هه‌واڵ

کونسوڵخانەی ئەمریکا: دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێم دەکەین

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پاڵپشت بە ڕاپۆرتی ناوەندە چاودێرەکانی ئازادی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان، دەڵێ پێشێلکارییەکانی ئازادی ڕادەربڕین کەمبوونەتەوە و لەو ڕوانگەیەشەوە دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێم دەکات.

 

کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندە چاودێرەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان نیشانیاندا کە پێشێلکارییەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣ کەمبوونەتەوە و لە ناویشیاندا کەمبوونەوەی بەرچاوی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان.

زیاتر دەڵێ، “بینینی ئەم گۆڕانکارییە مایەی هاندانمانە و دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە هەوڵەکانی تا ئێستایان بۆ باشترکردنی ژینگەی میدیا و ڕاگەیاندن. بەڵام هێشتا ڕۆژنامەوانان و ناوەندە چاودێرەکان ڕاپۆرتی پێشێلکاریی لەسەر هەندێک لایەنی میدیایی بڵاودەکەنەوە لە ناویاندا دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی گشتی و بەشداربوون لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییانەی حکوومەت ڕێکیان دەخات”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی کونسوڵخانەی ئەمریکادا هاتووە: “بۆ باشترکردنی توانای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامدانەوەی پرسیاری بەجێی ڕاگەیاندنەکان لە کاتی خۆیدا، کار لەسەر ئەوە دەکەین گوتەبێژەکانی ناوەندە جیاوازەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بنێرین بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا باشتر تێبگەن لەوەی نووسینگەکانی ڕاگەیاندن لە حکوومەتی خۆمان لە ئەمریکا چۆن کارەکانیان ئەنجامدەدەن”.

سێ ڕاپۆرتی چاودێری لەبارەی ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین و پێشێلکارییەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکراونەتەوە، کە پێشێلکارییەکانی دژ بە ئازادی ڕادەربڕین بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پیشان دەدەن، بەڵام هەر یەک لە ڕاپۆرتی ناوەندەکان ژمارە و داتای جیاواز لەبارەی پێشێلکارییەکان دەخەنەڕوو.

بەگوێرەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، ٦٢ حاڵەتی پێشێلکاری بەرانبەر بە ١٢٨ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن تۆمار کراوە؛ بەپێی سەنتەری میترۆ هەر لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٢٤٩ حاڵەتی پێشێلکاری بەرانبەر ٢٤٧ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن تۆمار کراوە و بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پەیامنێران هەر لە هەمان ماوەدا، ١٦٤ حاڵەتی پێشێلکاری بەرانبەر بە ٣٢٨ ڕۆژنامەنووس و کەناڵی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...