كۆمه‌ڵایه‌تیهه‌واڵ
ئاراستەکان

سلێمانی لە هاوسەرگیری و هەولێر لە جیابوونەوەدا پێشەنگە

لەماوەی ساڵی ڕابردوو لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا، ٥٣ هەزار و ٨٧ گرێبەستی هاوسەرگیری و ١٤ هەزار و ٣١٢ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە. زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیری لە سلێمانی و زۆرترین جیابوونەوەیش لە هەولێر بووە.

 

بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ٥٣ هەزار و ٨٧ گرێبەستی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستاندا تۆمار کراون؛ پارێزگای هەولێر ١٧ هەزار و ٥٤٣ گرێبەست؛ پارێزگای سلێمانی، ٢٠ هەزار و ٤٢٧ گرێبەست؛ پارێزگای دهۆک، ١٢ هەزار و ٤٩٩ گرێبەست و لە دادگەی کەرکووک/گەرمیانیش دوو هەزار و ٦١٨ گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمارکراوە.

هەر بەگوێرەی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، گرێبەستی هاوسەرگیری لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا لەکورتی داوە.

هەر لەماوەی ئەو ساڵەدا، ١٤ هەزار و ٣١٢ حاڵەتی جیابوونەوە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراوە؛ پارێزگای هەولێر، پێنج هەزار و ٨٥٧ حاڵەت؛ پارێزگای سلێمانی، پێنج هەزار و ٤٣٢ حاڵەت؛ پارێزگای دهۆک، دوو هەزار و ١٦٤ حاڵەت و لە کەرکووک/گەرمیان ٨٥٣ حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە.

بەو پێیەش، زۆرترین گرێبەستی هاوسەرگیری لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لە پارێزگای سلێمانی و زۆرترین حالەتی جیابوونەوەیش لە پارێزگای هەولێر تۆمار کراوە.

ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە، کە هەر لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، ٨٣ حاڵەتی ڕێپێدان بە ژنهێنانی دووەم تۆمارکراوە؛ هەولێر ٣٤ حاڵەت؛ سلێمانی، ٣٢ حاڵەت؛ لە دهۆک ١٧ حاڵەت و لە سنوری کەرکووک/گەرمیان هیچ حاڵەتێکی رێپێدان بە ژنهێنانی دووەم تۆمار نەکراوە.

ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ١١ هۆکاری بۆ جیابوونەوەی هاوسەران بەگوێرەی گرووپەکانی تەمەنی هاوسەران دەستنیشان کردووە، کە زۆرترینی بۆ نەگونجان لەگەڵ یەکتر دەگەڕێتەوە و لەو ڕووەیشەوە هۆکارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لە سنوری پارێزگای هەولێر خراونەتەڕوو.

بەگوێرەی تۆمارەکانی تایبەت بە دادگاکانی باری کەسی سەربە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا، هەزار و ٤٦٤ حاڵەتی جیابوونەوە لە هاوسەرانی تەمەن ١٥ تا ١٩ ساڵ، بەهۆکاری نەگونجان لەگەڵ یەکتر دەستنیشان کراوە. لە پلەی دووەمیشدا کە هاوسەرانی گرووپی تەمەن ٢٠ تا ٢٤ ساڵ دەگرێتەوە، ٨٢٩ حاڵەتی جیابوونەوە بە هۆکاری جیاوازی تەمەنەوە جیابوونەتەوە. لە پلەی سێیەمیشدا ٧٦٣ حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران بەهۆکاری داوێنپیسی و ناپاکی هاوسەرییەوە بووە، کە هاوسەرانی گرووپی تەمەن ٣٠ تا ٣٤ ساڵ دەگرێتەوە.

داتاکانی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان پیشانی دەدەن، ٥٩٨ حاڵەتی جیابوونەوە بۆ هۆکاری نەبوونی ماڵی جیا؛ ٥٥٧ حاڵەتی جیابوونەوە بۆ هۆکاری تەکنەلۆژیای سەردەم (مۆبایل و ئینتەرنێت)؛ ٥٣٥ حاڵەتی جیابوونەوە بۆ هۆکاری نەزۆکبوون؛ ٥٢٢ حاڵەتی جیابوونەوە بۆ هۆکاری کۆمەڵایەتی؛ ٢٣٩ حاڵەتی جیابوونەوە بۆ هۆکاری ژنهێنانی دووەم؛ ١٩٠ حاڵەتی جیابوونەوە بۆ هۆکاری ئابووری و ١٤٥ حاڵەتی جیابوونەوەیش بۆ هۆکاری دیکەی جیاجیا دەگەڕێنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button