هه‌واڵ

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پرسی مووچە دەستی پێکرد

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، پرسی مووچە دەبێت.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٧ی ئازاری ٢٠٢٤ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستی بە کۆبوونەوە کرد، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن لەسەر پرسی مووچە دەبێت.

کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لەکاتێکدا دێت، تا ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە.

پێشتر، وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام بەگوێرەی ڕوونکردنەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەو بڕە پارەیە تەنیا بەشی ٥٩٪ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەجۆرێک کە هیچ بڕەپارەیەک بۆ دابینکردنی مووچەی هێزەکانی سەربازی و ئەمنی ڕەوانە نەکراوە و ئەوەش بووەتە هۆی ڕاگرتنی دابەشکردنی مووچە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە.

ئێوارەی دوێنێ سێشەم، ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارێک لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەدەن.

دابەش نەکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، بارگرانی و نیگەرانییەکی بەرفرەوانی دروستکردووە. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەڵێن، بەغدا مووچە بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت.

سیپان شێروانی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، مووچەی نیوەی مووچەخۆران نەنێردراوە و ئەگەر بەپێی لیست دابەشبكرێت ئەوا دەزگاکانی ئەمنی و پێشمەرگە مووچە وەرناگرن و ئەمەش ناكرێت، ئەگەر كۆی پارەكە بەسەر تەواوی مووچەخۆران دابەشبكرێت ئەوا ٦٠٠ ملیار لەجێی ٩٥٠ ملیار دەبێتە هۆی ئەوەی هەر فەرمانبەرێك تەنیا ٦٣٪ی مووچەكەی وەربگرێت و ئەمەش هەر ناكرێت.

سیپان شێروانی هەروەها دەڵێ: “هەندێك لایەن پێداگیری لەوە دەكەن دەبێت مووچە دابەشبكرێت، داواكەی ئەوان حكوومەت و مووچەخۆران دەخاتە بەردەم دوو ئەگەرەوە، یان مووچەی نیوەی فەرمانبەرانی حكوومەت بدرێت و نیوەش بێمووچە بن، یانیش نیومووچە بدرێتە تەواوی مووچەخۆران”.

زیاتر دەڵێ: “لە نێوان دوو بژاردەی سەرەوە كە دەرئەنجامی داوای هەندێك لایەنە، حكوومەتی هەرێم بژاردەی سێیەمی پێ باشتر بووە کە مووچە دابەشنەكات و فشار لە بەغدا بكات تا مووچە نەنێردراوەكان بنێرێت و سەرجەم فەرمانبەران بەیەكەوە تەواوی مووچەیان وەرگرن”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...