ئابووری
ئاراستەکان

سەرووی ١٠ ملیار دۆلار سەرمایەی وەبەرهێنی بیانییە لە کوردستاندا

زێدپرێس

 

لە کۆتایی ٢٠٠٦ەوە تا کۆتایی تەمووزی ئەمساڵ، بە گوژمەی زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار، مۆڵەتی وەبەرهێنان بە وەبەرهێنی بیانی دراوە، کە ڕێژەی ١٥٪ی تێکڕای سەرمایەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان پێکدێنێت؛ جگە لە ملیارێک و ٣١٦ ملیۆن دۆلاری دی، کە بە سەرمایەی هاوبەشی بیانی و خۆماڵی جێبەجێکراوە و ئەوەش ڕێژەی ٢٪ی تێکڕای سەرمایەی وەبەرهێنان لە کوردستان دەگرێتەوە.

 

وەبەرهێنی بیانی لە کوردستاندا

وەبەرهێنی بیانی بە دوو شێوە بەشداری لە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا دەکات. یان خۆی بە تەنیا و سەربەخۆ پڕۆژەکانی جێبەجێ دەکات یان بە هاوبەشی و لەگەڵ وەبەرهێنێک یان زیاتر لە وەبەرهێنێکی خۆماڵی.

لە ئابی ٢٠٠٦ەوە، کە دەست بە جێبەجێکردنی یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کراوە، تاوەکوو کۆتایی تەمووزی ٢٠٢٣، مۆڵەتی ٤٥ پڕۆژەی وەبەرهێنان بە وەبەرهێنی بیانی دراوە، کە بە سەرمایەی ڕاستەوخۆی وەبەرهێنی بیانی جێبەجێکراون/دەکرێن. جگە لە مۆڵەتی ٢٨ پڕۆژەی دی، کە بە سەرمایەی هاوبەشی بیانی و خۆماڵی وەرگیراون.

ڕەگەزنامەی ئەو وەبەرهێنانەی مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنانیان بە ڕاستەوخۆیی و بەبێ هیچ هاوبەشێکی ناوخۆیی وەرگرتووە، بەسەر ١٥ وڵاتی جیاجیا دابەش دەبن: بەریتانیا، سوریا، سوید، ڕووسیا، نیوزلەندا، فەڕەنسا/لوبنان، کوێت، ئێران، جۆرجیا، چین، ئەڵمانیا، ئیمارات، ئەمریکا، لوبنان و تورکیا دەگرێتەوە.

 

 

 

لەپاڵ وەبەرهێنی ١٨ وڵاتی دی، کە بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنی خۆماڵی مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە. ئاسایی زۆرینەی وڵاتەکان بەپێی مۆڵەتی بەتەنیا یان بە هاوبەشی، دووبارەن. بەڵام، وەبەرهێنی چەند وڵاتێکی دی تەنیا بە سەرمایەی هاوبەش بەشداریان کردووە: ئیسپانیا، میسر، کەنەدا، پاکستان، باشوری ئەفریقیا، ئوردن و کۆریا.

 

 

 

لەڕووی ژمارەی پڕۆژەکانەوە، تورکیا بە ١٧ پڕۆژە، پلەی یەکەم وەردەگرێت لە ئاست وەبەرهێنی بیانی لە هەرێمی کوردستاندا، بەدوایدا، لوبنان بە ١٠ پڕۆژە، ئەمریکا بە ٤ پڕۆژە و هەریەک لە وەبەرهێنی وڵاتانی دیکەیش لە نێوان ١-٢ پڕۆژەیان هەیە.

سەبارەت بە ژمارەی پڕۆژە هاوبەشەکانی وەبەرهێنی بیانی و خۆماڵییش، دیسان تورکیا لە پلەی یەکەم دێت بە ٧ پڕۆژە، پاشان هەریەک لە ئیمارات و ئەمریکا، کە هەر یەکیان بە ٣ پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ وەبەرهێنی خۆماڵی بەشدارن و کۆی وەبەرهێنی وڵاتانی دیکەیش کە پڕۆژەی هاوبەشیان لەگەڵ وەبەرهێنی خۆماڵی هەن، هەریەک بە پڕۆژەیەک بەشدارن.

 

 

سەرمایەی وەبەرهێنی بیانی لە کوردستاندا

سەرمایەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا، لە ١ی ئابی ٢٠٠٦ تا ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٣، گەیشتووەتە ٦٧ ملیار و ٤٦ ملیۆن دۆلار و ڕێژەی ٨٣٪ی سەرمایەکەش خۆماڵییە.

سەرمایەی وەبەرهێنی بیانی لە هەرێمی کوردستاندا و لە کەرتەکانی وەبەرهێناندا، گەیشتووەتە ١٠ ملیار و ٥٨ ملیۆن و ٩١٣ هەزار دۆلار، کە ڕێژەی ١٥٪ی کۆی سەرمایەی وەبەرهێنان دەکات لە هەرێمی کوردستاندا. هەروەها، سەرمایەی پڕۆژە هاوبەشەکانی خۆماڵی و بیانی بەیەکەوە، دەگاتە یەک ملیار و ٣١٦ ملیۆن و ٩٤٦ هەزار دۆلاری ئەمریکی، کە ڕێژەی ٢٪ی تێکڕای سەرمایەی وەبەرهێنان دەکات لە هەرێمی کوردستاندا.

 

 

هەرچەند لەڕووی ژمارەی پڕۆژەکانەوە، وەبەرهێنی تورکیا لە پلەی یەکەم دێت لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام لەڕووی بڕی سەرمایەگوزارییەوە لەدوای چین و ئیمارات بە پلەی سێیەم دێت. لەکاتێکدا گەورەترین قەبارەی سەرماگوزاری بیانی لە بواری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنی وڵاتی چین دەگەڕێتەوە، کە بە بڕی نزیکەی ٥ ملیار دۆلار مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنانی وەرگرتووە و بەدوایدا وەبەرهێنی ئیمارات لە پلەی دووەم دێت، کە بە سەرمایەی زیاتر لە ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری لە کوردستان کردووە و ئینجا لە پلەی سێیەمدا تورکیا دێت، کە بە بڕی ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری کردووە. ئەو بڕەیەش زۆر نزیکە لە بڕی سەرمایەگوزاری لوبنان لە هەرێمی کوردستاندا، کە ملیارێک و ٧٧ ملیۆن دۆلارە.

 

 

 

ئەو ١١ وڵاتەی دی، کە سەرمایەگوزاری ڕاستەوخۆیان لە هەرێمی کوردستان هەیە، لە گوژمەی ٦٠٠ هەزار دۆلارەوە-وەبەرهێنی جۆرجیا- دەستپێدەکات تا ١١٥ ملیۆن دۆلار-وەبەرهێنی ئەمریکا- کە بەرزترینیانە.

وەبەرهێنی ئیمارات، کە پلەی دووەمی وەرگرتووە لە سەرمایەگوزاری ڕاستەوخۆ لە هەرێمی کوردستاندا، لەئاستی ئەو پڕۆژانەیش کە بە سەرمایەی هاوبەشی بیانی و خۆماڵی مۆڵەتیان پێدراوە، بە سەرمایەی نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە پلەی یەکەم دێت، کە نزیکەی نیوەی تێکڕای سەرمایەی هاوبەشی بیانی و خۆماڵی دەکات لە بواری وەبەرهێنان هەرێمی کوردستاندا.

 

 

 

لە پلەی دووەمیشدا وەبەرهێنی هاوبەشی ئەمریکی و خۆماڵی دێت، بە سەرمایەی ٣١٦ ملیۆن دۆلار و لە پلەی سێیەمیشدا وەبەرهێنی هاوبەشی تورکیا و خۆماڵی، بە سەرمایەی ٢٧١ ملیۆن دۆلار. لەکاتێکدا وەبەرهێنی ١٥ وڵاتی دی، بە هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنی خۆماڵی پڕۆژەیان هەبووە، سەرمایەی پڕۆژەکانیان لە ٢ ملیۆن دۆلارەوە-وەبەرهێنی کەنەدا- دەستپێدەکات تا دەگاتە ٧٥ ملیۆن دۆلار- کە سەرمایەی هاوبەشی کۆریا و کەنەدا و خۆماڵییە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سەرنجێک

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...