هه‌واڵ

سوودانی: کێشەی مووچەی پێشمەرگە و ئاسایش چارەسەرکراوە

فراکسیۆنی یەکێتی لە زاری سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ڕایدەگەیەنێت، کێشەی مووچەی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەرکراوە.

 

ڕۆژی ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٤، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی فراکسیۆنی یەکێتی، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکی پێوەست بە ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان و کێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتی، لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە بەرانبەر دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لەسەرتاسەری عێراقدا و ئاماژەی بەوەشکردووە کە کێشەی مووچەی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان چارەسەر کراوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئامادەبوونی بەڕێزان وەزیرانی داد و ژینگە. لەگەڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا کە لە تەلاری ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، فراکسیۆنی یەکێتی چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بەژیانی خەڵک و ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆکوەزیران کرد.

 

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز سەرۆکوەزیران ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک مام جەلال و خەباتی بۆ هێنانەدی ئازادی لەعێراق و بنیادنانەوەی وڵاتەکە و قووڵکردنەوەی تەبایی پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکان کرد. راشیگەیاند یەکێتی هاوبەشێکی سەرەکی حکوومەتی ئێستای عێراقە و هەڵوێستی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەمیشە جێگای ڕێزە و درێژکراوەی سیاسەتی سەرۆک مام جەلالە.

 

هەروەک بەوردی سەرۆکوەزیران کار و هەنگاوەکانی حکوومەتەکەی خستەڕوو، بەتایبەتی ئەو پرس و کێشانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە، کە هەنگاوی دڵخۆشکەری نێردراون.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی پشتیوانی یەکێتی وەک هاوبەشێکی سەرەکی بۆ حکوومەتەکەی بەڕێز سودانی دووپاتکردەوە، بەتایبەت لەچارەسەرکردنی کێشەکان و خزمەتکردنی خەڵک.

لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە قەیرانی مووچە، فراکسیۆنی یەکێتی، وێرای سوپاسکردنی سەرۆکوەزیران بۆ پەرۆشیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، داوای کرد پەلە بکرێت لە تەواوکردنی هەنگاوەکانی تر بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکە، کە خەڵکی کوردستانی تووشی نەهامەتیەکی گەورە کردۆتەوە، هەروەک داواشی کرد، پرۆسەی تەوتین و ئەژماری بانکی چارەسەر بکرێت، لەبەرامبەردا بەڕێز سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە، حکومەتەکەی خۆی بەرپرسیار دەزانێت لە دابینکردنی مووچە بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق بەبێ جیاوازی و دڵنیاییدا کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ دەزگا ئەمنییەکان چارەسەرکراوە و هەنگاوەکانیش بۆ تەوتینی مووچە و ئەژماری بانکی ڕوو لەچارەسەرن.

 

سەبارەت بەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی یەکێتی هەڵوێستی یەکێتی دووپاتکردەوە، کە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێ. لەبەرامبەریشدا بەڕێز سەرۆک وەزیران روونیکردەوە، حکومەتەکەی ئەرکی لە دابینکردنی بودجەی هەڵبژاردن و هاندان و هاوکاری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جێبەجێ کردووەو لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێ.

 

هەر لە کۆبونەوەکەدا، فراکسیۆنی یەکێتی جەختی لە تەواوکردنی رێکارە دەستورییەکان کردەوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێتی کەرکوک، ستایشی رۆڵی سەرۆک وەزیرانیان کرد، بۆ نزیکردنەوەی پێکهاتە و لایەنە براوەکانی پارێزگاکە بەئاراستەی سازان.

 

سەبارەت بە سەروەری خاک و ئاسمانی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوچە سنورییەکان، فراکسیۆنی یەکێتی داوای کرد، حکومەتی ئیتحادی هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە تا لەرێگای کەناڵە دیپلۆماتیەکانەوە چارەسەری بکات.

هەروەها داواکرا بەڕێز سەرۆک وەزیران هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ هەڵگرتنی ئابلوقەی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، لەمبارەیەوە بەرێز سەرۆک وەزیران رایگەیاند لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ دەکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن.

 

لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا بەڕێز سەرۆک وەزیران گوێیبیستی ئەو داواکارییانە بوو، کە لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی یەوە خرانەروو، لەوانە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی دهۆک و ناوچەکانی تری کوردستان و دوکاندارو کاسبکارانی بازاڕی لەنگەی هەولێرو گواستنەوەی مووچەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لەکەرکوک بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی ئیتحادی و داننان بە زانکۆی گەرمیان و جەرمووبو راپەرین لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای ئیتحادی و راگرتنی پرۆژەی تەلبەندکردنی ناوچە سنورییەکان لەگەڵ ئێران و ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خانەقین و خورماتوو، هەروەها پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی چەمچەماڵ و دامەزراندنی سەندوقی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجەو گرنگیدان بە هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی تاوانی ئەنفال و کردنەوەی کۆلێژی کشتوکاڵ لە قەڵادزێ و داواکاری ڕەوای ناوچەکانی شەنگال و خوشک و برایانی یێزیدی و مەخمور و ژمارەیەک داخوازی تر.

بەڕێز سەرۆک وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان فراکسیۆنی یەکێتی و نووسینگەی سەرۆک وەزیران بەپەلە پێکبهێنرێ بۆ جیاکردنەوەو جێبەجێکردنی داواکارییەکان، کە بەشێوەی نوسراوی رەسمی ئاراستەکراون.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button