هه‌واڵ

بانکی بازرگانی عێراق داوای بەشداری لە پڕۆژەی (هەژماری من) دەکات

بانکی بازرگانیی عێراق بە فەرمی داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەشداری لە پڕۆژەی (هەژماری من) بکات.

 

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زێدپرێس ڕایگەیاند، بانکی بازرگانیی عێراق TBI بە فەرمی داوای کردووە بەشداری لە پڕۆژەی (هەژماری من) بکات و داواکارییەکەیشی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز کراوەتەوە.

تا ئێستا پێنج بانکی کەرتی تایبەت بەشدارییان لە پڕۆژەی (هەژماری من)دا کردووە، کە پێکدێن لە (BBAC – NBI – RT – Cihan – IIB) و سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دان پێدانراون و بەشداریکردنیان پەسەند کراوە. پێشتر بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، ژمارەیەک بانکی دیکە بەشداری لە پڕۆژەکەدا دەکەن.

تۆمارکردنی فەرمانبەران و مووچەخۆران لە پڕۆژەی (هەژماری من) گەیشتووەتە ٢٦٠ هەزار کەس و ١٥٣ هەزار کارتیش بە تۆمارکراوەکان دراونەتەوە.

پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکی بۆ یەک ملیۆن مووچەخۆر دروست دەکرێت.

بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر بانکێک دەتوانێت بەشداری لە پڕۆژەی (هەژماری من)دا بکات، بەڵام بەو مەرجەی ڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراقی هەبێت و مەرجەکانی پڕۆژەکەی تێدا بێت.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری گوتیشی، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر بەشداریکردنی بانکی بازرگانی عێراق بە فەرمی ڕابگەیەندرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...