هه‌واڵ

گرووپێک دەستگیرکران کە بەناوی خەڵکەوە هەژماری بانکییان دروستکردووە

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خەلیفان دەستگیرکردنی شەش تۆمەتبار ڕادەگەیەنێت، کە بە فێڵ هەژماری بانکییان بۆ خەڵک دروستکردووە و پارەیەکی زۆریشیان خستووەتە سەر هەژمارەکانەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەمڕۆ سێشەم، ١٩ی ئازاری ٢٠٢٤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە ڕێککەوتی ١٧ی ئازاری ٢٠٢٤، شەش کەسیان بە تۆمەتی فێڵکردن لە هاووڵاتییان دەستگیر کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دەستگیرکراوەکان لەڕێگەی بەخشینی سیمکارتی (زین) و پێدانی بڕی ٢٠ هەزار دینار بە هەر کەسێکی وەرگری سیمکارتەکە، هەستاون بە وێنەگرتنی کارتی نیشتمانی و وێنەی کەسیی هاووڵاتییان و لەو ڕێگەیەوە بە نهێنی هەژماری بانکییان بەناوی ئەو کەسانەوە دروستکردووە.

ئاساشی خەلیفان ئاشکرای کردووە، تۆمەتبارەکان پارەیەکی زۆریان خستۆتە سەر ئەم  هەژمارە بانکییانە و بۆ دەرەوەی وڵاتیان بردووە بەمەبەستی کڕینی دۆلار بە نرخێکی کەمتر لە عێراق و دواتر هێنانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان بە ئامانجی فرۆشتنی بە نرخێکی زیاتر.

تۆمەتباران پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی دادگا کراون.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خەلیفان هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات، “هۆشیاربن بەرانبەر ئەم جۆرە فێڵانە، چونکە پێدانی کارتی نیشتمانی و وێنەی خۆیان ڕەنگە بۆ چەندین کاری مەترسیدارتر بەکاربهێنرێت و ئەگەری هەیە لە داهاتوودا زیانێکی زۆر لەو خاوەن هەژمارە بانکییانە بدات و باج و ڕسوماتی بانکی بکەوێتە سەر”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...