مەسرور بارزانی: خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگەنادات عێراق بگەڕێندرێتەوە بۆ سەردەمی تاکڕەوی
ئەم گوتانەی مەسرور بارزانی، لەچوارچێوەی پەیامێک هات، کە ئەمڕۆ دووشەم، لە ساڵڕۆژی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠دا بڵاویکردەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە “شۆڕش و خۆڕاگری و قوربانیدانەکانی گەلی كوردستان، حکوومەتی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت”، بەڵام دواجار “ڕژێمی ئەو سەردەمەی عێراق، لە ڕێککەوتننامەکە پاشگەز بووەوە و پەنای بردەوە بۆ شەڕ و دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و سەرەنجام عێراقی دووچاری ماڵوێرانی و کارەساتی گەورە کرد کە تا ئێستاش خەڵکی عێراق، باجەکەی دەدەن”.
مەسرور بارزانی، لەگەڵ دووپاتکردنەوە لە قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان، دەڵێ: “خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی”.
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ پەنجا و چوار ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 تێدەپەڕێت کە دەستکەوتێکی مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر.
شۆڕش و خۆڕاگری و قوربانیدانەکانی گەلی كوردستان، حکوومەتی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت. بە تایبەتی ڕێککەوتن لە سەر هەموارکردنەوەی دەستووری کاتی و داننان بەوەی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی (عەرەب و کورد) پێکهاتووە و دەستووریش دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەنێت.
بەڵام دواجار ڕژێمی ئەو سەردەمەی عێراق، لە ڕێککەوتننامەکە پاشگەز بووەوە و پەنای بردەوە بۆ شەڕ و دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و سەرەنجام عێراقی دووچاری ماڵوێرانی و کارەساتی گەورە کرد کە تا ئێستاش خەڵکی عێراق، باجەکەی دەدەن.
لەم یادەدا، جەخت لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەینەوە. خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2024/3/11