هه‌واڵ

وەزارەتی دارایی داوای لیستی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەکات

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوا لە وەزارەتەکان دەکات لەگەڵ لیستی مووچە، لیستی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئامادە بکەن.

 

بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری، کە لە ڕێککەوتی ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٤ بە واژۆی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری، ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەتەکان و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکان کراوە، وەزارەتەکە سەرجەم یەکە ژمێرییەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە هاوتەریب لەگەڵ ئامادەکردنی لیستی مانگی ئازار (٣ی ٢٠٢٤)، لیستێکی دیکە ئامادە بکەن کە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی تێدا ئەنجامدرابێت لەکاتی شایستەیان و لیستەکە لەسەر ئاستی وەزارەت ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکرێت.

ئەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەکاتێکدا دێت، کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە و لە ساڵی ڕابردوویشەوە لێژنەیەکی پێوەست بە بابەتی پلەبەرزکردنەوە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە پێکهێنراوە، بەڵام تا ئێستا پلەبەرزکردنەوە دەستی پێنەکردووەتەوە.

ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان، بەدوای ئەو قەیرانە ئابووری و داراییە دێت، کە لەوەتەی ساڵی ٢٠١٤ەوە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە. ڕاگرتنەکە نیگەرانی و ناڕەزایەتی قوڵی لەئاست فەرمانبەران بەگشتی دروستکردووە.

ساڵی ڕابردوو، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان سکاڵایەکیان لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق تۆمار کرد، بۆ ناچارکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دەستکردنەوە بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە ڕەتکرایەوە، بەپاساوی ئەوەی بابەتی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی دادگاکە نییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...