هه‌واڵ

وەزارەتی ناوخۆ ڕوونکردنەوە لەسەر دوو هێندەبوونی سزای هاتوچۆ دەدات

زێدپرێس

 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بڕیارى لێخۆشبوونی ٢٠٪ى سزای داراییی شۆفێرانی داوە و دووهێندەبوونی پێبژاردنی داراییی سەرپێچیی شۆفێرانیش، تاکوو ٢٨ى شوباتى ٢٠٢٤ بەرکار نابێت و سزاکانی پێش ئەو ڕێکەوتە ناگرێتەوە.

هێمن میرانی بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووە، “ئامانج لە دووهێندەبوونی پێبژاردن کە لە کۆتاییی شوباتی ٢٠٢٤ جێبەجێ دەکرێت، کۆکردنەوەى داهات نییە، بەڵکوو پاراستنی باخەڵی هاووڵاتییانە لە ڕێگەى کەمکردنەوەى سەرپێچی و سزاوە.”

لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا، دواى ئەوەى وەزارەتی ناوخۆ بڕیارى لێخۆشبوونی ٢٠٪ى سزاکانی هاتوچۆى شۆفێرانی بۆ ڕابردوو و ئێستا و دوو هێندەبوونی سزاى دارایی لە کۆتایی شوباتی ساڵی ئایندەوە دەرکرد.

هێمن میرانی باسی لەوە کردووە، “وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریی شۆفێران لەو بارودۆخە تایبەتەى ئێستاى هەرێمی کوردستان، دواى ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیارى دا بە لێخۆشبوونی ٢٠٪ى سزاکانی ڕابردوو و ئێستای هاتوچۆ، تاکوو ٢٨ى شوباتى ٢٠٢٤ کە دەکەوێتە سەر شۆفێران”.

ڕوونی دەکاتەوە، “ئەوە بژاردەیەکی ئارەزوومەندانەیە، هاووڵاتی ناچار نییە سزاکانی خۆی پاکتاو بکات؛ وەکوو جاران دەتوانێت پێنج ساڵ جارێک بچێت پێبژاردنەکانی پاک بکاتەوە، بەڵام لە ڕابردوودا کاریگەریی خراپی لەسەر باری داراییی هاووڵاتی و سزاکانی هاتوچۆ هەبووە، چونکە لەو پێنج ساڵەدا هاووڵاتی هەستی نەکردووە ئەو سزایەى دراوە دەبێتە سنووردانان بۆ سەرپێچیی زیاتر و خۆپارێزی. بۆیە پێمان وایە هاووڵاتی تا دەتوانێ زووتر پاکتاوی سزاکانی خۆی بکات، تا جارێکی دیکە سەرپێچی نەکاتەوە و زیان بە داهاتی خۆی نەگات.”

میرانی لەبارەى بڕیارى دووهێندەبوونی سزا داراییەکانی شۆفێران، ڕایگەیاند: “لە دواى ٢٨ ى شوباتی ٢٠٢٤، کار بە بەشی ٢٠ لە یاساى ژمارە ٨٦ى ٢٠٠٤ى یاساى هاتوچۆ دەکرێت؛ واتا لە ٢٩ ى شوباتی ٢٠٢٤ەوە کە شۆفێر سەرپێچیی نوێی کرد، ئەو سزایە پێویستە لە ماوەى مانگێکدا بدرێت، دەنا دەبێتە دوو هێندە”.

بەگوتەی ئەو، “ئامانج لەوەدا، سزاکە لە هەمان مانگدا بدات و سەرپێچی دووبارە نەکاتەوە و بەوەش لە سزا دووربکەوێتەوە. چونکە خودی سزاکە بۆ ئەوەیە شۆفێر هەست بکات سزای سەرپێچیی لەسەرە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و داراییەکەی هەیە، نەک پێبژاردن زۆر دوابکەوێت و هێزى سزاکە کەم بێتەوە، کە ئەمەش وا دەکات سەرپێچییەکان کەم نەبنەوە؛ وەکوو ئەوەى هاووڵاتی زۆرجار لە نائاگایی و بەدوادانەچووندا، بە قەد نیوەى نرخی ئۆتۆمبێلەکەى سزاى لەسەر تۆمارکراوە و لەسەرى کەڵەکە بووە، بەوەش زیانی زۆرى کردووە.”

لەبارەى بەرژەوەندیی شۆفێران تا زوو هەست بە سەرپێچییەکانیان بکەن و سزا و قەرزیان لەسەر کەڵەکە نەبێت، میرانی گوتی، “بۆ ئەوەى شۆفێران بە وردی و وریاییەوە ئاگادارى سزاکانیان بن، سایتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ، داتاکانی هەر شۆفێریکی لە ڕووی سزاوە خستووەتەڕوو، کە دەتوانن بزانن چەندە سزایان لەسەرە، بەڵام بەشێکی زۆرى هاووڵاتییان ساڵی جارێک یان دووجار، یان چەند مانگ جارێک سزاکانیان دەپشکنن، بۆیە پێمان باش بوو ئەپلیکەیشنێک تایبەت بە شۆفێران دابنرێت، بۆ ئەوەى کە سەرپێچی کرا، هاووڵاتی ئاگادارییەکی بۆ بێت، ئەو ئاگادارکردنەوەیە وا دەکات ئاگای لە سزاکانی بێت و خۆى لە سەرپێچیی نوێ بپارێزێت. بۆیە لەگەڵ فەرمانگەى تەکنەلۆجیاى زانیارى، گفتوگۆمان کردووە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو ئەپلیکەیشنە بکەوێتە کار و هەر شۆفێرێک لە ڕێگەى ئەو ئەپە تایبەتەى خۆیەوە سەرپێچی و سزاکانی خۆی بزانێت و ئاگادارکردنەوەى بۆ بێت.”

میرانی دەشڵێت: “هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە ئەو بڕیارە بۆ کۆکردنەوە داهات نییە، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەى داهاتی هاتوچۆش دەبێت، چونکە وا دەکات خەڵک کەمتر سەرپێچی بکەن و زوو ئاگادارى پێبژاردن و پاکتاوکردنەکانیان بن، ئامانجەکە ئەوەیە هاووڵاتی قەرزار نەبێت و پارەى زۆرى نەکەوێتە سەر و کەمتر سەرپێچی بکات.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...