ئابووریسیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

دۆلار؛ بۆچی چیدی دنیا تەخت نییە؟

 

لە ساڵی ٢٠١٠ تۆماس فریدمانی ستووننووس لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بە ئاگا بووەوە کە دنیا تەختە. ئەو ئاگاییەی لە لایەن بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی هیندییەوە پێگەیشت. فریدمان پاش بیرکردنەوەی لە گوتەی کەسە هیندییەکە، بڕیاریدا کتێبێک بەو ناونیشانە بنووسێت. کتێبەکەی فریدمان گرنگە، چونکە هەڵگری دیدێکە کە بڕوای وەهایە لە ساڵان و سەدەکانی ڕابردوودا دنیا بەرەو بوون بە یەک یەکە ڕۆیشتووە، بەتایبەتی پاش ڕووخانی دیواری بەرلین ٣٥ ساڵ لەمەوپێش. تێزەکەی فریدمان لە سەر ئەوە بونیادنراوە کە گەشەی تەکنەلۆجیا و بازرگانی و هەروەها بیری لیبڕاڵ، هەموو پێکەوە دیوارەکان لە نێوان کۆمەڵگاکان و مرۆڤەکاندا دەڕووخێنن. لە ئەنجامی ڕووخانی دیوارەکان دنیا تەخت دەبێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەم دیدە بە شێوەیەکی گشتی بە جیهانگەریی ناسراوە. بە سادەیی ئەم دیدە وەها دەبینێت کە گۆی زەوی بەرەو ئەوە دەڕوات کە ببێت بە شوێنێک کاڵا و بیر و شمەکەکان و هەتا ئاستێکیش مرۆڤەکان بە ئاسانی و بەبێ بەربەست بە دنیا، هەتا بێت بە خێرایی زیاتر بڕۆن.

نەبوونی بەربەست، خێرایی، ئاسانبوونی دەستپێگەیشتن لە خەسڵەتەکانی ئەم سەردەمەن. فریدمان و ئەوانی تر بۆ نموونە بیل کلینتۆن، وەهایان دەبینی کە ئەم سیستەمە زاڵ دەبێت بە سەر دەوڵەتدا، نەک دەوڵەت زاڵ بێت بە سەریدا. هەتا ڕوودانی بەهاری عەرەبییش وەهامان دەبیست کە گەشەی سیستەمی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا و سیستەمەکانی تری پەیوەندی، خەڵکی بە تواناکردووە لە بەرانبەر دەسەڵات یان سیستەمدا، جارێکی تر ئاسان نییە کە سیستەمەکان بتوانن وەک جاران خەڵک کۆنتڕۆڵ بکەن.

 

جیهانگەریی و شۆڕشی تەکنەلۆجی و ئینتەرنێت بوو بە مایەی توانا بەخشین بە خەڵک، بەڵام لەپڕ ئەمریکا بۆی دەرکەوت دەتوانێت بەپێچەوانەشەوە بەکاری بهێنێت

 

دیارە قسەکردن لە سەر ئەم بوارە و ئاڵۆزییەکانی، لێرەدا جێگای نابێتەوە. بەڵام ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە، بەڵێ ئەوە ڕاستی بوو کە سیستەمی جیهانگەریی و شۆڕشی تەکنەلۆجی و ئینتەرنێت بوو بە مایەی توانا بەخشین بە خەڵک، هەتا ئێستاش بڕێکی زۆری ئەم دیدە ڕاستە. بەڵام لە پڕ ئەمریکا بۆی دەرکەوت کە دەتوانێت بە پێچەوانەشەوە بەکاری بهێنێت.

لێرەدا چەمکی بەڕێککەوت، دەناسێنین. بەڕێککەوت مەبەست لێی ئەوەیە کە سەرەتا پلانڕێژی نەبوو کە ئەو سیستەمەی کە هەیە بەو جۆرە بەکاربێت، چونکە لە ڕاستیدا زانیاری نەبوو کە سیستەمەکە چۆن دەبێت. کەس نەیدەزانی، ئێستاش نازانێت کە دنیای تەکنەلۆجیا بەرەو کوێ دەچێت، بۆ نموونە ئەوەی دنیای حەپەساندووە لە ئەمڕۆدا گەشەی خێرای ژیری دەستکردە، کەس ناتوانێت پلانڕێژی بکات بەوەی کە چۆن بەکاری دەهێنێت، چونکە لە بنەڕەتدا نازانێت کە بازدانەکانی چۆن دەبێت و بەرەو کوێ دەچێت.

ئەمە دۆخی چاوەڕواننەکراو و نەزانراو دەهێنێتە ناو دنیای سیاسەت و پلانڕێژییەوە، بەوەی نازانێت ئەو ئامرازەی کە هەیە چۆن ئەگەری هەیە بە شێوازێک بەکاربێت کە بیرلێنەکراوەیە.

 

نەوت لە هەموو دنیادا بە دۆلار دەنرخێندرێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کاتێک وڵاتێکی تر نەوت دەکڕێت ئەوا پڕۆسەی کڕینەکە بە ناو سیستەمی گواستنەوەی ئەمریکیدا تێدەپەڕێت

 

لە زستانی ساڵی ٢٠٠٦ کەسێک بە ناوی ستیوارت لیڤی کە جێگری وەزیری خەزانەی ئەمریکی بوو، بۆ کاروباری تیرۆر و زانیاریی دارایی، لە سەفەردا بوو بۆ وڵاتی بەحرەین. بەڕێککەوت لە ڕۆژنامەدا بابەتێکی خوێندەوە کە چۆن بانکێکی گەورەی سویسری پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا پچڕی. لیڤی بیری لەوە کردەوە کە ئایا ناکرێت حکوومەتی ئەمریکی بانکی تری بیانی ناچار بکات بە پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا.

هەرزوو بیرۆکەکەی داڕشت و دای بە وەزیری دەرەوەی ئەوکاتە؛ کۆندەلیزە ڕایس. ڕایس بە دڵی بوو. وەزارەتی خەزانە ئەوەیان دەزانی کە کۆمپانیا گەورەکان ناتوانن بەبێ دەستگەیشتن بە دۆلار لە ئاستی دنیادا کار بکەن. لیڤی سەرەتا بە ڕێگری لە بانکە ئێرانییەکان دەستی پێکرد بۆ دەستگەیشتن بە دۆلار بە شێوازی ناڕاستەوخۆ.

وەک دەزانین کە نەوت لە هەموو دنیادا بە دۆلار دەنرخێندرێت. ئەمەش مانای ئەوەیە کاتێک وڵاتێکی تر نەوت دەکڕێت ئەوا پڕۆسەی کڕینەکە بە ناو سیستەمی گواستنەوەی ئەمریکیدا تێدەپەڕێت. ئەمە سەرەتای پڕۆسەیەکی فرەوانبوو. هەر لە هەمان ساڵدا، ٢٠٠٦، ئەمریکا ئابلۆقەی خستە سەر بانکی سادراتی ئێرانی بە بیانووی ئەوەی پارەی بۆ حزبوڵای لوبنانی ناردووە. لە ڕێگەی ئەم پڕۆسەیەوە ئەمریکا ئەوەی بۆ دەرکەوت کە نەک دەتوانێت وڵاتێکی وەک ئێران لە دنیا داببڕێت، بەڵکو ئەوانی دیکەیش ناچار بکات کە سیاسەتەکانی پیادە بکەن و بە دوور لە بەکاربردنی سەربازیی و جەنگ، فشارەکانی خۆی بکات. بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەمریکا بە تەواوی سەرجەم بانکەکانی ئێرانی خستە ژێر ئابلۆقە.

 

ئەمریکا ناچاربوو بۆ ئیدارەی عێراق مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات. ئەمەش وەها دەکات کە دۆلار و سویفت و نرخی دۆلار بەشێک بێت لە ئیدارەدانی هەردوو عێراق و ئێران لە لایەن ئەمریکاوە

 

کە ئۆباما هات بۆ کۆشکی سپی، وەک سەرۆکێکی چەپ، هەوڵیدا لەگەڵ ئێراندا نەرم بێت. بەڵام خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ئێرانییەکان و ڕەفتارەکانی دەوڵەتی ئێرانی، ئۆبامای ناچارکرد بەردەوام بێت لە ئابلۆقەکان. لە ڕاستیدا ئۆباما داوای لە ستیوارت کرد، هەرچەندە کۆمارییەکان هێنابوویان، لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە. پاشان بۆ ئیدارەی ئۆباما ڕوونبووەوە ئەگەر فشاری ئابلۆقەکان، بە تایبەتی دۆلار نەبووایە، ئێران هەرگیز ئامادە نەبوو دانوستان بکات.

لەم میانەدا لە ساڵی ٢٠٠٨ سیستەمی سویفتیان دۆزییەوە. سویفت سیستەمێکی بانکییە، کە زانیاری دەدات دەربارەی ناو و شوێن و هەژماری بانکی کەس و کۆمپانیاکان کاتێک پارە هەناردە دەکەن. بۆ ئەم مەبەستە ڕیتچارد هۆلبۆرک و دینس ڕۆس کەمپەینێکیان دەستپێکرد. ئامانجی کەمپەینەکە ئەوەبوو کە ئێران لە سیستەمی سویفت بکەنە دەرەوە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ کەمپەینەکە سەرکەوت و سویفت، کە بنکەکەی لە بڕۆکسلە، ناچارکرا ئێران بکاتە دەرەوە.

پاش دابڕانی ئێران، عێراق بوو بە بەرەی ئەم جەنگە. عێراق ڕاستەوخۆ لە ئەمریکا دۆلاری فرۆشی نەوت وەردەگرێت و هەروەها هەتا ئێستا لە سیستەمی سویفتدا نییە. ئەمە مانای ئەوەیە کە دۆلار بە ئاسانی دەگاتە عێراق و لە هەناو هیچ سیستەمێکدا نییە، هەتا بتوانرێت چاودێری جوڵەی ئەو دۆلارانە بکرێت. لەم ساڵانەی دواییدا، پاش کشانەوە و لاوازبوونی ئەمریکا لە ناوچەکە، عێراق بوو بە بەشێک لە سیستەمی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران لە عێراق. هەروەها لە ئەنجامدا ئێران بوو بەو وڵاتەی کە باڵادەستە بە سەر عێراقدا، بۆیە ئەمریکا ناچاربوو بۆ ئیدارەی عێراق مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات. ئەمەش وەها دەکات کە دۆلار و سویفت و نرخی دۆلار بەشێک بێت لە ئیدارەدانی هەردوو عێراق و ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، بە تایبەتی کاتێک ئەمریکا تەنیا لە چەند پنتێکی دابڕاودا بوونی هەیە لە عێراق.

 

بازرگانی دۆلار یەکێکە لە پڕ-خێرترین بازرگانییەکان لە عێراق کە نوخبەیەکی دەستڕۆیشتوو دەستیان بەسەرداگرتووە و سوودێکی زۆری لێدەبینن

 

لەم پڕۆسەیەدا ئەوەی پێی دەگوترێت عێراق لە نێوان دوو وڵات و سیستەمدایە، کە هیچ توانایەکی بە سەر هیچ لایەکیاندا ناشکێت. لە هەمانکاتدا هەردوولا تێیانگیراندووە و ئەویش هەردووی بۆ ڕازی ناکرێت. بۆ ئەم مەبەستە عێراق لە ڕۆژانی ڕابردوودا داوای یەک بلیون دۆلاری لە ئەمریکا کرد کە وەک کاش بیداتێ. بەڵام ئەمریکا داواکارییەکەیان ڕاگرتووە بە بیانووی ئەوەی کە بەغدا دۆلار بە شێوازێکی نایاسایی بۆ ئێران دەگوێزێتەوە.

وەک دەزانرێت کە لە سەرەتای هاتنی ئەمریکاوە بۆ عێراق، هەموو دوو هەفتە جارێک لە ڕێگای فڕۆکەیەکی کارگۆوە دۆلار وەک کاش بۆ عێراق دێت، کە بڕەکەی ساڵانە دەگاتە نزیکەی دە بلیۆن دۆلار. بازرگانی دۆلار یەکێکە لە پڕ-خێرترین بازرگانییەکان لە عێراقدا کە نوخبەیەکی دەستڕۆیشتوو دەستیان بە سەریدا گرتووە و سوودێکی زۆری لێدەبینن. چونکە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕدا. ئەو جیاوازییە هەمووی دەچێتە گیرفانی دڵسۆزانی گەل و نیشتمان لە عێراق.

کەواتە پرسی دۆلار لە عێراقدا وابەستەیە بە کۆمەڵێک پرس و ململانێی ترەوە، بەشێکی زۆری دەوڵەتی عێراقی توانای بە سەریدا ناشکێت، چونکە وڵاتێکی بێسەروەرە.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...