بەپێی ئامارێكی نوێی كۆمپانیای سۆمۆی بەبازاڕكردنی نەوت، عێراق تەنیا لە مانگی یەكی ئەمساڵدا، بڕی زیاتر لە ١٠٣ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە و بە گوێرەی ئامارێكی دیكەی وەزارەتی نەوتی عێراقیش، لە ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە یەك ملیار بەرمیل نەوت، لەلایەن عێراقەوە هەناردەی دەرەوەی وڵات كراوە.
دەزانم تۆی خوێنەر، كاتێك لە سەرەتادا ئەم وتارەت خوێندەوە، فۆكەست تەنیا چووە سەر ئامارێكی بێ ڕۆح و تووشی ڕاچڵەكین نەبوویت! ئەوەیان ڕەنگە ئاسایی بێت، ڕۆژانە میدیاكان سەبارەت بە زۆر پرس ژمارە بڵاو دەكەنەوە و مێشكی مرۆڤی عێراقییان بە ژمارەی بێ ڕۆح و ئەنجام كە هیچ سوودێكیان نییە، پڕ كردووە!
ئەگەر هەڵوەستەیەك بكەین و ژمێریارێك بێنین و داوای لێ بكەین كە داهاتی ئەو ملیار بەرمیل نەوتەی لە ماوەی یەكساڵدا هەناردە كراوە، كۆبكاتەوە و دواتر بە خزمەتگوزارییەكان و خۆشگوزەرانی و شكۆی مرۆڤی عێراقی بەراورد بكەین، دەبینین زۆینەی هاووڵاتییانی عێراقی لە وڵاتێكی وێرانەدا دەژین و بە ئاشكرا سامانە سرووشتییەكانی وڵات لەلایەن كەمینەیەكەوە دەستی بەسەردا گیراوە یان زەوتكراوە و زۆرینەی خەڵكەكەشی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
عێراق، بەپێی هەناردەی نەوت، یەكێكە لە وڵاتە دەوڵەمەندەكان، واتە داهاتێكی گەورەی بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە بەدەست دەكەوێت، ئەگەر وڵاتێكی دادپەروەر بووایە، خەزێنەی دەوڵەت سەرڕێژ دەبوو، خۆشگوزەرانییەكی هاوشێوەی ئەورووپا ڕووی لە عێراق دەكرد، ڕەنگە یۆنانی و ئیتاڵی و ئیسپانییەكیش داوای مافی پەنابەریان لە عێراق دەكرد، بەڵام جوان دیقەتی هاوكێشەكە بدەن، ئێستا هاووڵاتیی عێراقێكی دەوڵەمەند، ئەو وڵاتانە وەك ترانزێتی پەڕینەوە و هەڵاتن لە چنگ عێراق بەكار دەهێنن!
سەرەڕای ئەو داهاتە گەورەیەی نەوت، دەبینین ڕێژەیەكی نزمی داهاتەكە دەچێتە گیرفانی هاووڵاتییانی عێراقییەوە، ئەویش زیاتر بە مووچەیەكی كەم لە داهاتی نەوتدا سوودمەند دەبن، كەچی دیوەكەی دیكەی هاووڵاتییان لەو داهاتە سوودمەند نین و هیچ كەس و لایەنێكی سیاسی و دادگە و پەرلەمان و حكوومەت و دامەزراوەیەك و تەنانەت نووسەر و ڕۆشنبیران و میدیایەكیش لەسەر ئەو ملیۆنان خەڵكە نایەنە دەنگ كە هیچ مووچەیەكیان نییە و سامانی نەوت بۆیان بووەتە بەدبەختی، لەكاتێكدا نەوت سامانێكی گشتییە و دەبێت هی هەموو عێراقییەك بێت، ئەوانەی مووچەخۆریش نین، دەبێت پشكیان لە داهاتی نەوت هەبێت، ئێستا كە نادرێت، بێگومان گەندەڵی و ستەمكارییە بەرانبەر ئەو خەڵكە دەكرێت.
ئەو زۆرینەیەی هاووڵاتی عێراقی كە سوودمەندی داهاتە زەبەلاحەكە نین، لە دۆخێكی یەكجار خراپدا دەژین، خەریكە هیچ ئومێدێكیان بە داهاتووی خۆیان و منداڵەكانیان نامێنێت، بەهۆی ئەوەی دەوڵەت هیچ هاوكارییەكی ماددی ئەو خەڵكە زۆرینەیە ناكات، (سیاسەتی كەیفی خۆتە و بۆخۆت بژی) پەیڕەو دەكرێت، دەبینین كەمینەیەكیش لە بەرپرسان و كەسە نزیكەكانیان و ئەوانەی لە سەرچاوەی داهاتە گەورەكەوە نزیكن، بە خێرایی كۆشك و تەلار و باڵەخانەی گەورە بەرەو ئاسمان دەبەن و پرۆژەی بزنسی گەورە دەكەنەوە، وەك ئەوەی نەوتی ئەو وڵاتە، تەنیا مافی خۆیان بێت، بە ئارەزووی خۆیان تەخشان و پەخشانی دەكەن.
هاووڵاتی عێراقی لەگەڵ ئەوەی هیچ خزمەتگوزارییەكی خۆڕایی نییە، بەهۆی ئەو شەپۆلی بە كۆمپانیاكردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەكان و پەیڕەوكردنی سیستەمی سەرمایەداری و بازاڕی ئازادەوە، (لە عێراق بووەتە بازاڕی بێسەروبەری)، خەریكە دەخنكێنرێت، تەنانەت مردنیش بووەتە پارە، تۆی هاووڵاتیی عێراقی ئەگەر دووچاری نەخۆشییەكی قورس ببیت، لە نەخۆشخانەكانی حكوومەت، زۆر زەحمەتە شوێنی خەوتن دەست بكەوێت، ناچاریت بە پارەی خۆت بچیت لە نەخۆشخانە ئەهلییەكاندا بمریت! ئەگەر پێشەكی پارەت نەدابێت، تەنانەت تەرمەكەشت بە كەسوكارت نادرێتەوە! سەیری ئەو كۆمێدیایە بكەن، لە دۆخی ئەوەی هەموو شتەكان بەرەو بەكۆمپانیاكردن دەبەن، تەنیا خزمەتگوزارییەك بە خۆڕایی پێشكەشی هاووڵاتییان دەكرێت، ئەویش دەرهێنانی كارتی دەنگدانە! بۆچی؟ ئیشیان بە دەنگەكەتە بۆ ئەوەی شەرعیەت بە گەندەڵییەكانیان بدەنەوە!
عێراق، بێئاگایە لەوەی لە دەروونی ئەو خەڵكە زۆرەدا، خەریكە جۆرێك لە ناڕەزایەتی و هێزی كپكراو خۆی ڕادەپسكێنێت، ئەگەر ئەو ناعەدالەتی و گەندەڵییە بەردەوام بێت، ئەو لەشكرە زۆرەی سوودمەندنەبووان لە داهاتی نەوت، لە دەسەڵات هەڵدەستنەوە و تەڕ و وشك پێكەوە دەسووتێن، كەچی ئەو بێباكییەی دەسەڵاتدارانی عێراق، هێندە تۆخ بووەتەوە، هاكە جەماوەرە گەورە ناڕازییەكە تەقینەوە، ئەوكات لە شێوەی شۆڕشێكی جەماوەریدا كۆشك و باڵەخانە دروستكراوەكان بە پارەی دزراوی نەوت، فریایان ناكەون و هاوشێوەی پەیكەرەكەی سەددام حوسێن دەخرێنە خوارەوە.
ڕاستە لە دۆخی شۆڕشدا هەموو شتەكان بەرەو باشی ناچن، بەڵام ئەگەر دۆخەكە تێك بچێت، بە یەكجاری لە هەموومان تێك دەچێت، دەسەڵاتدارانی عێراق دەبێت لەو ڕاستییە تێ بگەن، ئەو لەشكرە زۆرەی خەڵكی ناڕازی و كپكراو، ئەگەر بێنە سەر شەقام، ژمارەیان هێندە زۆرە، بە كوشتنی كەسێك و سەدانیان، جووڵانەوەكە ناوەستێت، كاتێك دێن بڕیاریان داوە بۆ هەڵسانەوە گەورەكە و دەزانن دەبێت قوربانی بدەن، ئەو هەڵسانەوەیەش پێشبینیكراوە، بە سۆنگەی ئەوەی خەڵكی عێراق ڕۆشنبیر و كراوە نیین تا ڕێگەی هەڵبژاردن و سیاسی بگرنەبەر، دەی دیقەت بدەن، زۆربەی دەسەڵاتدارانی عێراق، كورسییەكانیان بە ئاشتییانە چۆڵ نەكردووە، ئەو سەددامەی ڕۆژگارێك خەڵكی وێنەكەیان ماچ دەكرد، دواتر هەر ئەو خەڵكە خەونیان بە شكاندنی پەیكەرەكەیەوە دەبینی و دواجار خستییانە خوارەوە.