ئابووری

ئایا لە ناوەندە بازرگانییەکان برنجی پلاستیکی ھەیە یان تەنیا ھەواڵێکی چەواشەکارییە؟!

پ. ی. د. رابەر فەتاح ساڵح*

 

زۆر جار گوێبیستی دەنگۆی ھەبوونی برنجی پلاستیکی بووین، ئەم ھەواڵ و دەنگۆیانە نەک تەنیا میدیا کوردییەکان بەڵکوو ناوەندە میدیاکانی دنیاشی بەخۆی سەرقاڵ کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە ڕاستیدا پیشەسازی لە ژیانی ئێستادا پانتاییەکی بەرفرەوانی داگیرکردووە و دنیای سەرمایەداری و چاوچنۆکی گومانی خستۆتە سەر زۆر پێداویستی چ وەکوو کەلوپەل و پێداویستییەکانی ڕۆژانە، یان پێویستییە خۆراکییەکان. دەنگۆی ھەبوونی برنجی پلاستیکی چەند ساڵێکە بەکاربەرانی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.

برنج یەکێک لە خواردن و ژەمە سەرەکییەکانی ھەر تاکێکە، ویست لە سەر خواردن و بەکاربردنی زۆرە؛ بەگشتی لە کاربۆھیدرات و پڕۆتین پێکهاتووە.

بۆ ڕاستی و دروستی ئەو بابەتە بە پێویست زاندرا بەدواداچوون بکرێت. سەرچاوە ھەواڵی و توێژینەوەکان بەمشێوەیە ئاماژە بە دۆخەکە دەکەن.

 

لە ھیندستان لە دۆسیەیەکی بەردەم دادگای باڵادا کێشەی ھەبوونی برنجی پلاستیکی گفتوگۆ کرا. بەڵام ڕاپۆرتەکان پشتڕاست نەکرانەوە

 

لە ھیندستان لە دۆسیەیەکی بەردەم دادگای باڵادا کێشەی ھەبوونی برنجی پلاستیکی گفتوگۆی لەبارەوە کرا. بەڵام ڕاپۆرتەکان پشتڕاست نەکرانەوە، واتە ئەو دەنگۆیانەی ھەبوون نادروست دەرچوون. سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٦دا، ڕاپۆرت کرا کە ٢،٥ تۆن برنجی پلاستیکی لە نەیجیریا دەستی بەسەردا گیراوە. چەند ھەفتەیەک دواتر، دوای پشکنینە سەرەتاییەکان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فیدڕاڵیی نەیجیریا ڕایگەیاند، کە ئەو ماددەیە ھەموو تایبەتمەندییەکانی برنجی ڕاستەقینەی تێدایە و ھیچ بەڵگەیەک نییە کە برنجی پلاستیکی لە وڵاتەکەیاندا ھەبووبێت و فرۆشرابێت.

دواتر، دەزگای نیشتمانی و بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵکردنی خۆراک و دەرمان ڕایگەیاند، کە برنجی دەستبەسەرداگیراو بە بەکتریا پیس بووە، ئەمەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە برنجەکە ڕاستەقینە بووە و دوورە لە برنجی درووستکراو لە پلاستیک.

 

لە سۆشیال میدیاکانی فلیپین ئاماژە بە ھەبوونی برنجی ساختە کرا. لە ساڵی ٢٠١٧دا دەنگۆی برنجی پلاستیکی لە گامبیا و غانا ھەبوو، بەڵام ئەو دەنگۆیانە پشتڕاست نەکرانەوە

 

بەھەمان شێوە لە سۆشیال میدیاکانی فلیپین ئاماژە بە ھەبوونی برنجی ساختە کرا. لە ساڵی ٢٠١٧دا دەنگۆی برنجی پلاستیکی لە گامبیا و غانا ھەبوو، بەڵام ئەو دەنگۆیانە پشتڕاست نەکرانەوە. دەسەڵاتی خۆراک و دەرمانی غانا لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامدا و بۆی دەرکەوت کە ئەو نمونانەی کە گومان دەکرا برنجی ساختە بن، ڕاست دەرنەچوون.

لە لایەکی دیکە، ماڵپەڕی سنۆپس کە لێکۆڵینەوە لە ئەفسانەی شارەکان دەکات، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم جۆرە ڕاپۆرتانە یان ساختەن یان نەسەلمێنراون. ئاماژەی بەوەداوە، کە دانەوێڵەی برنجی پلاستیکی بە ئاسانی دوای کوڵاندن دەستنیشان دەکرێت، ڕەنگە بەرھەمهێنانیان لە برنجی ڕاستەقینە گرانتر بێت، بۆیە ھەواڵەکان نادروستن. ھۆکارەکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەھۆیانەوە پارێزگاری لە بەرھەمی خۆماڵی و ناوخۆیی بکەن و لە بەرانبەردا بێمتمانەیی بە ھاوردەکردنی دەرەکی زیاد بکەن، ھەروەھا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو جۆرە ڤیدیۆیانەی زۆرجار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرێنەوە و وا پیشان دەدەن کە برنج لە ماددەی پلاستیکی درووست دەکرێت، ساختەن و بە ئەنقەست بەکاردەھێندرێن بۆ پشتگیریکردنی بەرهەمی برنجی ناوخۆیی.

 

برنجی ڕاستەقینە، لە پیشەسازی پلاستیک و درووستکردنی ماددەی پلاستیکی بەکاردەهێنرێت، نەک ماددەی پلاستیکی لە درووستکردنی جۆرێکی دەستکردی برنجدا بەکاربهێنرێت

 

ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە، چەندین ساڵە لە میدیا و سۆشیال میدیای باشوری کوردستانیشدا دەستاودەستیان پێ دەکرێت. چەند هەفتەیەک لەومەبەر، زۆر بە گەرمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو دەنگۆیە بڵاوکرایەوە، کە برنجی پلاستیکی یان درووستکراو لە پلاستیک لە شاری سلێمانی هەیە. لەوبارەیەوە، لێژنەی تەندروستی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند، دوای بەدواداچوون و پشکنینی سەرجەم جۆرەکانی برنج کە لە بازاڕەکانی شاری سلێمانی دەفرۆشرێن، دەرکەوتووە، کە هیچ جۆرێکی برنج لە بازاڕەکانی سلێمانی نییە کە ماددەی پلاستیکی تێدا بێت و دەنگۆکان بە تەواوەتی ناڕاستن.

دەرئەنجام دەکرێت بڵێین ھیچ ڕاستییەک لە ھەبوونی ئەو بڵاوکراوانە نییە، ڤیدیۆکانیش پەیوەندیدارنین بە درووستکردنی برنج، بەڵکوو وردیلە پلاستیکن و لە درووستکردنی کەرستە و پێویستییەکانی ڕۆژانە بەکاردەھێندرێن. جگەلەوە زۆرجار خودی دانەوێڵەی برنج بەھۆی ھەبوونی ئەو لینجییەی کە ھەیەتی وەک لکێنەر تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ نایلۆن و پلاستیک لە پیشەسازی درووستکردنی ماددە پلاستیکییەکاندا.

واتە بە پێچەوانەوە، برنجی ڕاستەقینە، لە پیشەسازی پلاستیک و درووستکردنی ماددەی پلاستیکی بەکاردەهێنرێت، نەک ماددەی پلاستیکی لە درووستکردنی جۆرێکی دەستکردی برنجدا بەکاربهێنرێت.

لێرەدا بایەخدان بە بەرھەمی ناوخۆ و خۆماڵی ئەرکی ھەر کامێکمانە و بەدڵنیاییەوە لە ڕووی کوالێتی و پێکهاتە خۆراکییەکانەوە بەرھەمی جووتیارانی خۆمان زۆر باشتر و پڕ بایەخترە.

 

 

  • رابەر فەتاح، پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە لە بەشی بەروبوومی کێڵگەیی و ڕووەکە پزیشکییەکان لە کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سەلاحەدین-ھەولێر.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...