ئابووری
ئاراستەکان

٣٩٪ی یەکە گەشتیارییەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانن

بەگوێرەی ڕووپێوییەکانی دەستەی ئامار و سەرژمێری عێراق، لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە، زۆرترین یەکەی گەشتیاری لە کەربەلا هەڵکەوتوون و لە پلەی دووەمیشدا پارێزگای هەولێر دێت. بەنزیکەی نیوەی میوانانی یەکە گەشتیارییەکان لەسەر ئاستی عێراق، لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە، لەکاتێکدا یەکە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣٩٪ی تێکڕای یەکە گەشتیارییەکانی عێراق پێکدەهێنن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

یەکە گەشتیارییەکان لە عێراق

لەماوەی ١٥ ساڵدا (٢٠٠٧-٢٠٢١) ژمارەی هۆتێل و کۆمەڵگەکانی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە، زۆر بەخێرایی هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە؛ لە ٤٩٢ یەکەی گەشتیاری لە ساڵی ٢٠٠٧دا بۆ دوو هەزار و ٣١٣ یەکەی گەشتیاری لە ٢٠٢١دا. هاوکاتی ئەوە، ژمارەی کرێکارانی یەکە گەشتیارییەکان هەڵکشاوە.

لە ساڵی ٢٠١٩دا هەڵکشانێکی گەورە لە ژمارەی یەکە گەشتیارییەکان و ژمارەی کرێکاران تۆمارکراوە. لەو ساڵەدا دوو هەزار و ٢٨٢ یەکە تۆمارکراون، کە ساڵی پێشتر (٢٠١٨) ژمارەکە تەنیا هەزار و ٦٦٦ یەکە بوو، ئەوە هەڵکشانێکە بەڕێژەی ٣٧٪ لەماوەی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩، هاوکات ژمارەی کرێکاران لەو یەکە گەشتیارییانەدا لە هەشت هەزار و ٩٢٠ کرێکار لە ٢٠١٨ بۆ ١٤ هەزار و ٧٠٨ کرێکار لە ٢٠١٩دا بەرزبووەتەوە؛ هەڵکشانێک بەڕێژەی ٦٤.٩٪ لەژمارەی کرێکاراندا. بەڵام لە ساڵانی دواترەوە داکشانێکی خێرا لە ژمارەی کرێکارانی یەکە گەشتیارییەکان ڕوودەدات؛ لە ١٤ هەزار و ٧٠٨ کرێکارەوە بۆ ١٢ هەزار و ٩٨٩ کرێکار لە ساڵی ٢٠٢٠دا؛ پاشەکشەکە ڕێژەی ١١.٧٪ دەگرێتەوە، هێشتا پاشەکشەیەکی گەورتر لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕوودەدات کە ژمارەی کرێکاران بۆ تەنیا شەش هەزار و ٨٢٧ کرێکار دادەبەزێت؛ پاشەکشەیەک بەڕێژەی ٤٧.٤٪. کەمبوونەوەی ژمارەی کرێکاران لە ساڵی ٢٠٢١دا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و سستبوونی چالاکییەکان بەگشتی لەماوەی ئەو ساڵەدا دەگەڕێتەوە.

 

دابەشبوونی یەکە گەشتیارییەکان

ڕووپێوی یەکە گەشتیارییەکانی عێراق، لەلایەن دەستەی ئامار و سەرژمێری عێراقەوە تا ساڵی ٢٠٢١ بەردەستخراوە. تا ئەو ساڵە، دوو هەزار و ٣١٣ هۆتێل و کۆمەڵگەی گەشتیاری لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکراون، کە شەش هەزار و ٨٢٧ کرێکار کاریان تێدا دەکەن.

لەسەر ئاستی عێراق، پارێزگای کەربەلا بە لەخۆگرتنی ٦٠٢ هۆتێل و کۆمەڵگەی گەشتیاری (ڕێژەی ٢٦٪)، لە پلەی یەکەم و پارێزگای هەولێر بە لەخۆگرتنی ٤٦٢ یەکەی گەشتیاری (ڕێژەی ٢٠٪) لە پلەی دووەمی سەر ئاستی عێراق و پلەی یەکەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەگرێت.

پێوەست بە هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای سلێمانی ٣١٠ یەکەی گەشتیاری (ڕێژەی ١٣.٤٪) و پارێزگای دهۆک بە ١٤٠ یەکەی گەشتیاری (ڕێژەی ٦٪)ی سەر ئاستی عێراق پێکدەهێنن. بەسەریەکەوە ٩١٢ یەکەی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان هەن، کە ڕێژەی ٣٩.٣٤٪ی کۆی هۆتێل و کۆمەڵگەی گەشتیاری لە سەرتاسەری عێراق پێکدەهێنێت.

هەرچی پێوەندی بە ژمارەی کرێکارانی ئەو یەکە گەشتیارییانەوە هەبێت، لە سەر ئاستی عێراق شەش هەزار و ٨٢٧ کرێکار لەخۆدەگرن، کە سێ هەزار و ١٧٧ کرێکاریان لەپاڵ یەکە گەشتیارییەکانی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن؛ هەولێر هەزار و ٧٢٤، سلێمانی هەزار و هەشت کرێکار و ٤٤٥ کرێکاری دیکەیش لە یەکە گەشتیارییەکانی دهۆک هەن. لەسەر ئەو بنەمایە، ڕێژەی ٤٦.٥٤٪ی سەرجەم کرێکارانی یەکە گەشتیارییەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستانن، لەکاتێکدا یەکە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێژەی ٣٩.٣٤٪ لەسەر ئاستی عێراق پێکدەهێنن.

ژمارەی زیاتری کرێکاران لە یەکە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق، نیشاندەری ئاستی چالاکی گەشتیارییە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق و هاوکات نیشاندەرێکیشە بۆ جێکردنەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکاران لە یەکە گەشتیارییەکاندا.

سەرنجڕاکێشە، کە لە سەر ئاستی عێراق پارێزگای هەولێر بەڕێژەی ٢٥.٢٪ی تێکڕای کرێکارانی یەکە گەشتیارییەکان لەخۆدەگرێت، کە بەرزترین ڕێژەیە لەڕووی ژمارەی کرێکارانەوە، لەکاتێکدا پارێزگای کەربەلا کە نوێنەرایەتی زۆرترین یەکەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق دەکات (ڕێژەی ٢٦٪)، بەڵام لەڕووی ڕەخساندنی هەلی کار لەو کەرتەدا، تەنیا ڕێژەی ٢٠.٣٪ی کرێکاران لەخۆدەگرێت.

 

ژمارەی میوانەکان

لەماوەی ساڵی ٢٠٢١دا، سەرجەم هۆتێل و کۆمەڵگە گەشتیارییەکانی عێراق پێشوازییان لە ١٢ ملیۆن و ١٢٩ هەزار و ٦٧٢ میوان/گەشتیار کردووە. لەو ژمارەیە ١٠ ملیۆن و ٢٩٨ (ڕێژەی ٨٤.٩٠٪) گەشتیاری ناوخۆیی و ملیۆنێک و ٨٣١ هەزار و ٣٧٩ (ڕێژەی ١٥.١٠٪) گەشتیاری بیانی بوون. دیسان ڕێژەی (٤١.١٨٪)ی میوانە بیانییەکان لەسەر ئاستی عێراق لە هۆتێل و کۆمەڵگە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان ماونەتەوە.

یەکە گەشتیارییەکانی چوار پارێزگا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان؛ بەغدا، کەربەلا، هەولێر و سلێمانی، بەڕێژەی ٨٧.٨٤٪ی تێکڕای میوانەکانیان لەخۆگرتووە. لەو چوارچێوەیەدا پارێزگای کەربەلا لە پلەی یەکەم دێت بە لەخۆگرتنی ڕێژەی ٢٦.٥١٪ی تێکڕای میوانانی یەکە گەشتیارییەکانی عێراق، لە پلەی دووەمدا پارێزگای سلێمانی بەڕێژەی ٢٤.٨٩٪، پاشان پارێزگای هەولێر بەڕێژەی ١٩.٢٢٪ لە پلەی سێیەمدا و پارێزگای بەغدایش بەڕێژەی ١٧.٢٢٪ پلەی چوارەمی گرتووە.

پارێزگای کەربەلا کە نوێنەرایەتی گەشتیاری ئایینی دەکات، لەڕووی ژمارەی میوانانی یەکە گەشتیارییەکان، پلەی یەکەمی سەر ئاستی عێراقی وەرگرتووە، بەدوایدا پارێزگای سلێمانی و پاشان پارێزگای هەولێر لەڕووی میوانانی یەکە گەشتیارییەکانەوە، زۆر پێش بەغدای پایتەختی عێراق کەوتوون.

هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە لەخۆگرتنی پێنج ملیۆن و ٦٦٩ هەزار و ٤٥ میوان لەکۆی ١٢ ملیۆن و ١٢٩ هەزار و ٦٧٥ میوان، ڕێژەی ٤٦.٧٤٪ی تێکڕای میوانانی یەکە گەشتیارییەکانی عێراقیان لەماوەی ساڵی ٢٠٢١دا لەخۆگرتووە.

 

گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا

تا ساڵی ٢٠٠٩، تەنیا ٣١٥ یەکەی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا هەبوو؛ دهۆک ١١٦ یەکە، سلێمانی ١٠٦ یەکە و ٩٣ یەکەی دیکەیش لە هەولێر بوون. ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٢دا بۆ ٦١٤ یەکەی گەشتیاری هەڵکشا: بەرزبوونەوەیەک بەڕێژەی ٩٤.٩٪ بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٩. لەو ساڵەدا، بە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تەنیا هەزار و ٨٤ یەکەی گەشتیاریان لەخۆدەگرت.

گەشەی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوام بوو، ساڵی ٢٠١٣ ژمارەی یەکە گەشتیارییەکان بۆ ٧١١ یەکەی گەشتیاری بەرزبووەوە، بەڵام لەگەڵ شەڕی داعش و قەیرانی ئابووری لە ٢٠١٤ەوە، پاشەکشەیەکی خێرا ڕوویدا، ڕووپێوی یەکە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان پیشانی دەدات کە لە ساڵی ٢٠١٦دا، ژمارەی یەکە گەشتیارییەکان بۆ ٥٧٧ یەکە دابەزیوە. لە ساڵانی دواتردا جارێکی دیکە هەڵکشان ڕوویداوە؛ ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٨٦٧ یەکەی گەشتیاری و لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ ٩١٢ یەکەی گەشتیاری بەرزبووەوە.

هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی لەباری هەیە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و بەرپرسانی حکوومەت و وەبەرهێنانیش هانی وەبەرهێنەران بۆ کارکردن لە کەرتی گەشتیاری دەدەن. بەپێی ئامارەکانی وەبەرهێنان لە تەمووزی ٢٠١٩ەوە تاوەکوو تەمووزی ٢٠٢٣، لە دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەت بە ٣٩ پڕۆژە لە کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان دراوە. هاوکات لەو چەند ساڵەدا ژمارەی یەکە گەشتیارییەکانیش هەڵکشاون، بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان ٨٠ هەزار شوێنی مانەوە لە چوارچێوەی یەکە گەشتیارییەکاندا هەیە و داهاتی کەرتی گەشتیاریش لە ٢٠٢٣ بەراورد بە ٢٠١٩ بەڕێژەی ١٧٪ زیادی کردووە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...