هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: حکوومەتی عێراق ئامادە نییە ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش تەواو بکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تا ئێستا ئامادە نین، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە بکەنەوە و تەنانەت تا ئێستا ئامادە نین ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش تەواو بکەن.

 

ئەو گوتانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، لە میانەی پەیامێکیدا هات، کە ئەمڕۆ شەممە، ١٦ی ئازاری ٢٠٢٤، لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق بڵاویکردەوە.

 

دەقی پەیامەکە:

 

لە سی و شەشەمین ساڵیادی کیمیارانکردن و کۆمەڵکوژیی شاری هەڵەبجەدا، بەڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی بێتاوانی ئەو شارە خۆشەویستەی کوردستان دەکەینەوە کە بوونە قوربانی دڕەندەیی ڕژێمی پێشووی عێراق و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئامانجی سەرەکی ئەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەکەی بوو، کە پێویستە هەمیشە ئەم تاوانانەمان لە یاد بێت و هاندەرمان بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

جێی داخ و نیگەرانییەکی قووڵە، کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تا ئێستا ئامادە نین، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە بکەنەوە کە ئەوە مافێکی ڕەوا و دەستووری خەڵکی کوردستانە، تەنانەت تا ئێستا ئامادە نین ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش تەواو بکەن.

خزمەتکردنی خەڵکی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و مانگی ڕابردوو لە کاتی سەردانمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، ڕەزامەندیمان لەسەر هەموو ئەو داواکارییانە دا کە لەلایەن بەڕێزان پارێزگار و بەرپرسانی کارگێڕی دەڤەرەکە خرانەڕوو. هیوادارین لە داهاتوودا، بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی نیشتمانپەروەر و قوربانیدەری هەڵەبجە بکەین.

شەهیدانی کارەساتی هەڵەبجە و هەموو ئەو جینۆسایدانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان ئەنجامدراون، هەمیشە لە یادمانن و هەرگیز نابێت ڕێگە بدەین هیچ شتێک ئەم تاوان و شەرمەزارییانە لەبیر خۆمان و لەبیر دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی بەغدا بباتەوە و دەبێ بەردەوام بەبیریان بهێنینەوە کە پێویستە قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکەنەوە.

 

سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2024/3/16

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...