هه‌واڵ

ئەڵمانیا زیاتر لە هەزار ئێزدی ڕەوانەی عێراق دەکاتەوە

زێدپرێس

 

ئەڵمانیا بڕیاریداوە زیاتر لە هەزار پەنابەری ئێزدی ڕەوانەی عێراق بکاتەوە، کە لەدوای هێرش و داگیرکارییەکانی داعشەوە ڕوویان لە وڵاتەکە کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەروان باپیری یەکێک لە پەنابەرانی ئێزدی لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند، حکوومەتی ئەڵمانیا بڕیاری لەسەر گەڕاندنەوە (دیپۆرت)کردنەوەی هەزاران پەنابەری ئێزدی بۆ عێراق داوە.

باپیری، ڕوونیکردەوە، ئەو بڕیارەی حکوومەتی ئەڵمانیا لەکاتێکدا کە چەندین ساڵە ئێزدییەکان وەک پەنابەر ڕوویان لە ئەڵمانیا کردووە و هاوکات ناوچەکانی خۆیان بەتایبەت دۆخی شەنگال و دەوروبەری ئاسایی نەکراوەتەوە و هێشتا هەزاران هاووڵاتی ئێزدی لە کەمپەکاندا و لەژێر چادرەکاندا دەژین، بەهۆی وێرانبوونی ماڵەکانیان و ئەو ناسەقامگیرییەی تا ئێستا لە شەنگال هەیە.

چەند ڕۆژێکە پەنابەرانی ئێزدی لە ئەڵمانیا دەستیان بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان کردووە، لە دژی بڕیارەکەی حکوومەتی ئەڵمانیا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، حکوومەتی ئەڵمانیا داوای لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق کردووە، هاوکاربن لە گەڕاندنەوەی هەزاران هاووڵاتی عێراقی، کە مافی مانەوەیان لە وڵاتەکە پێنەدراوە.

میدیاکانی ئەڵمانیا و عێراق ئاماژەیان بە سەرووی ٣٠ هەزار پەنابەری عێراقی کردووە، کە بەبێ مافی مانەوە و نیشتەجێبوون لە ئەڵمانیا دەژین.

بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لالش، کە گەورەترین ناوەندی ئێزدییەکانە لە هەرێمی کوردستاندا، دوێنێ پێنجشەم ١٩ی تشرینی یەکەم، ڕاگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆچکردن و پەنابەربوونی ئێزدییان بە ویست و ئارەزووی خۆیان نەبووە، بەڵکوو بەسەریاندا سەپێندراوە و ئەوان لە ترسی مردن هەڵاتوون.

بنکەی لالش دەڵێ، بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی ئێزدییەکان دووچاری بوون، تا ئێستا بەشێکی زۆریان لەناو کەمپەکاندا دەژین و ئەوانەیش لە ناوچەی خۆیاندان، لەژێر هەڕەشە و مەترسیدان، بەجۆرێک کە هیچ دڵنیاییەکیان نییە و ئەوەش وایکردووە ژمارەیەک لە ئێزدییەکان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچ بکەن.

بنکەی لالش لەو ڕوانگەیەوە، داوای لە حکوومەتی ئەڵمانیا کردووە، چاوخشاندنەوە بە بڕیاری بەزۆر ناردنەوەی پەنابەرانی ئێزدی بکات.

هێشتا ڕوون نییە، کە چارەنووسی ئەو پەنابەرانە چی بەسەر دێت، لەکاتێکدا ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا هاوسۆزن لەگەڵ پەنابەران و پێیان وایە نابێت پەنابەرانی عێراقی بۆ وڵاتەکە بگێڕدرێنەوە، بەهۆی ئەوەی هێشتا عێراق وڵاتێکی ئارام نییە.

دوێنێ پێنجشەم ١٩ی تشرینی یەکەم، ژمارەیەک لە نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی ئێزدییان لەبەردەم پەرلەمانی ئەڵمانیا، لەلایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە پێشوازیان لێکرا و گوێ لە داخوازی و نیگەرانییەکان گیرا.

بەپێی زانیارییەکانی زێدپرێس، بە نوێنەرانی ئێزدییان ڕاگەیەندراوە، وەک پەرلەمانی ئەڵمانیا هاوسۆز و پشتیوانی لە داخوازی پەنابەرانی ئێزدی دەکەن و ئەوەشیان بیرهێناوەتەوە، کە پەرلەمانی ئەڵمانیا جینۆسایدی ئێزدییەکانی لەسەر دەستی داعش بە فەرمی ناساندووە، بەڵام بڕیاری ناردنەوەی پەنابەران کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەوە دەرکراوە، تا ئێستا وەزیری ناوخۆ پێداگیری لەسەر دەکات و پەرلەمانیش لە هەوڵدایە بۆ چاوخشاندنەوە بە بڕیارەکە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...