ئابووریكۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

پڕۆژەی ڕووناکی نزیکەی هەشت هەزار کەس بێکار دەکات

بەهۆی “پڕۆژەی ڕووناکی”یەوە نزیکەی هەشت هەزار کرێکار کە لەپاڵ مۆلیدە ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بێکار دەبن.

 

بەگوێرەی ڕووپێوێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، لە هەر سێ پارێزگەی هەولێر، دهۆک و سلێمانی، حەوت هەزار و ٣٥٤ مۆلیدەی کارەبایی ئەهلی هەیە، کە زۆرترینیان کەوتوونەتە پارێزگەی هەولێرەوە.

 

ڕووپێوییەکەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٢٣ ئامادە کراوە و پیشانی دەدات، بەکۆی گشتی حەوت هەزار و ٧٤٦ کرێکار لە مۆلیدە ئەهلییەکان کار دەکەن، کە سێ هەزار و ٩٠٨ کرێکاریان لە پارێزگەی هەولێر، دوو هەزار و ٤٠ کرێکار لە پارێزگەی سلێمانی و هەزار و ٧٩٨ کرێکاری دیکە لە مۆلیدە ئەهلییەکانی سنوری پارێزگەی دهۆک کار دەکەن، کە ٢٢٢ کرێکاریان بیانیین.

 

لەگەڵ جێبەجێکردنی “پڕۆژەی ڕووناکی” لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، مۆلیدە ئەهلییەکانی کارەبا هەڵدەگیرێن، تا ئێستا پڕۆژەکە لە ٢١ گەڕەکی شاری هەولێر جێبەجێ کراوە و لەو گەڕەکانەشدا نزیکەی ٤٠٠ مۆلیدەی ئەهلی کوژێنراونەتەوە.

لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا زۆرترین مۆلیدەی ئەهلی کەوتوونەتە پارێزگەی هەولێرەوە، کە سێ هەزار و ٧٧٦ مۆلیدەیە؛ لە پلەی دووەمدا پارێزگەی سلێمانی بە هەزار و ٧٥٩ مۆلیدە و لە پارێزگەی دهۆکیش هەزار و ٨١٩ مۆلیدە هەیە.

 

بەپێی بەرنامەی حکوومەتی هەرێم تا کۆتایی ساڵی داهاتوو “پڕۆژەی ڕووناکی” لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و بەو جۆرەیش مۆلیدە ئەهلییەکانی کارەبا هەڵدەگیرێن، بەوەش ئەو کرێکارانەی لەپاڵ مۆلیدە ئەهلییەکاندا کار دەکەن، دەرفەتی کارەکەیان لەدەست دەدەن.

 

یەکێک لە کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی، هەڵگرتنی مۆلیدە ئەهلییەکانە کە زیانێکی گەورەیان بە ژینگەی شارەکان بەتایبەت گەیاندووە، بەڵام وەک دەردەکەوێت لایەنی نەرێنی هەیە کە خۆی لە بێکاربوونی کرێکارانی مۆلیدەکان دەبینێتەوە.

 

حکوومەتی هەرێم خۆی دەڵێ، تەنیا کاریگەری کوژاندنەوەی ئەو ٤٠٠ مۆلیدەیە لە شاری هەولێر، هاوشێوەی نەهێشتنی ٦٠ هەزار بارهەڵگرە لەسەر شەقامەکان.

 

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان مۆلیدە ئەهلییەکان یەک ملیۆن و ٣١١ هەزار و ٥٩٨ هاوبەشیان هەیە، کە زۆرینەیان کەوتوونەتە سنوری پارێزگەی سلێمانییەوە. بەو هۆیەوە کە ٥٠٢ هەزار و ٢٢٠ هاوبەشی مۆلیدە ئەهلییەکان لە سنوری پارێزگەی سلێمانی، ٤٦١ هەزار و ٩٩٣ هاوبەشی مۆلیدە لە پارێزگەی هەولێر و ٣٤٧ هەزار و ٣٨٥ هاوبەشی مۆلیدەی ئەهلی کەوتوونەتە سنوری پارێزگەی دهۆکەوە.

 

ڕووپێوییەکە ڕوونیکردووەتەوە، داهاتی ساڵانەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ٧٢٦ ملیار دیناری عێراقی دەبێت.

 

مۆلیدە ئەهلییەکان بڕە سووتەمەنییەکی زۆر بەکاردەهێنن؛ لەماوەی لوتکەی کارکردن کە دەکەوێتە مانگەکانی نیسان تا تشرینی یەکەم، کە لەو ماوەیەدا مۆلیدەکان زیاتر کاردەکەن، بە تێکڕای گشتی ٣١١ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار و ٥٦٩ لیتر سووتەمەنی و لەماوەی دەرەوەی ماوەی لوتکەشدا بڕی ٤٤٣ ملیۆن و ٥٧١ هەزار و ٩٤٢ لیتر سووتەمەنیان بەکارهێناوە، کە بەشێوەیەکی ئاسایی مۆلیدەکان بە گازوایل کار دەکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button