کەنەکە: تورکیا دەیەوێ عێراق و هەرێمی کوردستان بکاتە شەریکی هێرشەکانی
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە- ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٤، پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی بڵاوکردەوە، کە تیایدا ئاماژە بە هەوڵ و پیلانی داگیرکەرانی کوردستان دەکات و داوای یەکڕیزی و تێکۆشانی هاوبەش دەکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، باس لە سەردان و دیدارەکانی ئەمدواییەی بەرپرسانی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە و لەو ڕوانگەیەوە کەنەکە دەڵێ: “ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەم چاوپێکەوتنانەدا ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق و دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانیش بکەنە شەریکی هێرشەکانیان بۆ سەر تەڤگەری ئازادی کوردستان”.
هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات کە “دەوڵەتی ئێرانیش لەم بوارەوە شەریکی دەوڵەتی تورکە. ئێران لەم ساڵەدا بە یارمەتی حکوومەتی بەغدا هێرش و فشاری زۆریان هێنایە سەر هێزە کوردییەکان”.
لەبارەی ڕۆڵی ئێرانەوە زیاتر دەڵێ: “ئێران بە هەموو شێوەیەک گەلی کورد و چالاکوانانیی بەئامانج دەگرێ و دەیەوێ هێزە ئازادیخوازەکانی گەلی کورد لەناو ببات. هەر چەندە لە باشوری کوردستان پێگە و قەوارەیەکی فەرمی هەیە، لەهەمان کاتدا کێشە و پرسگرێکان بەردەوامن و دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان لە خراپیدایە”.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “دوژمنانمان لەپێناو لاوازکردن و لەناوبردنی قەوارەیەی هەرێمی کوردستان لە پیلانگێڕیدان. ساڵێک زیاتر بەسەر وادەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تێپەڕیوە و بۆشاییەکی دەسەڵاتداری شەرعی لە ئارادایە. بابەتی هەڵبژاردن بووەتە کریزێکی قووڵ، ئەمەش شەرعیەتی حکوومەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ترس لەسەر دامودەزگاکانی کوردستان و فیدڕاڵیەتی عێراق دروست دەکات”.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
جەژنی بەرخۆدان، جەژنی ئازادی، نەورۆزتان پیرۆز بێت!
لە مێژووی کورد و کوردستاندا، هەمیشە نەورۆز جێگا و شوێنێکی دیاری هەیە. نەورۆز رۆژی بەرخۆدانە، نەورۆز راپەڕین و سەرهەڵدانە، نەورۆز رۆژی سەرکەوتنە بەسەر زۆڵم و ستەمدا، نەورۆز جەژنی ئازادی و سەربەستیە. نەورۆز لەسەر بنەمای تێکۆشان لە دژی ژێردەستی هاتۆتە کایەوە. نەورۆز لە دژی ستەمکاری، کۆیلایەتی، داگیرکاری و هەموو رەنگێکی بندەستی بوەتە سیمبولی ئازادی و رزگاری.
ئەمڕۆ گەلی کورد بە رەنج و بەرخۆدانی خۆی ساڵەهایە بە قوربانیدانی مەزنەوە نەورۆزی کردۆتە جەژن و خۆشی و شادی گەورەی جەماوەری و بەرخۆدان. بەو تێکۆشان و قوربانیدانەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نەورۆزی کردۆتە جەژنێکی کوردانە. کورد لە سەرانسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات هەموو ساڵێک بە ناوەڕۆک و ئامانجە مێژوویەکەیەوە لە پێناو ئازادی و رزگاری رۆژی نەورۆز پیرۆز دەکەن. کوردان لە شار و گوند و زیندان و لە هەر جێگایەکی ژیان نەورۆزیان کردۆتە سەنگەری تێکۆشان بۆ ئازادی و رزگاری.
ئەمڕۆ لە سەرانسەری کوردستاندا ئاگری نەورۆز بە گوڕ وتین ترە. لە باشور و رۆژاوای کوردستان بە فەرمی جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکرێ و لە رۆژهەڵات و باکوری وڵاتیش سەرەڕای هەموو ئاستەنگیەکانی داگیرکەران جەژنی نەوروز بە واتای خۆی پیرۆز دەکرێ و ئاگری ئەو جەژنە بە گوڕتر هەڵدەکرێت.
بە هاتنی جەژنی نەورۆز ئێمە ساڵێکی نوێ دەستپێدەکەین. ساڵی رابردوو لە هەموو روویەکەوە بووبووە ساڵی تێکۆشان. لەمیانی ئەو ساڵەدا دوژمنەکانمان لە زۆر شوێنی کوردستان چالاکانە و بە هێزگەلی زەبەلاحەوە هێرشیان کرد. بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا کە دوژمنی سەرەکیی گەلی کورد و دەستکەوتووەکانیەتی، هێرشەکانیان بۆ سەر رۆژاوا و باشوری کوردستان زیادکرد. پلان و ئامانجیان لە ناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردە. لە بەرامبەر ئەو هێرشانەیان تەڤگەری ئازادیخوازییەوە لە سەرانسەری کوردستان بەرخۆدانێکی مەزنیان ئەنجام دا. بەتایبەتی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی (ه پ گ) لە خواکورک، مەتینا، زاپ و ئاڤاشین قارەمانانە لە دژی داگیرکەری بەرگریان لە خاکی کوردستان کرد. دەوڵەتی ئێرانیش لەم بوارەوە شەریکی دەوڵەتی تورکە. ئێران لەم ساڵەدا بە یارمەتی حکومەتی بەغداد هێرش و فشاری زۆریان هێنایە سەر هێزە کوردییەکان.
سەران و دەسەڵاتدارانی تورکیا ماوەیەکە بە شێوەیەکی دەوری سەردانی عێراق و باشوری کوردستان دەکەن و هەروەها ئەوان داوەتی ئەنقەرە دەکەن. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەم چاوپێکەوتنانەدا ئەوەیە کە حکومەتی عێراق و دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستانیش بکەنە شەریکی هێرشەکانیان بۆ سەر تەڤگەری ئازادی کوردستان.
ئێران بە هەموو شێوەیەک گەلی کورد و چالاکوانانیی بەئامانج دەگرێ و دەیەوێ هێزە ئازادیخوازەکانی گەلی کورد لەناو ببات. هەر چەندە لە باشوری کوردستان پێگە و قەوارەیەکی فەرمی هەیە، لەهەمان کاتدا کێشە و پرسگرێکان بەردەوامن و دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان لە خراپیدایە.
دوژمنانمان لەپێناو لاوازکردن و لەناوبردنی قەوارەیەی هەرێمی کوردستان لە پلانگێڕیدان. ساڵێک زیاتر بەسەر وادەی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان تێپەڕیوە و بۆشاییەکی دەسەڵاتداری شەرعی لە ئارادایە. بابەتی هەڵبژاردن بووەتە کریزێکی قووڵ، ئەمەش شەرعیەتی حکومەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ترس لەسەر دامودەزگاکانی کوردستان و فیدرالیەتی عێراق دروست دەکات.
لە رۆژاوای کوردستان داگیرکاری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامن و فشارەکانیان لە زیادبووندان. رژێمی سوریاش لە قۆزتنەوەی هەر دەرفەتێکە بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە رۆژاوا.
دۆخێکی تایبەت و ناهەموار لە ناو زیندانەکاندا هەیە. لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێراندا بە دەیان هەزار زیندانی کورد و کوردستانی هەن و لەژێر فشاری مەزنی ئەشکەنجەداندان.لە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و سێ لە هەڤاڵانی لە زیندانی ئیمڕاڵی، ئەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ دەچێت هیچ ئاگاداریەک نیە و سوراغیان نادیارە. هەموو زیندانییە سیاسییەکان چاویان لە ئێمە و لە خەباتی ئێمەیە، بۆیە دەبێ ئێمە لە ویست و خواستەکانی ئەوان ببینە جێگای ئومێد و بە سەرخستنی شۆڕش ئەوان ئازاد بکەین.
ئەم بارودۆخە ئەرکێکی زۆر دەخاتە سەر شانی ئێمە. پێویستە لەبەرامبەر هەموو داگیرکاراندا تەگبیری خۆمان بکەین. پێویستە هێزی پاراستن و بەرخۆدان بەهێزتر بکەین. پێویستە هێرشی دوژمنان تێکبشکێندرێن. پێویستە دەستکەوتەکان بپارێزرێن و دەستکەوتی نوێ بەدەست بێنین. بۆ هەموو ئەم ئەرکانەش پێویستە سەرەتا یەکڕیزی ناوماڵی کوردان بێتە دی و یەکێتی نەتەوەیی بەهێز بکرێت. پێویستە ئەمساڵ بکەینە ساڵی ئازادی.
ئێمە لە دۆخێکی ئاوادا پێشوازی لە نەورۆزی ئەمساڵ دەکەین. نەورۆز بە واتای خۆی و بە رۆحی بەرخۆدان پیرۆز دەکەین. داوا لە گەلی خۆمان دەکەین و دەڵێین: وەک هەر ساڵێک بچنە مەیدان و کۆڵانان و بە واتا و رۆحی بەرخۆدان نەورۆز پیرۆز بکەن.
لەم قۆناغە گرنگەدا لە پڕۆسەی تێکۆشان بۆ ئازادی و رزگاری کوردستان، ئاگری نەورۆز ببێتە رووناکیەکی گەش و تەبایی و یەکێتی نەتەوەیی کوردستان.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەم بیروباوەڕ و رۆحەوە، نەورۆز بە دڵگەرمی نەتەوەیی و نیشتمانی لە هەموو کوردستانیان پیرۆز دەکات.
کات کاتی بەهێزکردنی بەرخۆدانە، کات کاتی ئازادییە .. نەورۆز پیرۆز بێت.
کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
٢٠ی ئاداری ٢٠٢٤ برۆکسل