ئابووری
ئاراستەکان

جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە فڕۆکەخانەکانیی هەولێر و سلێمانی دا

لەماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، ٢٣٨ هەزار و ٢٤١ جوڵەی فڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان هەبووە. لەو ژمارەیەدا، ١٦٦ هەزار و ٤٠٤ گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر (ڕێژەی ٧٠٪) و لە بەرانبەردا، ٧١ هەزار و ٨٣٧ گەشت (ڕێژەی ٣٠٪) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی. لەو ماوەیەدا، ٢١ ملیۆن گەشتیار لە هەردوو فڕۆکەخانەوە گەشتیان کردووە، کە زیاتر لە چوار ملیۆنیان لەڕێگەی هێڵەکانی فڕۆکەوانی تورکیا بووە و بەو جۆرەیش، بە ڕێژەی زیاتر لە ٢٢٪ی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکییەوە گەشتیان کردووە.

 

 

کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی

بەدرێژایی ساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠٢٢، لانیکەم حەوت کۆمپانیای فڕۆکەوانیی تورکی، لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی چالاک بوون. کۆمپانیاکان پێکدێن لە (تورکیش ئێرلاین، پێگاسۆس، ئەتڵەس گڵۆباڵ، سەن ئێکسپرێس، ئۆنەر ئێرلاین، تێلویند ئێرلاین و ئینتەر ئێرلاین). تورکیش ئێرلاین، پێگاسۆس و ئەتڵەس گڵۆباڵ لە دیارترینیان.

لانیکەم دوو لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی (تورکیش ئێرلاین و پێگاسوس ئیرلاین)، جگە لە گواستنەوەی گەشتیاران، وەکوو بارهەڵگر/کارگۆ چالاکن.

جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، لە جوڵەی سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بیانی زیاترە. ڕاستەوخۆ لە دوای کۆمپانیای فڕۆکەوانی عێراقی، پڕ جوڵەترین کۆمپانیای فڕۆکەوانین. لە هەندێک ماوەشدا ژمارەی گەشتیارانی فڕۆکەکانی سەر بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، لە ژمارەی ئەو گەشتیارانە زیاتر بووە، کە لە ڕێگەی کۆمپانیای فڕۆکەوانی عێراقی گەشتیان کردووە.

ئاسایی جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بەگشتی و لەو چوارچێوەیەشدا، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی تورکی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە هەمان جوڵەی فڕۆکەوانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەراورد ناکرێت.

 

گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

لە کۆی ٢٣٨ هەزار و ٢٤١ جوڵەی فڕۆکە لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان (هەولێر و سلێمانی)، لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١-٢٠٢٢ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ١٦٦ هەزار و ٤٠٤ جوڵەی فڕۆکە(هاتن و دەرچوون) هەبووە. ئەو ژمارەیە، بەڕێژەی ٧٠٪ی کۆی جوڵەی فڕۆکە لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، بە ٢٩ هەزار و ٣٥٢ گەشتی هاتن و دەرچوون بەشداریان کردووە و ئەوەش بەڕیژەی ١٨٪ لە کۆی گشتی جوڵەکانی فڕۆکەوانیی هاتن و دەرچوون لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێکدێنێت.

بەرزترین جوڵەی فڕۆکەوانی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە ساڵی ٢٠١٦دا تۆمار کراوە، کە ١٩ هەزار و ٨٠ جوڵەی هاتن و دەرچوون بووە، لەو ژمارەیەدا سێ هەزار و ٥٦٥ گەشت لەلایەن کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکییەوە ئەنجامدراون.

کەمترین جوڵەی فڕۆکەوانی، لە ساڵی ٢٠٢٠دا بووە، تەنیا شەش هەزار و ٥٤ گەشتی هاتن و دەرچوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا ژمارەکە بۆ زیاتر لە دوو هێندە و لە ساڵی ٢٠٢٣یشدا، جوڵەی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە ١٧ هەزار و ٨٩٦ گەشت، بەرزترین ئاستی پێوانەیی تۆمار دەکات، لە دوای ژمارە گەورەکەی ساڵی ٢٠١٦.

پاشەکشەی گەشتەکانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، لە ساڵی ٢٠٢٠دا، بۆ قەدەغەکردن و ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن تورکیا و بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەگەڕێتەوە. لەو ساڵەدا و بۆ ماوەیەکی کاریگەر، لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە وڵاتەکەیدا، لەبەریگرت، قەدەغەکردنی گەشتکردن بوو لە ٦٠ وڵاتی جیهانەوە و لەناویشیاندا عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە.

بەشداری کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا، بەردوام هەڵکشان و داکشانی بەخۆوە بینیوە. کەمترین جوڵە لە ساڵی ٢٠١٣دا تۆمار کراوە، کە تەنیا ٨٪ی کۆی گشتی جوڵەی فڕۆکەوانی دەگرێتەوە. بەرزترین ئاستی بەشداری کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی تورکیی لە جوڵەی گشتی فڕۆکەوانی لە هەولێر، ساڵی ٢٠١٩ تۆمار کراوە، بە چوار هەزار و ٨٨٢ گەشتی هاتن و دەرچوون و ئەوەش ڕێژەی ٣٣٪ی کۆی جوڵەی فڕۆکەوانی لەو ساڵەدا و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێکدێنێت.

جیا لە ساڵی ٢٠١٣، کە کەمترین ئاستی تێدا تۆمار کراوە، جوڵەی فڕۆکەکانی سەر بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، لە ساڵەکانی ٢٠١١، ٢٠١٤ و ٢٠٢٠ و ٢٠٢٢دا، لە نێوان ١١٪ تا ١٣٪ی کۆی گشتی جوڵەی فڕۆکەوانی بووە، لە هەریەک لەو ساڵانەدا. وەک دەردەکەوێت، بەشداری جوڵەی فڕۆکەوانی تورکی لە ساڵی ڕابردوودا، لە کورتی داوە.

 

Zed Press Analysis Turkish Flies Kurdistan زێدپرێس گرافیك شرۆڤه‌ هێلی ئاسمانی توركی له‌ كوردستان

 

جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی

لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١-٢٠٢٣، بە هەر حەوت کۆمپانیای فڕۆکەوانیی تورکی، ٢٩ هەزار و ٣٥٢ گەشتیی چوون و هاتنیان هەبووە؛ ١٤ هەزار و ٧١٠ گەشتی هاتن و بە هەمان شێوە ١٤ هەزار و ٧١٠ گەشتی ڕۆشتن. ئاسایی، جوڵەکانی هاتن و دەرچوون هاوتان.

 

Zed Press Analysis Turkish Flies Kurdistan زێدپرێس گرافیك شرۆڤه‌ هێلی ئاسمانی توركی له‌ كوردستان

 

لە ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٤ جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، وردە وردە گەشەی کردووە، بەڵام جوڵە گەورەکە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستی پێکردووە، ژمارەکە بۆ زیاتر لە دوو هێندەی ساڵی پێشتر بەرزبووەتەوە و لە ساڵانی دواتریشدا هەڵکشان و داکشان هەبووە.

زۆرترین جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، لەماوەی ئەو ١٢ ساڵەدا، لە ساڵی ٢٠١٩دا تۆمارکراوە. لەو ساڵەدا، چوار هەزار و ٨٨٢ گەشتی هاتن و دەرچوون هەبووە. هەروەک کەمترین جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا تۆمار کراوە، کە تەنیا بۆ ٧٨٤ گەشتی هاتن و دەرچوون لە کورتی داوە و ئەوەش گەڕانەوەیەکە بۆ ساڵانی پێش ٢٠١٥.

هەرچی پێوەندی بە ژمارەی ئەو گەشتیارانەوە هەبێت، کە لەو ١٢ ساڵەدا و لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، گەشتی هاتن و دەرچوونیان کردووە، بە تێکڕا سێ ملیۆن و ٧٦٧ هەزار و ٢٩١ گەشتیار بوون. ئەو ژمارەیە دابەش دەبێتە سەر ملیۆنێک و ٨٠٥ هەزار و ٨٣٢ گەشتاری هاتوو، لە بەرانبەر ملیۆنێک و ٩٦١ هەزار و ٤٥٧ گەشتیاری دەرچوو.

 

Zed Press Analysis Turkish Flies Kurdistan زێدپرێس گرافیك شرۆڤه‌ هێلی ئاسمانی توركی له‌ كوردستان

 

وەک دەبینین، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە و بەڕێگەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی گەشتیان بۆ دەرەوە کردووە، زیاترن لەوانەی لەڕێگەی هەمان کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و لە هەمان ماوەدا، گەشتیان بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردووە.

بەرزترین ژمارەی گەشتیارانی هاتوو و دەرچوو لەماوەی ئەو ١٢ ساڵەدا، لە ساڵی ٢٠١٥دا تۆمارکراوە، کە ٤٧٥ هەزار و ٤٩٥ گەشتیار بوون. لە بەرانبەردا، کەمترین ژمارەی گەشتیارانی هاتوو و دەرچوو لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا تۆمارکراوە، کە بەسەریەکەوە ١٠٠ هەزار و ٣٨٤ گەشتیار بوون. پاشەکشەیەک لەو ساڵەدا و لە ژمارەی گەشتیارانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی ڕوویداوە، کە هیچ کات، لە ساڵانی پێشتر و دواتریشدا نەبینراوە. لەکاتێکدا لەماوەی ساڵی دواتردا (٢٠٢١) بەرزبوونەوەکە بۆ نزیکەی سێ هێندە بووە، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠.

 

گەشتیارانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر

لەماوەی ساڵانی ٢٠١١-٢٠٢٢، بە تێکڕا ١٦ ملیۆن و ٤٧٤ هەزار و ١٢٨ گەشتیار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، گەشتیان کردووە، بە هەردوو گەشتی هاتن یان دەرچوونەوە.

لەو ژمارەیەدا، ئەو گەشتیارانەی لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی گەشتیان کردووە، سێ ملیۆن و ٧٦٧ هەزار و ٢٩١ گەشتیارن. بەو جۆرە، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی بەڕێژەی ٢٣٪ی سەرجەم گەشتیارانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریان لەماوەی ئەو ١٢ ساڵەدا گواستووەتەوە.

 

Zed Press Analysis Turkish Flies Kurdistan 4+e

 

زۆرترین ژمارەی گەشتیاران، لەماوەی ساڵی ٢٠١٩دا، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشتیان کردووە، کە ملیۆنێک و ٩٠٩ هەزار و ٧٨٥ گەشتیار بوون. کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی بە گواستنەوەی ٥٩٢ هەزار و ٩١٠ گەشتیار بەشدارن لەو ژمارەیەدا و بەوەش ڕێژەی ٣١٪ی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لەماوەی ئەو ساڵەدا، لە ڕێگەی فڕۆکەکانی تورکییەوە گەشتیان کردووە.

ساڵی ٢٠١٣، کەمترین ڕیژەی بەشداری کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە گواستنەوەی گەشتیاران، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تۆمار کراوە، کە ڕێژەی ١٣٪ی کۆی گشتی پێکدێنێت، پاشەکشەیەک لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ژمارەی گەشتیارانی کۆمپانیاکانی تورکی ڕوودەدات و بۆ ١٥٪ لەکۆی گشتی گەشتیاران دادەبەزێت. لەدوای ئاستە نزمەکەی ساڵی ٢٠١٣، ئەوە دووەم نزمترین ڕێژەی بەشداری کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکییە لە گواستنەوەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا.

 

گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی

لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١-٢٠٢٢، بە تێکڕا ٧١ هەزار و ٨٣٧ جوڵەی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئەنجامدراوە. ئەو ژمارەیە، ڕێژەی ٣٠٪ی کۆی گشتی جوڵەی فڕۆکەوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات.

کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، لەو ١٢ ساڵەدا، بە هەشت هەزار و ٧٣٢ گەشتی هاتن و دەرچوون لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بەشداریان کردووە.

ساڵی ٢٠١٩، بەرزترین جوڵەی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تۆمار کراوە، بە هەشت هەزار و ٥٣١ گەشتی هاتن و دەرچوون. ئەوە، نزیکە لە ساڵی ٢٠١٦، کە هەشت هەزار و ٤٦٤ گەشتی تێدا کراوە. هەر لەو ساڵەدا، بەرزترین جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی تۆمارکراوە، کە هەزار و ٦١٢ جوڵەی هاتن و دەرچوون بووە و ڕێژەی ١٩٪ی کۆی گەشتەکانی ئەو ساڵەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی پێکدێنێت.

کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، بە تێکڕای ساڵەکان بەڕێژەی ١٢٪ بەشداریان لە جوڵەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کردووە، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٨ هیچ کۆمپانیاکی فڕۆکەوانی تورکیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە، جوڵەی نەکردووە و ئەوەش بەهۆکاری سیاسی و بەبڕیاری دەوڵەتی تورکیا.

 

Zed Press Analysis Turkish Flies Kurdistan زێدپرێس گرافیك شرۆڤه‌ هێلی ئاسمانی توركی له‌ كوردستان

 

جگە لە ساڵی ٢٠١٨ کە هیچ جوڵەیەکی فڕۆکەکانی تورکی نەبووە، ساڵی ٢٠٢٠ نزمترین جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەبووە، کە تەنیا ١٦٨ جوڵەیە و ئەوەش ڕێژەی ٥٪ی کۆی گەشتەکانی ئەو ساڵەیە. دوای ئەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا، هەڵکشانێک لە جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تۆمارکراوە؛ بۆ نزیکەی سێ هێندەی ساڵی ٢٠٢٠. لە ڕێژەی ٥٪ بۆ ١٤٪ و ١٥٪ بەشداری فڕۆکەکانی تورکی لە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دا.

 

گەشتەکانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی

لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١-٢٠٢٢، بەسەریەکەوە هەشت هەزار و ٧٣٤ جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تۆمارکراوە. ئاسایی چوار هەزار و ٣٦٧ هاتن و چوار هەزار و ٣٦٧ دەرچوون.

 

Zed Press Analysis Turkish Flies Kurdistan زێدپرێس گرافیك شرۆڤه‌ هێلی ئاسمانی توركی له‌ كوردستان

 

بارودۆخەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و لەمەڕ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی، جیاوازی زۆری هەیە. ئەوە ڕوونە، کە هەر لە دۆخی ئاساییدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەراورد ناکرێن، یەکەمیان لە پایتەختی هەرێمی کوردستانە و بەو هۆیەوە زۆرترین جوڵەی فڕۆکەوانی لەخۆدەگرێت، بەڵام بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، کێشەی دی هەیە.

لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨دا، بەهۆی بڕیاری تورکیاوە، گەشتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕاگیرا و هیچ جوڵەیەکی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لەو ساڵەدا لە سلێمانی نەبووە. وەک چۆن لەماوەی ئەمساڵ و جارێکی دی، لەلایەن تورکیاوە، جوڵەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیی و بەهۆکاری سیاسییەوە، ڕاگیرا.

هەرچی پێوەندی بە ژمارەی گەشتیارانی هاتوو و دەرچووەوە هەبێت، لە ماوەی ئەو ١٢ ساڵەدا، بەدیاریکراوی ٩٩٠ هەزار و ٨٢٢ گەشتیاری هاتوو و دەرچوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی گەشتیان کردووە.

 

Zed Press Analysis Turkish Flies Kurdistan زێدپرێس گرافیك شرۆڤه‌ هێلی ئاسمانی توركی له‌ كوردستان

 

هەرچەند، لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا، هەڵکشانی گەورە لە ژمارەی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی دەبینرێت، بەڵام گەورەترین ژمارەی گەشتیارانی هاتوو و دەرچوو، لە ساڵی ٢٠١٩دا تۆمارکراوە، کە ١٢٧ هەزار و ٢٩٩ گەشتیار بوون و لە ساڵی دواتریشدا (٢٠٢٠) ژمارەکە بۆ ئاستێک دابەزیوە، کە لە ساڵانی پێشتر و دواتریشدا نەبینراوە.

لەو ساڵەدا تەنیا ١٧ هەزار و ١٦٤ گەشتیاری هاتوو و دەرچوو هەبووە، ئەوەش هاوتایە لەگەڵ پاشەکشەی ژمارەی گەشتیارانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە هەمان ساڵدا و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریشدا.

بەرزبوونەوەیەکی زۆر گەورەتر، لە ساڵی دواتردا تۆمار کراوە، بە هەبوونی ٦٦ هەزار گەشتیار و لە ساڵی ٢٠٢٢یشدا، هەڵکشانەکە گەورەتر بووە، بە تۆمارکردنی زیاتر لە ١١٧ هەزار گەشتیاری هاتوو و دەرچوو.

بەهەمان شێوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تیبینی دەکرێت، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیشدا، ژمارەی گەشتیارانی دەرچوو لە گەشتیارانی هاتوو بەرزترە. بە تێکڕای گشتی و لەو ١٢ ساڵەدا، ٥١٩ هەزار و ٧٥٨ گەشتیاری دەرچوو، لە بەرانبەر ٤٧١ هەزار و ٦٤ گەشتیاری هاتوو، لەڕێگەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی تورکی تۆمار کراوە.

 

Zed Press Analysis Turkish Flies Kurdistan 8+e

 

لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، چوار ملیۆن و ٦٦٣ هەزار و ٩٢٠ گەشتیار لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گەشتیان کردووە بە هاتن و دەرچوونەوە. لەو ژمارەیەدا، هێڵەکانی فڕۆکەوانیی تورکی بە گواستنەوەی ٩٩٠ هەزار و ٨٢٢ گەشتیار بەشداریان کردووە و ئەوەش ڕێژەی ٢١٪ی کۆی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی پێکدێنێت.

هەرچەند، ژمارەی جوڵەکانی فڕۆکە و هەروەها ژمارەی گشتی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی پێکەوە بەراورد ناکرێن، بەڵام، لەسەر بەشداری هێڵە تورکییەکان لە گواستنەوەی گەشتیاران لەسەر ئاستی هەریەک فڕۆکەخانەکاندا، زۆر لە یەکترەوە نزیکن. لەکاتێکدا هێڵە تورکییەکان بەڕێژەی ٢٣٪ بەشداریان کردووە لە گواستنەوەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا، هەروەها بەڕێژەی ٢١٪ بەشدارییان کردووە لە گواستنەوەی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دا.

بەشێوەیەکی گشتی، زۆرترین ژمارەی گەشتیاران لە ساڵی ٢٠١٥دا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەشتیان کردووە، کە ٥٧٤ هەزار و ٦٤٥ گەشتیارن، بەڵام بەرزترین بەشداری هێڵەکانی فڕۆکەوانیی تورکی لە گواستنەوەی گەشتیاران لە ساڵی ٢٠١٩دا بووە. لەو ساڵەدا، تەنیا ٤٧٤ هەزار و ٩١٩ گەشتیار لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەشتیان کردووە، بەڵام هێڵە تورکییەکان بە گواستنەوەی ١٢٧ هەزار و ٢٩٩ گەشتیار بەشداریان کردووە و ئەوەش ڕێژەی ٢٧٪ لەکۆی گشتی جوڵەی گەشتیاران لەو ساڵەدا پێکدێنێت.

هەرچەند نزمترین ژمارەی گەشتیارانی هێڵە تورکییەکان لە ساڵی ٢٠٢٠ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تۆمار کردووە، ڕێژەی ١٤٪ لەکۆی گەشتیارانی ساڵەکە، بەڵام هەڵکشانێک بۆ نزیکەی دوو هێندە لە دوو ساڵی دواتردا تۆمار کراوە. بەڕادەیەک کە ساڵی ٢٠٢٢، ژمارەی گەشتیارانی هێڵە تورکییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ١١٧ و ١٣٢ گەشتیار بەرزبووەتەوە و ئەوەش ڕێژەی ٢٥٪ی گەشتیارانی ساڵەکە و دووەم بەرزترین ڕێژەی بەشداری هێڵە تورکییەکان لە گواستنەوەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، پێکدێنێت.

ڕێبین فه‌تاح

سه‌رنووسه‌ری زێدپرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...