هه‌واڵ

دادگای فیدڕاڵی: دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرە کوردەکە کاریگەری لەسەر کارەکانمان نابێت

دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرە کوردییەکە، کاریگەری لەسەر کارەکانیان نابێت، بەهۆی ئەوەی دادگاکە سێ ئەندامی یەدەگی هەیە.

 

ئەمڕۆ سێشەم، ١٢ی ئازاری ٢٠٢٤، ئاژانسی هەواڵیی عێراق لە زاری سەرچاوەیەکی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراقەوە گواستییەوە، کە دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامە کوردەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی، کاریگەری لەسەر کارەکانی دادگاکە نابێت، بەهۆی ئەوەی دادگای فیدڕاڵی سێ ئەندامی یەدەگی هەیە و دەتوانن وەک جێگرەوەی دادوەرە کوردەکە دەستبەکاربن.

ئەوە لەکاتێکدا دێت، کە هەر ئەمڕۆ سێشەم، دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری ئەندامی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتیی دادگاکە ڕاگەیاند.

دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، نیگەرانی بەرانبەر بڕیارەکانی ئەمدواییەی دادگای فیدڕاڵی لەمەڕ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، کە بڕیارەکانی دادگا بە زۆرینە دەرکران و بۆچوونی دوو ئەندامە کوردەکە وەرنەگیراون.

دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لە نۆ ئەندام پێکدێت، دوو ئەندامی دادگاکە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...