هه‌واڵ

مەکتەبی سیاسی یەکێتی: چاومان لەسەرکەوتنی گەورەیە

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە ڕایدەگەیەنێت “چاومان لەسەرکەوتنێکی گەورەی  یەکێتیی نیشتمانیی  کوردستان و ئەزموونی گەلەکەمانە تاکو رێڕەوی حوکمڕانی ڕاست بکەینەوە”.

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤، مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی بڵاوکردەوە. دەقی پەیامەکە؛

 

پەیامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  بۆ نەورۆز و جەژنی بەھار و تاجی راپەرینی گەلەکەمان

 

بە بۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و  ساڵی نوێی کوردی (٢٧٢٤) ، یادی تاجی راپەڕینی رزگاری کەرکوکی قودسی کوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین، ئومێدەوارین نەورۆزی ئەمساڵ مژدەی گۆڕانکاریی دیموکراسیی و ھەڵبژاردن  لەپێناو خزمەتکردنی باشتری گەلەکەمان و ژیان و گوزەرانیان بەدوای خۆیدا بهێنێت.

نەورۆز لە دیرۆکی گەلانی نەورۆزخوازدا جەژنی بەھار و نوێبوونەوەی سروشت و ژیانە، لە ژیانی نەتەوەی کوردیشدا بەتایبەتی  جەژنی ئازادی و سەرفرازی ھێمای خەباتە بۆ بەگژداچونەوەی زوڵم و ستەمکاری، لە وێستگەی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١یشەوە جەژنێکی سەرباری ئازادی نیشتمانییە کە رۆژی رزگاری کەرکووکی قودسی کوردستان و   تاجی سەرکەوتنی راپەڕینە.

نەورۆزی ئەمساڵمان، مژدەی قۆناغێکی تری خەباتی مەدەنی ھێناوە کە ھەڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستانە، بۆ ئەم ئەرکەی خەبات بەگیانی ئازادیخوازانەی نەورۆزی دێرین و جۆش و خرۆشی راپەڕیەنەوە چاومان لەسەرکەوتنێکی گەورەی  یەکێتیی نیشتمانیی  کوردستان و ئەزموونی گەلەکەمانە تاکو رێڕەوی حوکمڕانی ڕاست بکەینەوە، گوزەران و ژیانێکی شایان و سەرفرازتر، بێ جیاوازی و جیاکاری لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستاندا  فەراھەم بکەین.

جارێکی تر جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و ساڵڕۆژی سەرکەوتنی راپەرین  بەرز و پیرۆز بێت .

 

مەکتەبی سیاسیی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button