژمە و بڕی سەرمایە لە خۆدەگرن، سێکتەرەکانی بازرگانی، تەندروستی و کشتوکاڵی دەگرێتەوە. لە سێکتەری بازرگانیدا ١٩٦ پرۆژە مۆڵەتی وەرگرتووە بە گوژمەی چوار ملیار و ٨٧٦ ملیۆن و ٦٤٤ هەزار و ٥٨٨ دۆلاری ئەمریکی. لە سێکتەری تەندروستیدا ٦٥ پرۆژە بە گوژمەی ملیارێک و ١١٤ ملیۆن و ٣٩٧ هەزار و ٦١٩ دۆلار مۆڵەتیان پێدراوە و لە سێکتەری کستوکاڵیشدا ٣٦ پرۆژە بە گوژمەی ملیارێک و ١٩ ملیۆن و ٥٦٣ هەزار و ٤٥٤ دۆلاری ئەمریکی، مۆڵەتیان پێدراوە.

وەک دەردەکەوێت، ژمارەی پرۆژەکان زۆر پێوەست نییە بە قەبارەی پرۆژە و گوژمە و تێچووی پرۆژەکانەوە، لەکاتێکدا دەگونجێت پرۆژەی بچووک بچووک لە سێکتەرێکدا هەبن و ژمارەکە بەرز بکەنەوە، بەڵام لەڕووی گوژمە و قەبارەوە، سەرمایەکانیان زۆر کەمتر دەبێتەوە بەراورد بە سێکتەرە پەرەپێدراوەکان.

گرووپی سێیەم لە سێکتەرەکانی وەبەرهێنان، سێکتەرەکانی بانک، خزمەتگوزاری، گەیاندن، گواستنەوە، فێرکردن، هونەری و وەرزشی دەگرێتەوە. سێکتەری فێرکردن لەو گرووپەدا بە ٥٢ پرۆژە و ٩٩٥ ملیۆن و ٣٦٠ هەزار و ٥٥٠ دۆلار پلەی یەکەم وەردەگرێت. لە پلەی دووەمدا سێکتەری بانکەکان دێت کە شەش پرۆژە و گوژمەی ٧٧٦ ملیۆن و ٩٧ هەزار و ٦٦١ دۆلار لەخۆدەگرێت. لە پلەی سێیەمدا سێکتەری خزمەتگوزاری دێت کە ١٤ پرۆژە و گوژمەی ٢٩٨ ملیۆن و ١٩٤ هەزار و ٦٩٣ دۆلار لەخۆدەگرێت. پاشان سێکتەری گەیاندن کە پێنج پرۆژە و گوژمەی ٢١٣ ملیۆن و ٦٦٥ هەزار و ٧٣٧ دۆلار لەخۆدەگرێت. سێکتەری گواستنەوە سێ پرۆژە و گوژمەی ١٣٠ ملیۆن و ٧٠٤ هەزار دۆلار لەخۆدەگرێت، سێکتەری وەرزشیش ٣١ پرۆژە و گوژمەی ١٣٢ پرۆژە و ٣٣٠ هەزار و ٥٦٦ دۆلار لەخۆدەگرێت و دوایین سێکتەریش سێکتەری هونەرییە کە تەنیا چوار پرۆژە و گوژمەی ١٨ ملیۆن و ٧٨٤ هەزار و ٤٦٧ دۆلار سەرمایەگوزاری تێدا کراوە.

وەک دەردەکەوێت ناهاوسەنگییەکی زۆر لە دابەشبوونی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بەسەر سێکتەرە جیاجیاکاندا هەیە. ئەو ناهاوسەنگییە پێوەستە بە باڵادەستی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران لە داڕشتنی سیاسەتی وەبەرهێناندا، بە جۆرێک کە بەپێی ڕادەی قازانجەکانیان، دەست لەسەر سێکتەرەکان دادەنێن.

 

نادادی جوگرافی لە وەبەرهێناندا

پرۆژەکانی وەبەرهێنان نادادییەکی جوگرافییان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دروست کردووە. لەبەرئەوەی هەر لە سەرەتاوە، نەخشەکێشانی وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێنەران لە کەرتی تایبەت یەکلا کراوەتەوە و حکوومەت کەمترین بەشداری لە بڕیاردان لە سێکتەرەکانی وەبەرهێنان و شوێنی جێبەجێکردنی پرۆژەکان هەبووە. لەکاتێکدا بەگوێرەی یاسای وەبەرهێنان، دەبێت ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان نەخشە، پلان و ستراتیژیەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دابڕێژێت.

بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان لە کۆی هەزار و ٥٧ پرۆژەی وەبەرهێنان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، پارێزگای هەولێر ٤٧٣ پرۆژە، پارێزگای دهۆک ٢٨٥ پرۆژە، پارێزگای سلێمانی ٢٤٠ پرۆژە، ناوچەی گەرمیان ٣٦ پرۆژە، دەڤەری ڕاپەڕین ١٩ پرۆژە و پارێزگای هەڵەبجەش تەنیا چوار پڕۆژەی وەبەرهێنانی بەرکەوتووە.

نادادییەکە کاتێک زەقتر دەبێتەوە، کاتێک سەرنج لە گوژمەی پڕۆژەکان و بڕی سەرمایەگوزاری لە هەریەک لە پارێزگا و دەڤەرەکان دەدەین. لە کۆی ٦٦ ملیار و ١٥١ ملیۆن دۆلار لە سەرمایەی گشت پرۆژەکانی وەبەرهێنان، پارێزگای هەولێر ٤١ ملیار و ٦٩٩ ملیۆن و ٩٣٤ هەزار و ٩١٩ دۆلاری بەرکەوتووە، پارێزگای سلێمانی ١٦ ملیار و ٨٤٠ ملیۆن و ٩٦٤ هەزار و ٣٢ دۆلاری بەرکەوتووە، پارێزگای دهۆک شەش ملیار و ٥٦١ ملیۆن و ٥٦٣ هەزار و ٧٨٦ دۆلاری بەرکەوتووە. لە بەرانبەردا تێکڕای گوژمەی وەبەرهێنان لە گەرمیان ٧٧٧ ملیۆن و ٩٤٤ هەزار و ٣٠٤ دۆلار، لە دەڤەری راپەڕین ٢٥٣ ملیۆن و ٩٥٨ هەزار و ١٨٢ دۆلار و لە پارێزگای هەڵەبجەیش تەنیا ١٧ ملیۆن و ١٤٥ دۆلار سەرمایەی وەبەرهێنان بووە.

ئەگەر لەڕووی ژمارەی پرۆژەکانەوە سەرنج بدەین، ژمارەی پرۆژەکانی دهۆک زۆر زیاترن لە ژمارەی پرۆژەکانی سلێمانی، بەڵام هەڵسەنگاندن بە ژمارەی پرۆژەکان ناکرێت، چونکە دەگونجێت سەدان پرۆژەی بچووک هەبن، بارتەقای یەک پرۆژەی گەورە. لەبەر ئەوە، هەرچەند دهۆک لەڕووی ژمارەی پرۆژەکانەوە لە پێش پارێزگای سلێمانییە، بەڵام گوژمەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە دوو ئەوەندە و نیوی پارێزگای دهۆکە.

تەنیا گوژمەی پرۆژەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، زیاترە لە تێکڕای سەرمایەی پرۆژەکان لە پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین.

ئاستێکی دیکەی ئەو نادادییە جوگرافییەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دروستی کردووە، ئەوەیە کە زۆرینەی پرۆژەکان لە ناوەندی شارە گەورەکان یان لە بەشێکی ناوەندی شارە گەورەکان جێبەجێکراون، ناوچە دوورەدەست و پەراوێزەکان، بەدەگمەن پرۆژەیەکیان بەرکەوتووە.

 

بەشداری لاوازی وەبەرهێنی بیانی

هەرچەند یاسای وەبەرهێنان لە کوردستان، لەڕووی ماف و جیاوکەکانەوە، وەبەرهێنی بیانی هاوتای وەبەرهێنی خۆماڵی یان نیشتمانی دەکات، بەڵام وەک لە داتاکانی دەستەی وەبەرهێناندا دەردەکەوێت، کەمترین سەرمایەگوزاری بیانی لە هەرێمی کوردستان کراوە.

لەکۆی ٦٦ ملیار و ١٥٢ ملیۆن دۆلاری گوژمەی وەبەرهێنان لە سەرتاسەری کوردستاندا، ٥٢ ملیار و ٤٦٥ ملیۆن دۆلار سەرمایەی نیشتمانی، ١٠ ملیار دۆلار سەرمایەی بیانی و سێ ملیار و ٦٨٤ ملیۆن دۆلاریش سەرمایەی هاوبەشی نیشتمانی و بیانییە لە پڕۆژە هاوبەشەکاندا. لەسەر ئەو بنەمایە، بەڕێژەی ٧٩.٣١٪ی تێکڕای سەرمایەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا، سەرمایەی نیشتمانییە و تەنیا ڕێژەی ١٥.١٢٪ی گوژمەی وەبەرهێنان لە سەرمایەی بیانی پێکدێت، لەپاڵ ڕێژەی ٥.٥٪ی سەرمایەکە کە سەرمایەی هاوبەشی بیانی و نیشتمانییە. لە هەموو حالەتێکدا ڕێژەی بەشداری وەبەرهێنی بیانی لە سەرمایەگوزاری لە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا لە ١٧٪ تێپەڕ ناکات.

یەکێک لە ئەنجامە سەرنجڕاکێشەکان ئەوەیە، کە سەرەڕای ئەوەی وەبەرهێنان لە ڕاکێشانی سەرمایەی بیانیدا زۆر سەرکەوتوو نەبووە، هێشتا، هەموو وەبەرهێنە بیانییەکان، پڕۆژە و سەرمایەگوزاری خۆیان تەنیا لە دوو پارێزگای هەولێر و دهۆک چڕ کردووەتەوە، بەجۆرێک هیچ وەبەرهێنەرێکی بیانی بە ڕاستەوخۆ سەرمایەگوزاری لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین نەکردووە. بەڵکوو وەبەرهێنەرە بیانییەکان لە هەموو ئەو پارێزگا و یەکە کارگێڕییە سەربەخۆیانەدا، بەهاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنی خۆماڵی سەرمایەگوزارییان کردووە.

داتا و ژمارەکان تەنیا واقیعەکەمان پیشان دەدەن، بەڵام هۆکاری دروستبوونی دۆخەکە ڕوون ناکانەوە، هێشتا ئەو ئەنجامە، پێویستی بە بەدواداچوونی تایبەت هەیە، بۆ دەرخستنی ئەو هۆکارانەی وایانکردووە، وەبەرهێنی بیانی هاوشێوەی هەولێر و دهۆک، سەرمایەگوزاری ڕاستەوخۆ و بە تەنیا لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین نەکات.

 

بەشداری حکوومەت لە وەبەرهێناندا

هەرچەند لە ساڵانی سەرەتای پیادەکردنی یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا و تا ماوەیەکی درێژ، حکوومەت خۆی لە سەپاندنی پلان و نەخشەی وەبەرهێنان بەدووردەگرت، یان ئەوەی دەستێوەردانێکی لە ئاڕاستەکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەڕووی سێکتەر و شوێنگەی جێبەجێکردنیانەوە نەدەکرد، بەڵام لە ساڵانی دواتردا و بە هەستکردن بەو ڕاستییەی کە بەبێ بەشداری حکوومەت، لە ئاڕاستەکردن و نەخشەکێشانی وەبەرهێناندا، وەبەرهێنان ئامانجەکانی خۆی ناپێکێت، حکوومەتی هەرێم چەند ڕێوشوێنێکی لەبەرگرتووە، بە ئاڕاستەی دەستێوەردان لە پلانی وەبەرهێناندا. ئەو دەستێوەردانە، بەگشتی خۆی لە ئاڕاستەکردنی وەبەرهێنان بۆ کارکردن لە سێکتەرەکانی پیشەسازی، بازرگانی و گەشتیاریدا دەبینێتەوە، لەپاڵ سنووردارکردنی مۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە چەند قۆناغێکی دیاریکراودا.

تا چەند ساڵێک پێش ئێستا، پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لەڕووی ژمارە و گوژمەوە، قەبارەی هەرە گەورەی وەبەرهێنانیان پێکدەهێنا. سەرمایەدار و وەبەرهێنەران هەموو خواستی خۆیان لەسەر وەبەرهێنان لە سێکتەری نیشتەجێبووندا چڕ کردبووەوە، لانیکەم دوو هۆکاری کاریگەر هەبوون: یەکەم: خولانەوەی سەرمایە لە کەرتی نیشتەجێبووندا خێرایە، وەبەرهێنەر دەتوانێت لە ماوەیەکی کورت و خێرادا سەرمایەیەک بەگەڕبخات و تێچوو و قازانجەکەیشی بەخێرایی وەربگرێتەوە؛ دووەم: وەبەرهێنەران هەرزوو ئەو کەلێن و بۆشاییانەیان لە یاسای وەبەرهێناندا دۆزیەوە، کە یارمەتییان دەدات، تەنانەت بەبێ بەگەڕخستنی سەرمایەیش، سەرمایەگوزاری بکەن. ئەوەی لەسەر ئەوان پێویست بوو، تەنیا وەرگرتنی مۆڵەتی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون بوو، هەر لەگەڵ وەرگرتنی مۆڵەتی پڕۆژەکە، پێش ئەوەی لەسەر زەوی، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و هەر خەرجییەک بکەن، دەستیان بە فرۆشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکرد. ئەوان بەش بەش پارە لە کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون وەردەگرن و هەر بەو پارەیەش دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکەن و قازانجەکەیش هەڵدەگرنەوە. ئەو پڕۆسەیە، وەک “بەگەڕخستنی سەرمایە” گرنگە، بەڵام دەرفەت دەدات بە هەڵتۆقینی ژمارەیەک سەرمایەدار لەسەر حیسابی سەرمایەی خەڵک. خاڵی نەرێنی تر ئەوە بوو، کە ئەوان چونکە لە بنەڕەتدا هیچ سەرمایەیەکیان نەبوو(لەڕاستیدا سەرمایەدار نەبوون)، ژمارەیەکیان هەر لە سەرەتاوە، شکستیان هێنا لە تەواوکردنی پڕۆژەکانیان، سەرەڕای وەرگرتنی بڕە پارەکانی پێشەکی و بەشەکییەکانی دواتر لە کڕیارانی یەکەکان.

چونکە لە پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێناندا، هیچ ڕێنماییەک نەبوو، کە پێداگیری لەسەر (پێشینە) و (سەرمایە)ی وەبەرهێنەران بکاتەوە، ئەوە دەرفەتی زیاتری دروستکرد، بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە گوژمەی سەدان ملیۆن دۆلار، لەلایەن کەسانێکەوە، بەبێ ئەوەی بچووکترین پێشینەیان لە بواری وەبەرهێنان بەگشتی و لە سێکتەری نیشتەجێبووندا بەتایبەت هەبێت. بەڵکو وەبەرهێنان لەو بوارەدا، یاسا و پڕۆسەیەک بوو بۆ دروستکردنی سەرمایەدار.

شکستی ئەو مۆدێلە لە وەبەرهێنان، کە بریتی بوو لە بوون بە سەرمایەدار، بەبێ سەرمایەگوزاری، سەرەڕای ئەوەی زیانێکی گەورەی بە هاووڵاتیان و کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە چەندین پڕۆژەدا گەیاند، هۆکار بوو لەوەی لە ساڵی ٢٠١٢دا، مۆڵەتدان لە سێکتەری نێشتەجێبوون ڕابگیرێت(بە فەرمانی سەرۆکی پێشووی هەرێم) و لە چوارچێوەی ڕاگەیاندنی پڕۆژەکانی چاکسازی، کە نیشتەجێبوون یەکێک لە بوارە گرنگەکانی بوو.

پاشەکشەی وەبەرهێنان لەو ساڵانەدا و بە چەندین هۆکارەوە، وای لە حکوومەت کرد، جارێکی دی دەست بە مۆڵەتدانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بکرێتەوە، لەپێناو دروستکردنی جوڵەیەکی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریدا.

پێش ئەو قەیرانانەی بەهۆی شەڕی داعش و لێکەوتەکانییەوە دروست بوون، بیرۆکەیەک لە ئاستی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم و دەستەی وەبەرهێنان هەبوو، کە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە یەکجاری لە سێکتەری وەبەرهێنان بهێرێتە دەرەوە و بە دەستەیەکی دی بسپێدرێت، کە وەک ئەنجوومەنی باڵای پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون ناودەبردرا.

لەو ساڵانەی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێم و بەرپرسانی دۆسیەی وەبەرهێنان، هاندانێکیان دەستپێکردووە بۆ ئاڕاستەکردنی وەبەرهێنەران لە سێکتەرەکانی پیشەسازی، بازرگانی و گەشتیاریدا. ئەو هاندانە، کاریگەری هەبووە لە پێشکەوتنی هەر سێ سێکتەرەکەدا و بەجۆرێک بۆ یەکەمجار سێکتەری پیشەسازی، لە ڕووی قەبارە و گوژمەی وەبەرهێنانەوە، بە پێش سێکتەری نیشتەجێبوون دەکەوێت.

دەستێوەردانی حکوومەت لە دۆسیەی وەبەرهێناندا، کە خۆی لە هەبوونی پلان و نەخشەی وەبەرهێنان دەبینێتەوە، وەک دەردەکەوێت، ئەنجامی ئەرێنی دروست دەکات. ئەوەی وەک کێشەیەکی چارەسەرنەکراو دەمێنێتەوە، تێپەڕکردنی ئەو نادادییە جوگرافییەیە، کە لە قۆناغەکانی سەرەتای وەبەرهێنانەوە تا ئێستا دروستبووە، پێویست بە لەبەرگرتنی ڕێوشوێنی جددی دەکات لەلایەن حکوومەت و ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانەوە، دەبێت خاوەنداریەتی لە پلانێکی وەبەرهێنان بکرێت کە توانای بەدیهێنانی دادپەروەری هەبێت لە دابەشبوونی پڕۆژەکان، بەپێی ناوچە جوگرافییە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...