هه‌واڵ

عەبدوڵا حاجی مەحموود: حزبێکی نوێ دادەمەزرێنین

عەبدوڵا حاجی مەحموود جێگری دوورخراوەی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبێکی نوێ دادەمەزرێنن.

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٤ی نیسانی ٢٠٢٤، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی محەمەد حاجی مەحموود کۆنگرەی خۆی بەست و عەبدوڵا حاجی مەحموود کە پێشتر بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ڕیزەکانی حزبەکە دوورخرابوویەوە، ڕێگەیش نەدرا بەشداری لە کۆنگرەکە بکات.

عەبدوڵا حاجی مەحموود پێشتر جێگری سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بە وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دیاریکراوە.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەم، عەبدوڵا حاجی مەحموود بە میدیاکانی ڕاگەیاند، حزبێکی نوێ دادەمەزرێنن، لەسەر بنەمای ئەو ڕووئیا و بەرنامەیەی خۆی و هاوڕێکانی لە سەرکردایەتی و جەماوەری حزب باوەڕیان پێیەتی و حزبێک وەک گوتی، هەڵقوڵاوی حزبی سۆسیالیست و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بێت.

زیاتر گوتی: “هەوڵی زۆرمدا حزبەکە بە ئاڕاستەیەکی کاری ڕێکخراوەیی و پەیڕەوی ببەم، بەڵام بەداخەوە نەکرا”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەموو کات ویستوویەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان حزبێکی مەدەنی و دوور بێت لە هێزی میلیشیا و چەکدار و پەنابردنە بەر کارێک کە لە یاسای حزبەکاندا جێگەی نەبێتەوە.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەم، عەبدوڵا حاجی مەحموود لەڕێگەی هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕوونکردنەوەیەکی بەناوی “جێگری سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان” بڵاوکردەوە، کە کۆنگرەی پارتەکە بە “شانۆگەرییەکی بێبنەما” دەناسێنێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لەمڕۆ بەدواوە ئێمە هیچ بەرپرسیارێتیەکی ئەو ئاینده لێڵ و ناڕوونە هەڵناگرین و بۆ درێژەدان بە مێژووی حزب و قوربانیدانی شەهیدان و ئامانجە باڵاکانیان ڕێگای خەباتی سیاسی و جەماوەریی دوور لە گیانی توندوتیژی و دەمارگیری درێژە پێدەدەین”.

زیاتر هاتووە: “لە هەنگاوی یەکەمدا بە هاوپەیمانییەک بەناوی سەردەم خۆمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ساز و ئامادە دەکەین، بۆ داهاتووی نزیک و دووریش لەسەر بنەمای بەهای باڵای خەبات و خزمەتکردنی گەل و نیشتمان و کاری هاوبەش و ڕەخساندنی دەرفەتی هاوتا بۆ ئەو ئامانجانە کارنامەی تۆکمەمان دەبێت بۆ درێژەدان بەو کاروانی تێکۆشانەی خۆمان لەڕێکخستنیدا ماندوو بووین و قوربانی گەورەمان لەپێناوداوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...