هه‌واڵ

حکوومەتی هەرێم: ئەمساڵ هەزار ئامێری پارەدەر لە شارەکانی کوردستان دادەنرێن

پڕۆسەی تۆمارکردن لە پڕۆژەی (هەژماری من) بەردەوامە و بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تا کۆتایی ئەمساڵ هەزار ئامێری پارەدەر ATM لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دادەندرێن.

 

ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، پڕۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆر و فەرمانبەران لە “هەژماری من” کە سیستمێکی پارەدانی دیجیتاڵییە، بەردەوامیی هەیە و تۆمارکردنی فەرمانبەران گەیشتووەتە ٢٦٠ هەزار کەس و ١٥٣ هەزار کارت دراوەتەوە تۆمارکراوان.

ئەوەش هاتووە، کە “تا کۆتاییی ساڵی ٢٠٢٤، نزیکەی هەزار ئامێری پارەدەر  ATM لە سەرجەم پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی کوردستان جێگیر دەکرێن، بۆ ئەوەی مووچەخۆران بە ئاسانترین شێوە دەستیان بە مووچەکانیان بگات”.

تا ئێستا پێنج بانکی کەرتی تایبەت بەشدارییان لە پڕۆژەکەدا کردووە، کە پێکدێن لە (BBAC – NBI – RT – Cihan – IIB) و سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دان پێدانراون و بەشداریکردنیان پەسەند کراوە و وەک بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بۆ دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەک بانکی دیکە بەشداری لە پڕۆژەکەدا بکەن.

ماوەی ساڵێکە وەک دەستپێکی تاقیکاری (ئەزموونی)، فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی هەولێر مووچەکانیان لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە وەرگرتووە.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردووش، هەریەک لە کۆلێژەکانی ئاداب، کشتوکاڵ و زانست لە زانکۆی سەڵاحەددین، مووچەکانیان لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە وەرگرتووە.

 

بەگوێرەی ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێم، ئەمانە بەشێک لە خزمەتگوزارییەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) پێکدەهێنن؛

1- دەستڕاگەیشتن بە سەدان ئامێری پارەدەر ATM و ڕاکێشانی سەرجەم پارەکانی بەکارهێنەر بە یەکجار و بە خۆڕایی.

ئامێرەکان بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری بەردەستن بۆ بەکارهێنان و فەرمانبەر هەرکاتێک بیەوێت بە ئارەزووی خۆی دەتوانێت پارەکەی ڕابکێشێت.

2- دەستڕاگەیشتن بە قەرز/پێشینەی جۆراوجۆری بانک.

3- بەکارهێنانی کارتی بانکی بۆ کڕینی ئۆنلاین و ئامێرەکانی کارتخوێن ناسراو بە PoS.

4- گواستنەوەی پارە بە شێوەیەکی پارێزراو و سەلامەت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵات.

5- دەستڕاگەیشتن بە ئەپلیکەیشنی مۆبایلی بانک بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری جوڵەی نێو هەژمارەکەت بیت و بەدەستگەیشتنی ئاگانامەی مۆبایل لە کاتی هاتنی مووچەدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...