هه‌واڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕوونکردنەوە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەدات

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کۆمپانیاکانی خاوەنکار لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ڕێگرن لە دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

 

ڕۆژی ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٤، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بڵاوکردەوە.

وەزارەتەکە، باسی لەوە کردەوە، کە کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، ڕێگرن لە دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا عێراق زیانمەندی سەرەکییە لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان.

بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکە، کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوت لە کوردستان، نەوتی بەرهەمهێنراو بە حکوومەتی هەرێم نادەن تا ڕادەستی حکوومەتی عێراقی بکات و ئەگەر کۆمپانیاکان نەوتەکە ڕادەست بکەن بەزووترین کات هەناردەکردن دەست پێ دەکاتەوە و پێشتریش وەک وەزارەتەکە دەڵێ، ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە.

هەرچەند وەزارەتی نەوت ئاماژەی بە دەربڕینی ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکات، بەڵام وا دەردەکەوێت گرفتی دیکەیش لە نێوان هەردوو حکوومەتی کوردستان و عێراق لەوڕووەوە هەن، وەک ئەوەی وەزارەتەکە لە هەمان ڕوونکردنەوەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە گرێبەستەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە دانیانپێدانەنراوە و هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستەکانی نەوتی ڕادەستی وەزارەتی نەوت و حکوومەتی عێراق نەکردووە، بە مەبەستی پێداچوونەوە و گونجاندنەوەی گرێبەستەکان.

سەرەڕای ئەوەش، وەزارەتەکە ئاماژە بە داواکاری و پێداگیری کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ بەرزکردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت کە لە یاسای بودجەی عێراقدا بە ٦.٩ دۆلار دەستنیشانکراوە، بەڵام کۆمپانیاکانی نەوت پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، کە ئەو بڕە زۆر کەمترە لە تێچووی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستاندا.

پێشتر کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان، چەندین جار دووپاتیان لەوە کردووەتەوە، کە ئامادەنین دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەن، تا ئەوکاتەی حکوومەتی عێراق دان بە ماف و شایستە گرێبەستییەکانیان دانەنێت و هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دابین نەکات، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێ، ئامادەنین بچنە ژێرباری هیچ مەرج و داواکارییەکی پێشوەختەی کۆمپانیاکانی نەوتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...