سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور

شەرم و خۆزگە

 

چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا برادەرێکی خۆشەویستم پەیامێکی بۆ ناردبووم و پرسیاری کردبوو: “چییە ئەوە؟ لای تۆ ھێشتا کوردستان یان نەمان و کوردایەتی ھەیە؟ ھەر ماوە؟؟” دیارە بەھۆی ھەندێک نووسین و ھەڵوێستم ئەو پەیامەی ناردبوو و دواتر تێگەیشتم کە بە جۆرێک لە سوعبەت ئەو پرسیارەی کردووە، ئەگینا خۆیشی تا بڵێی کەسێکی نیشتیمانپەروەر و پەرۆشە.

جیا لەو پرسیارەی برادەرەکەم، بەڵێ بەداخەوە لەناو خودی کوردستاندا تەنانەت لەلایەن ھەندێک خەڵکی سیاسی و ڕۆشنبیر و ئاکادیمی و میدیاکاریشەوە ئەو گوتارە خەریکی برەودانە کە ئیدی نیشتمان و ئەو مەفاھیمانەی پەیوەستن بە خاک و کوردبوون بەسەرچوو ھەژمار بکرێن و تەنانەت باسکردنیشی بچێتە چوارچێوەی  شەرم و عەیبەش. ڕەنگە بوونی کێماسیی ناوخۆیی و ململانێی سیاسیی لایەنەکان و بەھێزبوونەوەی خۆسەپاندن و تایفەگەریی و ناوەندگەرایەتیی لەلایەن دەستەڵاتدارانی عێراقەوە جۆرێک لە نائومێدی لەناو خەڵکی کوردستان درووست کردبێت، ھەتا ڕادەیەک کە ھەندێک کورد ڕەوایەتی بدەنە زێدڕۆییەکانی دەستەڵاتدارانی عێراقی، بەڵام پرسیاری جەوھەری ئەوەیە ئایا ئەو پاساوانە ئەرزشی ئەوەی ھەیە تۆ ڕێگە بەخۆت بدەی پشت لە چەمکە نیشتمانی و نەتەوەییەکانت بکەیت؟

ئایا بوونی گرفت و کێشە لەناو خێزان و دامەزراوە و وڵات و ھەر یەکەیەکی تری کۆمەڵایەتی، دەبێت ھانمان بدات کۆی پڕۆسەکە بە ھەڵە بزانین و گاڵتەی پێ بکەین؟

ئایا ئەگەر نەیارە مێژووییەکانمان بەھێز و دڕ و ناتەبیعی بن و یاسا نێودەوڵەتییەکان دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان قەدیان گرتبێت، کەواتە دەبێت دەستبەرداری ئەو مەفاھیم و پێناسانە بین کە پەیوەستن بە بوونمانەوە؟

خۆ ئەمە بابەتێکی تازە نییە، لە زۆر وێستگەی مێژووییتریش کورد تووشی گرفتی خۆبەکەمزانین و مەیلی خۆبەدەستەودان بووەتەوە. پرسیار ئەوەیە بۆچی بەردەوام ئێمە بە کەم سەیری خۆمان دەکەین و ئەوی تر لەخۆمان باشتر و ڕەواتر و لەسەر حەقتر دەبینین؟

وەڵامی ئەو پرسیارە جەوھەرییانە دەبێت خەڵکی شارەزا و مێژووزان و دەروونناس بدەنەوە و لە تاقەتی ئەو نووسینەدا نییە. بەڵام حەقیقەتێکی ڕەھا ھەیە کە دەبێی لەژێر ھەر بارودۆخ و دڕدۆنگی و نالەباری و ناکامییەکدا تاک تاکی کوردستانیان بڕوایان پێی ھەبێی و بەردەوام لەگەڵ خۆیاندا بیڵێنەوە.

ئەو دەرفەتەی بۆ ژیان لەسەر گۆی زەوی دراوەتە ئینسانەکان، دەرفەتێکی یەکسانە. گەلی کوردستان بەشێکە لە مرۆڤایەتی و دەبێت پارێزگاری لە بوونی خۆی بکات و بمێنێتەوە. ھەروەکچۆن نەتەوە و گەلەکانی تر مافی سەروەری و خۆپێگەیاندن و پێشکەوتنیان ھەیە، گەلی کوردستانیش ئەو مافەی ھەیە. جگە لەوەش گەلی کوردستان سەروەری و سنوور و پەرژینی نییە ھەتا بپارێزرێت و بەردەوام لەژێر ھەڕەشە و پیلانگێڕی و نکۆڵیکاریدایە. ئێمە گەلێکی زوڵملێکراو و دابەشکراوین و ھەڕەشەی وجوودییمان لەسەرە، بۆیە زیاتر لە ھەر نەتەوەیەکی تر ناسنامە و خاک و کەرامەت بۆ ئێمە مانای ژیان و مانەوە دەدات. دەبێت ھەموومان پرسیار بکەین: ئەگەر خاک و ناسنامە گرنگ نین ئەدی بۆچی داگیرکاران ئەوەندە ھەستیارن بە خاک و ناسنامەیان؟ بۆچی ژووری عەمەلیات و ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و ئەمنی قەومییان ھەیە؟ بۆچی خاک و سنوور و کەرامەت و وجوود بۆ ئەوان بەسەرچوو نییە، بەڵام بۆ کورد بەسەرچووە؟ بۆچی ھەموو نەتەوەکان ئاڵا و مەراسیم و سروودیان ھەیە و بە شانازییەوە ڕێزی لێ دەگرن، بەڵام بۆ ئێمە دەبێت بە شەرمەوە باسی بکەین؟ عێراقییەکان کە نەیانتوانیوە دەوڵەتێکی سەردەمییانە و گونجاو بۆ ژیان بنیاتبنێن و یەکەمی وڵاتە گەندەڵ و ھەژارەکانە، کەچی ڕێزی ئاڵا و مەفاھیمەکانیان دەگرن. ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە زۆر دژی کۆماری ئیسلامیین، بەڵام سەیریان بکەن لە بابەتی خاک و سنوور و دژایەتیکردنی مافی گەلی کورد و کەمینەکانی ئێران زۆر لە کۆماری ئیسلامی توندترن، ھیچ شەرمیش ناکەن و بە عەیبەی نازانن. ئۆپۆزیسیۆنی ئیسڕائیلی سەرباری ئەوەی کێشەی زۆر قووڵیان لەگەڵ حکوومەتەکەی نەتانیاھۆدا ھەیە، بەڵام لە دۆخی شەڕ و مان و نەماندا پشتی حکوومەتی ئیسڕائیل دەگرن. ئەمە و دەیان و سەدان نموونەی تر ھەن کە پێمان دەڵێن بۆ خەڵکی سەرانسەری جیهان بابەتی بوون و خاک و کەرامەت ئەولەویەتی شتەکانە. بۆ گەلی کوردستان کە بوونی لەژێر ھەڕەشە و پرسیارە، دەبێت زیاتر لە خەڵکی تر پێداگیر بین لەسەر ئەو بەھایانەی مانای بوون و مانەوەمان دەدات.

خۆزگە لەناو کورددا لەپاش ئەو ھەموو زوڵم و ئەنفال و ناحەقییە کە لەبەرانبەریدا کراوە، کەس پێی شەرم نەبا باسی شانازییەکان و وڵاتەکەی بکات. یانیش خۆزگە لە جیهاندا یەکسانی و عەدالەت ھەبا، و دەوڵەت و سنوور و نەتەوە و پاسپۆرت و شەڕ و چەوسانەوە بوونیان نەبا، ئەوکات ڕاستە، شەرم بوو کورد باسی کوردستان بکات.

زكری موسا

نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...