هه‌واڵ

لە هەولێر دوو کەس لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەکی کوێتی دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووری سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر، دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند، کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەیان لە هاووڵاتییەکی کوێتی کردووە و پارەیان لێوەرگرتووە.

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٤ی ئازاری ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوو تۆمەتباریان بەناوەکانی (ع. ا. م) و (ب. ف. ح) دەستگیر کردووە، دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتییەکەوە بەناوی (ا. م. س) دانیشتووی وڵاتی کوێت، بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئاسایش ئاگادار کراوەتەوە، لەوەی لەلایەن گرووپێکی دانیشتووی هەرێمی کوردستانەوە، وێنەی نەشیاوی ئەویان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستکەوتووە و دواتر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان کردووە و بەردوامیش داوای پارەیان لێ کردووە و ناوبراویش لەڕێگەی حەواڵەوە لە کوێتەوە پارەی بۆ ناردوون بۆ شاری هەولێر.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابووری، باس لەوە دەکات، کە دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە هەردوو تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کردووە، کە هەڕەشەیان لە سکاڵاکار و چەندین هاووڵاتی دیکە کردووە. تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...