ئابووریسیاسیشرۆڤه‌

گرنگترین بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی

مووچە و هەڵبژاردن، چی بەسەر دێت؟

بەکوردی و کورتی، گرنگترین خاڵە سەرەکییەکانی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دیاری دەکەین و لەگەڵیدا ڕوونکردنەوەی پێویستی بۆ دەکەین.

 

سەبارەت بە داوای مووچەی فەرمانبەران

پێشەکی ئەم ئەم داوایە، لەلایەن سێ هاووڵاتی سادە و ساکاری کوردستانەوە کرابوون، ئەوان هیچ ناونیشانێکی حکومیی و پەرلەمانیان نەبوو، ئەمە لە کاتێکدا دەبوو نوێنەرانی کورد لە پەرلەمان، ئەوان لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵاکار بوونایە و بەدەم ئەم داوایەوە بچوونایە! ئەمەش سەرکەوتنێکە بۆ ژیانی مەدەنی و چالاکی تاکەکەسی لەدەرەوەی داودەزگای فەرمی و بەرجەستەکردنی تێکۆشانی دیموکراسی تاکەکەسییە، لەلایەکی تر، کە قانوونی بودجە دەرچوو، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لەدادگای فیدڕاڵی داوای تانەلێدانی تۆمار کرد و پاش ماوەیەکی کورت، دادگا داواکەی ڕەتکردەوە.

 

گرنگترین بڕگەکانی بڕیاری دادگا سەبارەت بە مووچە ئەمانەن

  • لە ناوەڕۆکی دەقی داڕشتنی بڕیارەکەدا باسی سیستەمی فیدڕاڵی کراوە و ئاماژە بە قەوارەی هەرێمی کوردستان وەکوو هەرێمێک لە چوارچێوەی سیستەمی فیدڕاڵیدا هاتووە، شکۆی دەستوریی هەرێم ڕێزلێگیراوە، بەشێوەیەکی بەرز باسی شان و شەوکەتی گەلی کوردستان کراوە و بە باڵای گەلی کوردا هەڵدراوە، هەروەها ڕوونکراوەتەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵ پارێزگاکان و هەرێمەکان پارەدار بکات و بودجە بۆ هەرێم دابین بکات. بەو شێوەی کە بتوانرێت هەرێم پێداویستییەکانی سەرشانی خۆی هەڵبسوڕێنێت، لەهەمان کات ڕەچاوی بنەمای ژمارەی دانیشتووان بکرێت.
  • نابێت بەهۆی کێشەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێم، فەرمانبەرانی هەرێم لە مافی مووچە بێبەش بکرێن. دادگا دەستەواژەی نابێت (مەحروم) بکرێنی بەکارهێناوە، زیاتر لەوەش دەڵێ؛ ئەگەر حکوومەتی هەرێم پابەندیی خۆی بەرانبەر بە حکوومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ نەکرد، نابێت ئەمە بکرێتە هۆیەک بۆ بێبەشکردنی مووچەخۆران لە مووچەکانیان.
  • دادگا پشتی بە شیتەڵی ئایینی بەستووە و ئاماژەی بە چەندین دەقی قورئانی پیرۆز کردووە، کە پەیوەستن بە مافی بونیادەم و شکۆی مرۆڤ. ئەم شیکردنەوەیە لە قازانجی دەرچوونی بڕیارەکە نووسراوە، بۆ ئەوەی پشتیوانییەکی ئایینیی بە بڕیارەکانەوە بلکێندرێت.
  • دادگا حکوومەتی فیدڕاڵی پابەند کرد بە خەرجکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە، هاوتای عێراق (اسوە بأقرانهم) واتە کوتومت وەکوو باقی فەرمانبەرانی تری عێراق، لە چوارچێوەی جێگیرکردنی مووچە، کە بەعەرەبی پێی دەڵێن تەوتینی ڕاتب. ئەمەش مانای خەرجکردنی کۆی مووچەیە بەبێ لێبڕین کە پێی دەڵێن پاشەکەوتکردن.

دەبێت مووچە مانگانە بدرێت و لەهەمان کات مووچەش زیاد دەکرێت، هاوتای مووچەی حکوومەتی فیدڕاڵیی دەبێت، هەنگاوی یەکەم پێویستە هەرێم سیاسەتی تەوتینی مووچە لە ڕێگای وەزارەتی دارایی هەرێمەوە پەیڕەو بکات. ئەگەر هەرێم پابەندنەبوو، ئەوکاتە سەرجەم فەرمانگەکان دەتوانن ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بنێرن، بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە ڕێگای یەکێک لە بانکەکانی حکوومەتی فیدڕاڵەوە پارەدارکردن دابین دەکات و مووچە سەرف دەکات.

  • هەرێم پێویستە داهاتی نەوتی و نانەوتی تەسلیمی حکوومەتی فیدڕاڵ بکات.
  • وردبینی لەلایەن چاودێری دارایی فیدڕاڵ و هەرێمەوە دەکرێت.

 

سەبارەت بە قانوونی هەڵبژاردن ئەم بڕیارانەی دەرکرد؛

  • ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان تەنیا ١٠٠ کورسییە و ١١ کورسییەکەی کۆتا، پێچەوانەی دەستورە. پێکهاتەکانی تورکمان و کلدان و ئاشوری و ئەرمەن لەو ١٠٠ کورسییە بەپێی ژمارەی دەنگی خۆیان کورسی دەبەن.
  • کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە کرا بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، ئەوانیش بازنەکانی (سلێمانی، هەڵەبجە، هەولێر و دهۆک).
  • کارتی بایۆمەتری درێژخایەنی دەنگدان دەکرێتە مەرج بۆ دەنگدان .
  • تەنیا قەوارەی حزبی مافی دروستکردنی لیستی نییە، بەڵکوو ئەو مافە فەراهەمە بۆ هاووڵاتییان، دەتوانن بەبێ بوونی حزب بەشێوەی کەسی یان چەند کەسێک پێکەوە لیست دروست بکەن و بەشداری دەنگدان بکەن .

هاوڕێ تۆفیق

شارەزای یاسایی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...