ئابوورییاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

دەستی ڕووسیا لە ناو کەرتی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستاندا: لێکەوتە ئابووری و ناوچەییەکانی

*بەهرۆز جەعفەر

 

کلیلی سەرپێـیـی:

  •   ڕووسیا و عێراق خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندی نەوتن و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە پەروەردەکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان و بازرگانی وزە.
    • هاوکاری نێوان ڕووسیا و عێراق لە کەرتی وزەدا، بە بەشدارییەکی بەرچاوی کۆمپانیا گەورەکانی وزەی ڕووسیا؛ ڕوس نەفت، لوکۆیل، باشنەفت و گازپڕۆم لە پیشەسازی نەوتی گەشەسەندووی عێراقدا دەردەکەوێت؛ لە ساڵی (٢٠٢٣)دا هەژموونی ئابووری ڕووسیا لە عێراق گەیشتووە بە (١٩) ملیار دۆلار.
    •  ڕووسیا شانبەشانی هاوپەیمانی سەرەکی جیۆپۆلەتیکی خۆی کە چینە، لە عێراقدا شانیان داوەتە بەر بازرگانی و وەبەرهێنان، دەیانەوێ هەمووی کۆنتڕۆڵ بکەن و لە عێراقەوە بانگی کۆتایی هەژموونی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەن!
    •   ئەم جۆرە لە هەژموونی ڕووسیا بە سێ قۆناخ دەستی پێکرد، لە هەرێمی کوردستان (باکوری عێراق)ەوە لەساڵی (٢٠١٧) ەدا دەرکەوت و، لە کۆتایی (٢٠٢٣)شدا کۆمپانیای لۆک ئۆیەڵی ڕووسی زۆربەی ناوچە دەوڵەمەندەکانی باشووری کۆنتڕۆڵ کردووە.

 

پێشەکی

مۆسکۆ لەگەڵ هاوپەیمانە جیۆپۆڵەتیکییەکەی خۆی کە “پەکین”ە، بەرەو کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی وزە و وەبەرهێنانیان لە عێراق هەنگاویان ناوە. وا دیارە دەیانەوێ ڕۆژئاوا لە ڕێککەوتنەکانی وزە لە عێراق دووربخەنەوە، بۆ ئەوەی بەغدا لە میحوەرە نوێیەکەی ئێران و سعودیە نزیکتر بمێنێتەوە. بۆ ساڵی (٢٠٢٣) ئاستی وەبەرهێنانی ڕووسیا لە عێراقدا گەیشتووەتە (١٩) ملیار دۆلار. زیاتر لەوەش، لە مانگی ئازاری (٢٠٢٣)دا کۆمپانیای نەوتی زیقار (DQOC) کە سەر بە دەوڵەتی عێراقە بە فەرمی پەرەپێدانی یەدەگەکانی (بلۆکی ١٠)ی پەسەند کرد؛ لەنێویاندا بۆ تەواوی کێڵگەی ئێریدو، کە گەورەترین کێڵگەی نەوتە  لە دوای (٢٠٠٣)ەوە لە عێراق دۆزراوەتەوە. خەمڵاندنە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کێڵگەی نەوتی ئێریدوی عێراق لە نێوان (٧-١٠ ) ملیار بەرمیل یەدەگی هەیە، ڕووسیا لەم کێڵگەیەشدا، لە ڕێگەی کۆمپانیای لۆک ئۆیەڵەوە دەستی بەکارکردن کرد. بڕیاری ئینپێکس- Inpex ی یابانی بۆ فرۆشتنی پشکەکانی لەسەدا ٤٠ لە ناوچەی بلۆکی ١٠ کە دۆزینەوەی گەورەی ئێریدۆی تێدایە، ڕێگە ڕوون دەکاتەوە بۆ ئەوەی کۆمپانیای لۆک ئۆیەڵ کۆنتڕۆڵی تەواوی ناوچە دەوڵەمەندە نەوتییەکان بکات. ئەمە جگەلەوەی لە (٢٠٢٣)دا کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قوڕنەی لە بەسڕە بە جێهێشت و لۆک ئۆیەڵ (Lukoil) پشکەکانی کڕییەوە.

هەماهەنگی سەربازی و وزەی نێوان ڕووسیا و عێراق، هاوکاری بەردەوامی ئەوان پیشان دەدات. کۆمپانیایەکی وەک لۆک ئۆیەل تا ١١ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە باشووری عێراق و بەتایبەتی لە ناوچەی بەسڕە کردووە. پاڵنەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە؛ کەرتی دەریاییە کە دەرفەت بۆ هاوکارییەکانی ڕووسیا و عێراق دەخاتەڕوو. لەگەڵ پێگەی ستراتیژی عێراق بەدرێژایی ڕێگا سەرەکییە دەریاییەکان و شارەزایی ڕووسیا لە پەرەپێدانی بەندەر و لۆجستیکی دەریایی، هاوتەریبییەکی سروشتی لە بەرژەوەندییەکاندا هەیە. هەوڵە هاوبەشەکان لە پەرەپێدانی ژێرخانی بەندەرەکانی عێراق و پەرەپێدانی هاوکاری دەریایی دەتوانێت بەشدارییەکی بەرچاو بکات لە بەرزکردنەوەی کارایی و توانای ڕێگاکانی بازرگانی دەریایی عێراق، بەمەش بازرگانی و وەبەرهێنانی زیاتر ڕابکێشێت.

ئایا ڕووسیا گەشتەکەی لە عێراق چۆن و بە چ میکانیزمێک دەست پێکرد؟ هۆکارەکانی گۆڕانی ستراتیجیی ناوچەیی لە لای زلهێزێکی وەک ڕووسیا بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئایا پڕۆژە ستراتیجییەکانی تری ڕووسیا و چین لە عێراق و ناوچەکەدا ستەمە مێژووییەکانی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی ڕاست دەکاتەوە؟ گاز و نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان چی بۆ ڕووسیا دەگەیەنێت؟  بوونی ڕووسیا لە گۆڕەپانەکەدا چ وانەیەکی مێژوویی-سیاسیی بۆ عێراق و کوردەکانی عێراق تێدایە؟

چوارچێوە و سنوری باسکردن

بژاردەی هەرە لە پێشینەی زلهێزەکان و خاوەن پیشەسازییە گەورەکان؛ بەرزڕاگرتنی ئاسایشی نیشتمانیی و بوونی ئاستێکی بەرزی کێبڕكێیە لە ناو هاوکێشەکانی هێزدا. لە چوارچێوەی لووتکەی COP28دا کە تایبەت بوو بە گۆڕانی کەشوهەوا  لە (١ ی ١٢ ی ٢٠٢٣) لە دوبەی بەڕێوەچوو، ١٣٤ وڵاتی جیهان جاڕنامەیەکیان بەناوی “جاڕنامەی ئیمارات” واژۆ کرد. زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس، لەنێویاندا سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ٢٠٠ دەوڵەت و حکوومەتی جیهان بەتەنیشت هەزاران بڕیاربەدەست، زانا، شارەزای بوارە جیاوازەکان، سەرۆک و ئەندامانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەشدارییان لە گفتوگۆکاندا کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و چۆنیەتی تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. بەڵام هێشتا دوو وڵاتە هەرە پیشەسازییە گەورەکە بەشدارنەبوون! هەر لە چوارچێوەی دەربڕینەکانیدا لە کۆپ- ٢٨، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕاشکاوی ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی هەسارەی زەوی رزگار بکرێت، دەبێت جیهان لە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەبەردبوو بوەستێت. بە پێچەوانەی هەموو ئەوانەوە، ئێمە لە بەردەم وێنەیەکی دیکەدا وەستاوین، کە سیاسەت و دەنگدانەوە جیۆپۆڵەتیکییەکان، پیشەسازیی هایدرۆکاربۆن، نرخی وزە لە بازاڕی ئابووری جیهانیدا باڵیان بەسەردا کێشاوە:

یەکێک لە پڕفرۆشترین ڕۆژنامەنووسە دارایی و نووسەرە جیهانییەکان “سایمون واتکینز Simon Watkins“ە، کە بەرپرسی فرۆشتن و بازرگانی دامەزراوەیی فۆڕێکس بووە و دواتر بەڕێوەبەری فۆڕێکس بووە لە بانکی مۆنتریال، هەروەها وەک ڕاوێژکاری مەترسی جیۆپۆلەتیکی بۆ ژمارەیەک سندووقی گەورەی پاراستن لە لەندەن و مۆسکۆ و دوبەی کاری کردووە. لە (١٠) ساڵدا پێنج کتێبی لەسەر بازرگانی دارایی و نەوت و بازاڕە داراییەکان نووسیوە، تازەترین کتێبی  واتکینز لە (٢٠٢٣)دا لە ژێر ناونیشانی “سیستەمی نوێی بازاڕی نەوتی جیهانی و چۆنیەتی بازرگانیکردن پێی – The New Global Oil Market Order and How to Trade it ” لە ئەمازۆن بڵاوکردۆتەوە. واتکینز جموجوڵەکانی ڕووسیا لە پێناو پێشبڕکێ لەبازاڕی وزەی جیهانییدا شرۆڤە دەکات، یارمەتیمان دەدا لە هەنگاوەکانی ڕووسیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەرایی (٢٠١٧ەوە بۆ کۆتایی ٢٠٢٣) تێبگەین، چۆن هەریەکێک لەم ڕووداوانە شێوازی کارکردنی بازاڕی نەوتی جیهانی لەو ماوەیەدا گۆڕیوە، چۆن ئێستا هەموویان کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی ڕێسای نوێی بازاڕی نەوتی جیهانی درووست بکەن.

بەلای واتکینزەوە هێشتا نەوت دیاریکەرێکی چارەنووسسازە بۆ داهاتووی دارایی و ئابووری هەموو وڵاتێک. هەروەها بەهۆی ئەمەوە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەو وڵاتانەی بەرهەمهێنەر و بەکاربەری سەرەکی نەوتن لە ئاستی جیهان. لەبەر ئەوەیش گرەوەکان زۆرن، بەشداربووانی سەرەکی لە بازاڕی جیهانی نەوتدا هەر شتێک دەکەن بۆ ئەوەی سوودێکی تێدا بەدەستبهێنن. بۆیە بەتەواوی ئەوەی کە بازرگانەکە (واتە دەوڵەتانی فرۆشیار و کڕیار: دەوڵەت دەبێ بازرگانییانە ڕەفتار بکات) دەبێت ئاگادار بێت کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوویداوە: دیارترینیان بە دەستپێکردنی پەتای کۆڤید-١٩، پاشان لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا، ئینجا ئەمەش بووەتە هۆی گۆڕینی شێوازی مامەڵەی یاریزانە پێشەنگەکانی بازاڕی نەوت لە جیهاندا، بۆیە بە جۆرێکی دیکە ڕێبازی سیاسیی و دیبلۆماسیی لە ئاستی ناوچەییدا پێناسە کردۆتەوە.

ڕووسیا  لە هەرێمی کوردستانەوە دەستی بە دەستکاریکردنی ناوچەکە کرد

ڕوسنەفت و گازپڕۆم بە پلەی یەکەم وەک چەکی دەوڵەتی ڕووسیا کاردەکەن. هەرچەندە ئەوان لە بازرگانیدان بۆ ئەوەی پارە بۆ خۆیان پەیدا بکەن، بەڵام دواجار ئەم کۆمپانیا دەوڵەتییە خزمەت بە بەرژەوەندی حکوومەتی ڕووسیا و ڤلادیمێر پوتین دەکەن، هەروەها خزمەتی هەموو ئەو کارسازانە دەکەن کە داهاتە ناشەرعییەکانیان بەندە بە بەردەوامبوونی دەستڕاگەیشتن بە پەمپی وزە لە جیهاندا. لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە، لە ڕێگەی زنجیرەیەک گرێبەستی بازرگانی ستراتیژییەوە، ڕوسنەفت بە تایبەتی بووەتە ڕیزبەندێکی شەڕانگێزی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ڕووسیا. پێگەی دیار و بەرچاوی کۆمپانیای زەبەلاحی نەوت بە وەبەرهێنانی بەرفرەوان لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوە بۆ ڕووسیا بووە، لەوانە جەمسەری باکوور، چین، ڤێتنام، ڤەنزوێلا، ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە حوزەیرانی ٢٠١٧ەدا، شاندی هەرێمی کوردستان بە ڕێبەرایەتی سەرۆکی حکوومەت “نێچیرڤان بارزانی” و جێگری سەرۆکی حکوومەت “قوباد تاڵەبانی” و “وەزیری سامانە سرووشتییەکان “ئاشتی هەورامی” سەردانی ڕووسیایان کرد، لە پەراوێزی بەشدارییکردنیان لە کۆڕبەندی ئابووری سانت پیترسبۆرگ کە سەرکردەکانی ١٣٠ ویلایەت و ١٢ هەزار کەسی بۆ خۆی ڕاکێشابوو، گڕیبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای ڕوس نەفت واژۆ کرد.

بەشێوەیەکی گشتی لە جیهاندا، گرێبەستی نەوت و گاز لە نێوان سێ لایەندایە: لایەنی یەکەم خاوەنی بەرھەمەكەیە (وڵات یان هەرێمی خانەخوێ)، دووەمیان، ئەو لایەنەیە كە پەیوەندارە بە رێڕەوی ھەناردەكردنی نەوت یان گازەکە، لایەنی سێیەمیشیان كڕیاری بەرھەمەکەیە. بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕوس نەفت تەنیا گوژمەی دروستكردنی بۆڕی گواستنەوەی گازی شل لە ھەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەو بازاڕەی كۆمپانیای ڕوس نەفتی رووسیا دەیەوێت، یەك ملیار دۆلارە، ئایا كۆمپانیایەكی وەك ڕوس نەفت، گرێبەست لەگەڵ ھیچ وڵاتێك بەو قەبارەیە واژۆ دەکات، کە گرەنتی گواستنەوەی نەبێت؟ لە ساڵی ٢٠١٧ەوە کۆمپانیای زەبەلاحی وزەی ڕووسی ٣.٥ ملیار دۆلاری بە قەرز بە حکوومەتی هەرێم داوە و گرێبەستی پەرەپێدانی پێنج بلۆکی نەوتی واژۆ کردووە، هەر بەو پێیە کۆنتڕۆڵی بۆڕی نەوتی کەرکووک – جەیهانیشی کردووە. لایەنەکان لە نیسانی  ٢٠١٨ەوە، ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەی گەڕانی جیۆلۆجی و دەستپێکردنی بەرهەمهێنانی تاقیکاریی. ڕێککەوتنەکە لە کاتێکدا بوو، کە دوو گەورەترین کۆمپانیای بواری وزەی ئەمریکی “ئیکسۆن مۆبیل” و “چیڤرۆن” لە ساڵەکانی (٢٠١٥ و ٢٠١٦)ەدا، ژمارەیەک کێڵگەی هەرێمی کوردستانیان بە جێهێشت. هەروەها لە میانەی شەڕی داعشدا، حکوومەتی فیدڕاڵی بەغدا مووچەی هەرێمی کوردستان و تێچووی هێزی پێشمەرگەی نەدەدا. هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٧)ەدا، بەرەو ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەنگاوەکانی هەڵگرتبوو، تێگەیشتنی ڕێبەرانی کوردستان وابوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتی کورد ناکات لە کێشەکانی لەگەڵ بەغدا و لە پرسی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی سیاسییدا، کە دواتر لە ئەیلوولی (٢٠١٧)دا نزیکەی (٩٣٪) خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڕیفراندۆمەکەدا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا و بەهۆی فشارەکانی حکوومەتی عێراق و پاڵپشتی نەکردنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریکاوە، ئەنجامی ڕیفراندۆم شکستی هێنا.

هەر لەسەرەتاوە بۆ عێراق، کۆتایی یارییەکە لە دەستبەسەرداگرتنی کاریگەرانەی ڕووسیا لە پیشەسازی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستانی پڕ لە کێشەی ئەو وڵاتە لە باکوورەوە دیار بووە. کۆنتڕۆڵی ڕووسیا بەسەر کوردستانی عێراقدا لە ڕێگەی پرۆکسی کۆمپانیاکانی دەوڵەتەوە، بەتایبەتی ڕوسنەفت، لە پایزی (٢٠١٧)ەوە، لە ڕێگەی سێ میکانیزمەوە مسۆگەر کرا:

یەکەم: یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەک دارایی لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتی پێشوەختە کە لە سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا دەدرێت، دابینکرد.

دووەم: لەسەدا ٨٠ی بەرژەوەندی کارکردنی لە پێنج بلۆکی نەوتی گەورەی هەرێمدا وەرگرت، لەگەڵ وەبەرهێنانی دەرەنجامی و هاوکاری تەکنیکی و ئامێرەکان.

سێیەم: خاوەندارێتی لەسەدا ٦٠ی بۆڕییە گرنگەکەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشووتر بینای کردبوو، ئەوەش لەڕێگەی پابەندبوون بە وەبەرهێنانی یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ زیادکردنی تواناکانی بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

 دوابەدوای ئەوە، ڕووسیا دەستکاری ناوچەکەی کرد و کەوتووەتە بەریەککەوتنێکی سەرسوڕهێنەر لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراق لە بەغدا کە قۆناغی کۆتایی پلانی هێنانە ناوەوەی کاریگەرانەی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ناو هەموو بەشەکانی تری عێراق، لە کۆتایی (٢٠٢٣)دا، ڕووسیا بە تەواوەتی لەڕێگەی بەشداریی لە کەرتی “گاز”ی عێراقدا بەرەوپێش دەچێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە، ئێستا ڕووسیا و چین هەنگاو دەنێن بۆ دەستەبەرکردنی باڵادەستی خۆیان بەسەر هەموو عێراقدا، لابردنی کۆمپانیای ئینپێکس لە مەیدانی فرەوانی ئێریدۆ تەنیا دوایین نموونەی ستراتیژی فرەوانتربونیانە لە کارکردندا.

 سیاسەتی فرەوانخوازیی – دەرەوەیی ڕووسیا، لە دامەزراندنی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٢٢ەوە، ئەوە بووە کە ویستەکانی خۆی  لە ناوچەکانی پشێویی و ئاژاوەدا بە پڕۆژە بکات (تەنانەت ئەگەر ئەو ئاژاوەگێڕییە پێشتر بوونی نەبووبێت – هەوڵی  درووستکردنی بدات). بۆیە سەیر نییە کە ڕووسیا کارکردن لەسەر ئامانجی فرەوانخوازیی لە دەرەوەی خۆیدا زیاتر بەرەو پێش ببات. لە ئەیلوولی ٢٠١٧دا ئەوەی ڕووسیا دەیویست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ زیادکردنی ئەو دەستدرێژییە گەورەیەی کە پێشتر لە ئێرانی دراوسێدا کردبووی، ئەوە بوو کە کاریگەرییەکانی زیاتر بۆ ناو عێراق درێژ بکاتەوە، بەڵام لە باشووری عێراقدا نەیتوانی ئەوە بکات، چوونکە هێشتا ئەمریکا ئامادەبوونێکی سەرەکی لەوێ هەبوو. باشترین کاری دواتر ئەوە بوو کە بوونی خۆی لە هەرێمی نیمچە سەربەخۆی کوردستاندا جێگیر بکات، تا ئەو کاتەی کە بتوانێت کاریگەری خۆی لە بەشەکانی تری عێراق بەکاربهێنێت بۆ درێژکردنەوەی پانتایی خۆی بۆ باشووری عێراق، پاشان سەرۆکایەتی یەکخستنی باکور و باشوری عێراق بکات بۆ یەک وڵات کە دەتوانێت کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەردا هەبێت.

هەماهەنگیی  کەرتی وزە لە نێوان ڕووسیا و عێراقدا

مایکڵ بارانتشیک (Michael Barantschik) یەکێکە لەو پسپۆڕانەی کار لەسەر پاشخانی پیشەسازیی نەوت و گاز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی نێوان ڕووسیا و عێراق بۆ مێژوویەکی دوور و درێژ و ئاڵۆز دەگەڕێنێتەوە؛ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، بازرگانان و گەڕانکارانی هەردوو ناوچەکە بەریەکدەکەوتن، بە ڕێڕەوی بازرگانی ڤۆڵگا و دەریای قەزویندا دەڕۆیشتن، تۆڕی بازرگانی سەرەتاییان لە نێوان ئەو ناوچەیەدا دامەزراند کە زۆر دواتر بوو بە ڕووسیا و عێراق. پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمی لە ٩ی ئەیلوولی ١٩٤٤ دامەزرا و سەرەڕای دابڕانێکی کورت لە نێوان ساڵانی ١٩٥٥ بۆ ١٩٥٨، پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات گەشەی کرد و بەغدا وەک هاوبەشێکی بەرچاوی سۆڤیەت لە جیهانی عەرەبیدا سەیرکرا.

 لە ساڵی ٢٠٠٨دا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە بەشێکی زۆری قەرزەکانی عێراقی سەردەمی سۆڤیەت خۆش بوو، ئەمەش زەمینەی ڕێککەوتنێکی نەوتی بە بڕی ٤ ملیار دۆلاری ئەمریکی دانا. ئەم ئاماژەیە دەستپێکی یارییەکی قووڵتری ئابووری بوو، کە لە ساڵی ٢٠١٢دا زیاتر پتەوتر بوو بە بەشدارییە بەرچاوەکانی کۆمپانیای نەوتی لوک ئۆیەڵی ڕووسی لە کەرتی وزەی عێراقدا.

پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بەشداریکردنی ڕووسیای لە کەرتی نەوتی عێراقدا بەهێزتر کردووە. لە شوباتی ٢٠٢٣ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەردانی بەغدای کرد. یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان کە باسکرا، میکانیزمی پارەدان بوو بە کۆمپانیاکانی وزەی ڕووسیا، کە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندی هاوبەشە بۆ بەردەوامبوون و فرەوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان سەرەڕای سزاکانی ڕۆژئاوا. هەروەها ئەمە تەوەری بەردەوامی گفتوگۆی نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بوو لە ١٠ و ١١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە میانەی کۆبوونەوەکانیان لە کۆشکی کرێملین، کە لە پاشخانی بەردەوامی ململانێکان لە ئۆکرانیا و بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەقی گرتبوو. پتەوکردنی پەیوەندیی لە نێوان ڕووسیا و عێراقدا هەموو بوارەکانی گرتۆتەوە؛ لە ٢٠٢٢ -٢٠٢٣ دا ڕووسیا (٢٠٠) کورسی خوێندنی خۆڕایی لە ئاستە جیاجیاکاندا بۆ هاووڵاتییانی عێراق دابین کردووە.

سەرباری گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ڕووسییەکان؛ ڕووسیا و عێراق ڕێککەوتنیان واژۆ کردووە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هاوکارییەکان لە کەرتی نەوتدا، لەوانە پڕۆژەکانی گەڕان و کونکردن و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری. ئەم ڕێککەوتنانە هەنگاوێکی بەرچاوە بەرەو قووڵکردنەوەی پەیوەندییە وزەییەکانیان و دڵنیابوون لە ڕەوتی بەردەوامی وەبەرهێنانەکان کە گرنگن بۆ گەشەکردن و بەردەوامیی پیشەسازی نەوتی عێراق.

جگە لە کەرتی نەوت، لە کەرتی گازیشدا عێراق و ڕووسیا هەماهەنگیان هەیە. لەگەڵ ئەوەی عێراق ئامانجی کەمکردنەوەی سووتانی گازەکەیە و ڕووسیا ئەزموونێکی زۆری هەیە لە بەرهەمهێنان و پرۆسێسکردنی گازدا، هاوکارییەکی سروشتی هەیە بۆ هاوکاریکردن. دەتوانرێت یارمەتی تەکنیکی، وەبەرهێنانی هاوبەش لە دامەزراوەکانی پرۆسێسکردنی گاز و گواستنەوەی زانیاری زیاتر بکۆڵرێتەوە بۆ ئەوەی هەردوو وڵات سوودی هاوبەشیان هەبێت.

چڕبوونەوەی بەشدارییە ئابوورییەکان پڕۆژە ستراتیجییەکان بوێرتر دەکات

چڕبوونەوەی بەشدارییە ئابوورییەکان لە کەرتی وزەدا تیشک دەخاتە سەر پێویستی هەمەچەشنکردن بۆ دڵنیابوون لە پەیوەندییەکی ئابووری هاوسەنگ و بەردەوام. گەڕان بەدوای ڕێگا نوێیەکان بۆ هاوکاری ئابووری لە سەرانسەری کەرتە جیاوازەکاندا لەوانە کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیا، بەرهەمهێنان، سەرمایەی مرۆیی و پەرەپێدانی کارامەیی دەتوانێت پەرە بە بەشدارییەکی ئابووری هەمەچەشن بدات، بەمەش پەیوەندی ئابووری نێوان ڕووسیا و عێراق دەوڵەمەندتر بکات.

گواستنەوە و ژێرخانی توخمێکی گرنگن لە پەیوەندی دوولایەنەی ڕووسیا و عێراقدا، کە بڕبڕەی پشت بۆ بەرزکردنەوەی بازرگانی و هاوکاری ئابووری و پەیوەندی ناوچەیی پێکدەهێنن. عێراق پڕۆژەیەکی بە بڕی ١٧ ملیار دۆلاری ئەمریکی دەستپێکردووە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی گواستنەوەی وڵاتەکەی، ئامانجی بەستنەوەی بەندەرێکی بەرچاوی کاڵا لە باشووری وڵاتەکەوە (بەندەری فاو) لەڕێگەی شەمەندەفەر و ڕێگاوبانەکانەوە بۆ باکور و سەر سنوری تورکیا، ئەمە پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدانی عێراق”ە، کە ئامانجی گۆڕینی عێراقە بۆ ناوەندێکی گواستنەوەی ناوچەیی لە ڕێگەی پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبان و شەمەندەفەرەکەی، بەوەش ئەوروپا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ببەستێتەوە. ئەم پڕۆژەیە کە ١٢٠٠ کیلۆمەتر لە تورکیاوە تا کەنداو درێژ دەبێتەوە، وەک بەردێکی بناغە بۆ ئابوورییەکی بەردەوامی نانەوتی و ئامرازێک بۆ پەرەپێدانی یەکگرتنی ئابووری لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.

هەروەها، ئەم پڕۆژەیە هێمای هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەرزکردنەوەی ڕەوتی بازرگانی و کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە و باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە بازاڕەکان. بە وەبەرهێنان لە درووستکردنی هێڵی ئاسن، ڕووسیا و عێراق زەمینەسازی بۆ تۆڕێکی لۆجستیکی بەهێز دادەنێن کە نەک تەنیا سوودی بۆ بازرگانی دوولایەنە دەبێت، بەڵکو کاریگەرییەکی شەپۆلاوی لەسەر داینامیکی بازرگانی ناوچەیی درووست دەکات.

 ئەگەرچی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە ناسەقامگیرە، دۆخی سیاسی و ناکۆکی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، هەروەها دەستوەردانی دەرەکیش وایکردووە گرەوی تەواوەتی لەسەر وەرچەرخانی وڵاتەکە لە خراپەوە بۆ باش و لە باشەوە بۆ باشتر نەکرێت. بەڵام هەبوون و خستنەڕووی دیدگایەکی ستراتیجی و جیۆپۆڵەتیکی کە کاریگەریی تەواو دەخاتە سەر توخمە ئابووری و کەلتووری و تەکنەلۆژییەکان و ژینگەی بازرگانی گشتی دەبوژێنێتەوە، ئەگەرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی عێراق لە قووڕ و چڵپاوی دەیەکانی ڕابردوو دەربهێنێت، وەکو لە (٢٠٢٣)دا بە درووستکردنی ڕێگاوبان، مۆدێرنکردنی فڕۆکەخانەکان، دەستپێشخەرییەکانی گەشەپێدانی شارەکان دەستی پێکردووە.

چیرۆکی کەرکووک: ڕووسیا هات و بریتش پێترۆلیۆم ڕۆیشت

نەوتی عێراق،  لە ساڵی ١٩٢٧دا لە کەرکووک خۆماڵی کرا. کەرکووک شوێنی لە دایکبوونی پیشەسازی نەوتی عێراقە. کۆمپانیای بریتش پێتریۆلیۆم (بی پی) لە سێپتەمبەری ٢٠١٣دا، نیەتنامەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوری سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق واژۆکرد، بۆ پاڵپشتیکردنی گەڕان و توێژینەوەکانی چالاکی مەیدانی  لە کەرکووک بە بەهای (١٠٠) ملیۆن دۆلار. هاتنی داعش لە ساڵی (٢٠١٤) و دەستبەسەراگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک لە لایەن هێزە کوردستانییەکانەوە، کارەکانی بی پی دواخست.

 لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا، دوای تەواوکردنی ڕاپرسی و توێژینەوەی تەکنیکی بوارەکە، بی پی ئەنجامی کارەکانیان و لاپتۆپەکانیان بۆ کۆمپانی نەوتی باکور بەجێهێشت. عێراق هیوای خواستبوو بی پی یارمەتی بدات بۆ سێ هێندەکردنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانەوە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە زیاترە لە یەک لەسەر پێنجی بەرهەمی ئێستای عێراق و دەکاتە لەسەدا یەک لە ئاستی بەرهەمهێنانی جیهانی.

بەپێی بەدواداچوونەکانی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، دەستگەیشتن بە زانیارییە بەپێی ئامارەکانی بی پی ئاسان نەبووە و نییە، بەڵام ئاماژەکانی دوای ڕۆیشتنی بی پی لە کەرکووک بۆ حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی باکور هیوابەخش نەبووە. ئەگەر ئەنجامەکانی توێژینەوەکە هاندەر بوونایە بۆ کۆمپانیای بی پی و ڕۆژئاواییەکان، بێگومان ماوەی مانەوە و کارەکانیان درێژدەکردەوە. جگەلەوەش، زۆربەی نەوتی خاوی عێراق لەو ناوچانە بەرهەم دەهێنرێت کە لەلایەن حکوومەتی ناوەندی بەغداوە بەڕێوەدەبردرێن، لە باشور و لە بەندەرەکانی باشوری سەر کەنداوەوە هەناردە دەکرێت. دوای ئەوەی داعش لە ساڵی (٢٠١٤) هێڵی بۆڕی کەرکووک- جەیهانی تەقاندەوە، حکوومەتی هەرێمیش لە ماوەی (٢٠١٤ بۆ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ڕۆژانە نزیکەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕێگەی هێڵی بۆڕی کوردستان- جەیهانەوە بۆ تورکیا هەناردە دەکرد.

بۆچی ڕووسیا مکوڕە لەسەر تەنینەوەی هەژموونی خۆی لەناوچەکەدا؟

 ئۆراسیا، یەکێکە لە چەمکە ئاڵۆزەکان، چونکە هێشتا لە ڕووی جوگرافییەوە شوناسێکی یەکانگیری نییە؛ ئایا مەبەست لێی ئاسیا و ئەوروپایە، یان ئەو ناوچانەی ئاسیا و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستنەوە. هەرچی شوێنێک بێت ڕووسیا و  ئێران و عێراق و سوریا پێکەوە خاوەنی زۆرترین یەدەگی نەوت و گازی سروشتیین لە جیهاندا و، پێگە و گرنگییان فەرامۆش ناکرێت و هەژموونی ڕووسیا لەو ناوچانەدا بەربڵاوە. ئۆراسیا هەر کوێیەک بێت، ڕووسیا هەموو شتێک دەکات تا سیستەمی تاک جەمسەریی و فەرمانڕەوایی جیهان بگۆڕێت، بۆ ئەوەش دەبێت لەو حەوزە ستراتیجییانەی وزەدا ئامادەیی هەبێت کە ڕۆژئاوا تیایاندا هەژموونێکی هەیە. ئۆراسیا هەر کوێیەک بێت، تورکیا لەناو جەرگەیدایە و هەر هێڵێکی وزە ڕووسیا لە هەرێمی کوردستانەوە یان لە عێراقەوە ڕایبکێشێت دەبێت تورکیا لایەنێکی سەرەکی گرێبەستەکە بێت (وەک لایەنێکی گرێبەستەکەی نێوان ڕوسنەفت و هەرێمی کوردستان). تورکیا دەکەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست، دەریای ڕەش و دەڕوانێت بەسەر قەفقاس و ئۆراسیادا، بەشێکە لە ئەوروپا و بەشێکی سەرەکیشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 رۆبەرت کابلان (Robert D. Kaplan) پڕۆفیسۆر و پسپۆڕی جیۆسیاسیی ئەمریکی لە ساڵی (٢٠١٨) کتێبێکی بە ناونیشانی “گەڕانەوەی مارکۆ پۆڵۆ؛ جەنگ و ستراتیج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەدەی بیستویەک”دا نووسیوە؛ دۆخەکە بە چرکەساتێکی ڕاگوزەر دەستنیشان دەکات، کە پێویستە لە دوو ئاستدا هەستی پێ بکرێت؛

یەکەم/ ئەمریکا پێویستە لە ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا بەر بە هەژموونی چین بگرێت، لە ئەوروپاش بەر بە ڕاستڕەو و پۆپۆلیزم.

دووەم/ بە بڕوای کاپڵان هەریەک لە جوگرافیا و تەکنەلۆژیا بەریەککەوتنیان هەیە. لێرەوەیە ڕووسیا هەمیشە هەژموونی بەسەر خۆرهەڵاتی ئەوروپادا هەیە، لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا ناڕەزایی دژی سیستەمەکان وایکردووە بزووتنەوە ڕاستڕەو و شەعبەوییەکان دەستەڵات بگرنە دەست. ئەمەش بەرژەوەندی ڕووسیا مسۆگەر دەکات.

 ئەمە نیشانمان دەدا، ڕووسیا لە هەر جێگەیەک دەبێت کە خۆرئاوا وەک بەرژەوەندیی خۆی لێی بڕوانێت. ئێستا ڕووسیا وای دابنێین ڕووسیا پڕۆژەی ئۆراسیای هەیە و ڕێبەرایەتی حەوزەی قەزوین دەکات، هەروەها لە (٢٩ ی ئایاری ٢٠١٤)ەوە یەکێتی ئابووری ناوچەی ئۆراسیا (EAEU) پێکهینراوە. ئینجا حەوزەی کەنداوی عەرەبی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو (GCC)یان هەیە، لە ساڵی (٢٠١٠)ەوە گازی سروشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست دۆزراوەتەوە و بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی گازی سروشتی لە ناو دەریا و لە کەنارە ئاوییەکاندا ئیسڕائیل، قوبرس و میسرن، ئەوانیش زیاتر لە (٢٠) وڵات لووتکەی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (EMGF) یان درووستکردووە لە (٢٠١٧)ەوە. هەروەها “چین” لەم ناوچەیە بەگشتی پڕۆژەی “پشتێنەی ڕێگا- پشتوێن و ڕێگا”ی هەیە. ئەی کورد لەناو ئەم پڕۆژە ستراتیجییانەدا چۆن مامەڵە دەکات؟

نەوت و گازی کوردستان چاوەڕوانی پڕۆژەیەکی ستراتیجی لە سەرکردە کوردەکان دەکات

وانە مێژووییەکە ئەوەیە چیتر نابێت کورد یاری پێکراو بێت لەلایەن هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانەوە:

 بە درێژایی مێژووی ناوچەکە، ململانێ لە پێناو ناسنامە، شەڕی تایەفی و هەوڵ بۆ جیابوونەوەی “خوزستان” لە ئێران لە ئارادا بووە. بەتایبەتی عەرەب، لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی و لە سەردەمی جەنگی سارددا، وەهایان دەبینی بەبێ ساخکردنەوە و یەکلاکردنەوەی خوزستان بەلای خۆیاندا، شتێکی وەهایان نەکردووە کە جێگەی باس بێت. ئەم ناوچەیە قوڕگی کەنداوە، بۆڕی هەناسەدانی ئێرانە، ڕێڕەوە بۆ هەناردەکردنی نەک نەوت، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی سەرجەم کاڵا بازرگانییەکان بەرەو خواروو و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.

کاتێک ساڵی (١٩٥٥) هەریەک لە؛ عێراق، تورکیا، ئێران، پاکستان بەسەرپەرشتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا “پەیمانی بەغدا”یان بۆ بەرگرتن و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی بیری کۆمۆنیستی و هەژموونی یەکێتی سۆڤییەت واژۆکرد. بەهۆی کودەتای عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی (١٩٥٨) و گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی عێراق لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری، هەروەها بەهۆی تەشەنەسەندنی شیوعییەت و هەژموونی سۆڤیەت لە عێراقدا، عێراق کە ئەندامی دامەزرێنەری پەیمانی بەغدا بوو لە ٢٤ی  ئازاری ١٩٥٩ لە پەیماننامەکە کشایەوە. ئەمەش ململانێکەی سەختتر کردەوە؛

ئێران، بۆ ئەوەی عێراق و نەتەوەی عەرەبی سەرقاڵ بکات بە کێشەی کورد و شۆڕشی کوردەوە و “خوزستان”یان لە بیربباتەوە، بەدرێژایی (١٤) ساڵ پاڵپشتی شۆڕشی ئەیلوولی کرد. توانی تا ڕادەیەکی زۆر باش سەرکەوتوو بێت لە سەرقاڵکردنی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بە پرسی کوردەوە. ئەگەرچی دواجار شۆڕشی ئەیلوول بۆ-خۆی بەڕێبەرایەتی مەلا مستەفای بارزانی خاوەنی پەیامی نەتەوەیی و داخوازی ڕەوا بوو لەمەڕ دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان، لەولاشەوە بەڕێژەیەکی زۆرباش کورد توانی هەموو هێزی سەربازیی عێراق سەرقاڵ بکات بەخۆیەوە.

یەکێتی سۆڤییەت ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی لە ڕێککەوتننامەی ئازاری ١٩٧٠دا کە سەدام حوسێن ددانی نا بە مافەکانی گەلی کورددا و بۆ ماوەی چوار ساڵیش ئاگربەست ڕاگەیەندرا (عێراق ئەوەی دەویست، تا خۆی پڕچەک بکات). عێراق پەیوەندی لەگەڵ سۆڤییەت بەست، شای ئێران مەترسی پەیداکرد، داوای لە ئەمریکا کرد کورد لەخۆی نزیک بکاتەوە تا نزیک نەبنەوە لە سۆڤییەت لە ٩ی نیسانی ١٩٧٢ عێراق ڕێککەوتنی لەگەڵ سۆڤییەت کرد بۆ کڕینی چەک، تا خۆی بەهێزکرد، بۆ ئەوەی شەڕ دەست پێبکاتەوە بیانوویەک پێویست بوو، یاسایەکیان لە شوباتی ١٩٧٤ خستە بەردەست شۆڕش بۆ ئیمزاکردنی حوکمی زاتی، بێ ئەوەی پرسی دیاریکردنی سنوری تێدا بێت. هەر بەهۆی پرسی کوردەوە سەدام حوسێن پەنای بردە بەر شای ئێران و ڕێککەوتننامەی جەزائیری لە ساڵی (١٩٧٤)دا واژۆکرد، کە تیایدا عێراق دەستی لە بەشێک لە سنوری ئاوی خۆی لە “شەتولعەرەب” هەڵگرت بۆ ئێران. دوای ئەوەی شۆڕشی ئەیلوول لەو گەلەکۆمەکییە ناوچەییەدا خامۆش کرا. ئینجا سەددام حوسێن لە رێککەوتنەکە پاشگەزبووەوە و جەنگی عێراق- ئێران هەڵگیرسا (سەدام هەڵیگرساند) و (٨) ساڵی خایاندبەم پێیە، هەر پرسی کوردیش بوو بووە هۆی ئەوەی جەنگی دووەمی کەنداو بەرپابێت.

جیهانبینی ئەمریکا بەرانبەر کورد هێنری کیسنجەر لەسەردەمی جەنگی سارددا دایڕشتووەتەوە، ئەم دیدگایەش لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا  لەگەڵ ڕیتچارد هێلمس، باڵوێزی ئەو کاتەی ئەمریکا لە ئێران، لە تەموزی ١٩٧٣دا باس دەکات. لەوێدا کیسنجەر هاوکێشەی پەیوەندی کورد و ئەمریکا وێنا دەکات کە دەبێت تا ئەو ئاستە پاڵپشتی کورد بکرێت کە فشار بخاتە سەر نەیارەکانی ئەمریکا. نابێت ئەو فشارە بگاتە ئاستێک گۆڕانکاریی لە سیستەمی ناوچەکەدا درووست بکات. بۆیە دەبێت پشتیوانییەکە سنووردار بێت. تا ئێستاش شێوازی “پشتیوانی سنوردار” لە ئەمریکاوە بۆ کوردستان پەیڕەو دەکرێت. بۆیە شۆڕشی کوردستان کۆتایی پێ هات، چونکە باوەڕی ڕێبەری کۆچکردوو مەلا مستەفا وا بوو هەر جووڵەیەک بەبێ پاڵپشتی ئەمریکا یان سۆڤییەت سەرکەوتوو نابێت.

هایدرۆکاربۆن، ئاسایشی هەرێمی کوردستانی خستۆتە مەترسییەوە

پانۆڕامای ڕووداوەکان، لە دوای ساڵی (٢٠١٧)ەوە، کێرڤی ئابووریی سیاسی و ئاسایشی هەرێمی کوردستانیان بەرەو داکشان بردووە:

  •  لە سێپتەمبەری ٢٠٢١ دا، ویلایەتە یەکگرتوەکان، بە بڕی (٢٥٠) ملیۆن دۆلار پاڵپشتی دارایی کێڵگەی گازیی کۆرمۆری کردوە، ئەوەش بۆ فرەوانترکردنی وێستگەکانی کێڵگەکە (کە بە KH250) ناسراوە. چاوەڕێ دەکرێت لە کۆتایی (٢٠٢٤)دا ئاستی بەرهەمی ئەم کێڵگە سەرەکییە بگاتە (٧٥٠) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا و، ساڵی دواتریش هەنگاو بنێت بەرەو (١) ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی ڕۆژانە. کێڵگەکە کۆمپانیای کرێسنت پێترۆلیۆمی ئیماراتی لە ساڵی (٢٠٠٧)ەوە کاری تیادەکات.
  •  لە ساڵی (٢٠٢١)ەوە، هەرێمی کوردستان و تورکیا بەیەک بڕ و ئاڕاستە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەرەو پێشتر دەبەن، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سەرکردایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی ناوەندیی هەبووە لە ئاسانکاری گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و ئیمارات، ئەگەرچی ئەمە ڕەنگە ڕۆڵێکی لاوەکییانە بێت، بەڵام ڕاپۆرتکردن لە سەر بەشدارییەکی هەرێمی کوردستان بەڵگەی هەڵسوڕانی ڕۆڵێکی ناوەندییە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە.
  •  سەرەتای شوباتی ٢٠٢٢، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، گەشتێکی بۆ ئەنقەرە کرد بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە نزیکەکانی وزە لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان. هەر لەو مانگەدا هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە تۆڕی بۆڕی گازی خۆی بەرەو سنووری تورکیا درێژ دەکاتەوە، لە ڕێگەی بۆڕییەکی ١١٢ میلییەوە زامنی دابینکردنی بەرفرەوانی گاز دەدات. ئەوە هەنگاوێک بوو وەک بوێریکردنی تواناکانی هەناردەکردنی کوردستان دەرکەوت، هەروەها ئەوەی نیشاندا، کە پێگەی تورکیا وەک ناوەندێکی سەرەکی دابینکردنی گاز، بەتایبەتی بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا بابەتێکە هەموو کات بیرلێکراوەیە. دوو هەفتە دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەنقەرە، لە میانەی سەردانێکدا بۆ قەتەر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی تواناکانی گازی کوردستانی کرد. لە (٢٠٢٢ و ٢٠٢٣) سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم پێکەوە و بە جیاجیا (١١) جار سەردانی ئیمارات و قەتەریان کردوە.
  • ئەو جووڵانەی سەرەوە بەبێ مەترسی و ئاڵەنگاریی نەبوون، ئەوە بوو کە ئێران و گرووپە شیعییە- میلیشیاکان لە عێراق (بە ئاگاداری ڕووسیا)، بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چەندین هێرشی ئاشکرایان کردووەتە سەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان. لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ ەوە تا جانیوەری ٢٠٢٣ سێ جار بە کاتیۆشا و درۆن هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر.  لە ١٣ ی ئایاری ٢٠٢٢ دا ئێران (١٢) مووشەکی نا بە شوێنی نیشتەجێبوونی “شێخ باز بەرزنجی” خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی کار لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان (٤٠٪ ی هێڵی بۆڕی کوردستان کارگرووپ و ٦٠٪ ی ڕوسنەفت خاوەندارێتی دەکەن).
  • هەرێمی کوردستان، بەدەست دابەشبوونی سیاسی- ناوخۆییەوە دەناڵێنێت. بەپێی ڕاگەیەندراوی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٢دا، لە ئەنجامی كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەر، نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی، ڕێكخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان لە ھەرێم  ڕایگەیاند “ئەگەر گرێبەستی گازی سروشتی بە شەفافی و بێ ئاگایی ئەوان بەڕێوەبچێت، ئەوا دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆڕی گاز هەناردەی دەرەوە بكرێت. هەر هەفتەیەک دوای ئەم هەڕەشەیەی سەرۆکی یەکێتی، تیرەکان هەناوی حزبەکەی بافڵ تاڵەبانیان پێکا؛ گەورەترین بەرپرسی ئەمنی سەر بە حزبەکەی بافڵ تاڵەبانی کە لە دۆسییە هەستیارەکاندا کاری کردووە، لە ناوچەی سلێمانییەوە بەرەو هەولێر و ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵهات.

 

دەرئەنجام

ڕووسیا، توانیویەتی تا ئاستێکی زۆر لە عێراقدا بچێتە پێش، بەگشتی دەست و سەری ڕووسیا لەناو خوانی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە. بەڵام ڕێگای بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی نێوان ڕووسیا و عێراق بارگاویکراوە بە تەحەددای ناوخۆیی و دەرەکی. گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ سزا نێودەوڵەتییەکان، تەحەدای بەرچاو بۆ پەیوەندییە ئابوورییەکانی ڕووسیا و عێراق درووست دەکەن. هەروەک “مایکڵ بارانتشیک”یش لای وایە، گەشتکردن بەم ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییانەدا پێویستی بە بەشداریکردن لە گفتوگۆی بەردەوام هەیە لەسەر ئاستی دوولایەنە و ناوچەیی بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە جیۆپۆلەتیکییەکان و پەروەردەکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ هاوکاری ئابووری. بەربەستە داراییەکان، لەوانەش سنووردارکردنەکانی سزا نێودەوڵەتییەکان و نەبوونی ژێرخانی دارایی بەهێز، ڕێگری لە ڕەوتی بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی عێراق و ڕووسیا دەکەن. گەڕان بەدوای میکانیزمە داراییە جێگرەوەکاندا و بەهێزکردنی ژێرخانی دارایی دەتوانێت  ئاسانکاری بۆ ڕەوتی بازرگانی و وەبەرهێنان بکات، ئەمەش کاریگەرییەکانی ئەم بەربەستە داراییانە کەم دەکاتەوە. جگە لەوەش ژینگەی ڕێکخستنی کاروبارە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی عێراق دەتوانێت ئاستەنگ بۆ وەبەرهێنەرانی ڕووسیا دروست بکات. ڕێکخستنی پڕۆسەکانی ڕێکخستن و دڵنیابوون لە شەفافیەت زۆر گرنگە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری.

کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، دۆخی خراپی ئابووری و دابەشبوونە ناوخۆییەکان لە هەرێمێکی وادا، چاوەڕوانی پڕۆژەیەکی ستراتیجیی- گشتگیریی هەمەلایەنە دەکات، بۆ ئەوەی سەرچاوە سروشتییەکانی خۆی بوێرتر بکات و توانای هەبێت وەرچەرخانێکی جیۆپۆڵەتیکیی ئەنجام بدات، تا لەو ڕێگەیەوە خاڵی بەهێزی سیاسیی، ئابووری ، دیبلۆماسی و ئەمنی زیاتر بۆ خۆی تۆمار بکات.

  • بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، بەڕێوەبەری پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...