گۆڕانکاری لە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن لەماوەی مانگی ڕەزامەندا و لەسەر فەرمانی وەزیری پەروەردە، بڕیاردرا هەندێک ئاسانکاری لە دەوامی ناوەندەکانی خوێندندا بکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەماوەی مانگی ڕەزامەندا ماوەی هەر وانەیەک بۆ تەنیا ٣٠ خوولەک کەم دەکرێتەوە و بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندنیش “ئاسانکاری تەواو بکەن بۆ مامۆستایان، بەتایبەت مامۆستایانی ئافرەت”.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن، وێڕایی پیرۆزبایی ئەم مانگە پیرۆزە لە پەروەردکاران و مامۆستایان و قوتابیان، لەسەر فەرمانی بەڕێز وەزیری پەروەردە، بڕیاردرا کە لەمانگی ڕەمەزان ئاسانکاری لە دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی بکرێت، بەم شێوەیە:
١- هەر وانەیەک تەنیا (٣٠) سی خوولەک دەبێت.
٢- بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن ئاسانکاری تەواو بکەن بۆ مامۆستایان، بەتایبەت مامۆستایانی ئافرەت.
٣- قوتابخانەکانی ئێواران ( مسائی)، بەهەمان شێواز (دە) خوولەک لە هەر وانەیەک کەمدەبێتەوە و دەسەڵاتی ڕێکخستنی دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی ئێواران لەمانگی ڕەمەزاندا دەدرێتە بەڕێوەبەری ناوەندەکە.
سامان سیوەیلی
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە
٢٣ی ٣ی ٢٠٢٤