هه‌واڵ

هەردوو پەروەردەی گەرمیان و ڕاپەڕین دەستپێکردنەوەی خوێندن ڕادەگەیەنن

زێدپرێس

 

هەردوو بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان و ڕاپەڕین دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندن ڕادەگەیەنن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی ڕاپەڕین کە ئەمڕۆ یەکشەم ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ بە واژۆی محەمەد کەریم ساڵح بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە، ئاڕاستەی هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ڕانیە و پشدەر کراوە، داوا لە مامۆستایانی سنوری پەروەردەی ڕاپەڕین کراوە لە ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەمەوە دەست بە دەوام بکەنەوە.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، کە دوای داخستنی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن و بەڕێوەچوونی زنجیرەیەک خۆپیشاندانی مەدەنییانەی دوور لە توندوتیژی، سەرەڕای ئەوەی مامۆستایان بەمەبەستی گوزارشتکردن لە بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان لەدووتوێی یاداشتێکدا کە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردەیان کرد، پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر بەشێک لە داواکارییەکانیان، وەزارەتی پەروەردە بە نووسراوی ژمارە (١)ی ڕێککەوتی ٧ی کانوونی دووەم وەڵامی یاداشتەکەی دایەوە.

لەو ڕوانگەیەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی ڕاپەڕین لە نووسراوەکەدا دەڵێ: “لەپێناو دواڕۆژی قوتابییان و خوێندکارانمان و بەفیڕۆنەچوونی ساڵێکی خوێندنیان و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی بۆ مامۆستایان لەپێناو بەدیهێنانی سەرجەم ماف و داوا ڕەواکانیان کە سەرجەمیان داواکاری ڕەوا و یاسایین، لە سۆنگەی دڵسۆزی و خەمخۆری مامۆستایان بۆ پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن داوا لە ناوەندەکانی خوێندنی سنوری پەروەردەکانتان بکەن لە ٨/١/٢٠٢٤ ڕوو لە ناوەندەکانی خوێندن بکەن و دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بەڕووی خوێندکاراندا بکەنەوە و دەست بکەنەوە بە دوامی ئاسایی”.

لەلایەکی دیکە و بە نووسراوی ژمارە ١٦٤ی ٧ی کانوونی دووەم، کە واژۆی ئومێد تۆفیق بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕانیەی لەسەر هاتووە و ئاڕاستەی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن کراوە، داوا لە مامۆستایانی سنورەکە کراوە، لە ڕێککەوتی ٨ی کانوونی دووەمدا ڕوو لە ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە و دەست بە دەوامی ئاسایی بکەنەوە.

هاوکات، بەگوێرەی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان، کە هەر ئەمڕۆ یەکشەم بە واژۆی دارا ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە ئاڕاستەی هەریەک لە بەڕێوەبەراتییەکانی پەروەردەی کەلار، کفری و خانەقین کراوە، تیایدا هاتووە “دوای داخستنی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن و زنجیرەیەک خۆپیشاندانی مەدەنییانە و دوور لە هەر توندوتیژییەک، مامۆستایان بەمەبەستی گوزارشتکردن لە بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان و دواجار لە دووتوێی یاداشتێکدا کە ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردەیان کرد، خۆشبەختانە هەوڵی مامۆستایان بەهەدەرنەچوو، پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر بەشێک لە داواکارییەکانیان، وەزارەتی پەروەردە بە نووسراویان ژمارە (١ لە ٧/١/٢٠٢٤) وەڵامی یاداشتەکەی مامۆستایانیان دایەوە”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان، لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا، دەڵێ “پیرۆزبایی لەم دەستکەوتەی مامۆستایان دەکەین و لەپێناو دواڕۆژی منداڵەکانمان و بەفیڕۆنەچوونی ساڵێکی خوێندنیان و دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی مامۆستایان بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ماف و داوا ڕەواکانی دیکەیان، داوا لە ناوەندەکانی خوێندنی سنوری پەروەردەکانتان بکەن لە ڕێککەوتی (٨/١/٢٠٢٤) دەست بکەنەوە بە دەوام”.

ئەمڕۆ یەکشەم، ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێم بە نووسراوێکی تایبەت کە وەک “وەڵام” ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە، ڕایگەیاندووە، ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە کە دوای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکات و مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...