هه‌واڵ

مەسرور بارزانی پەیامێک ئاڕاستەی دانیشتووانی کفری دەکات

زێدپرێس

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێک ئاڕاستەی دانیشتووانی کفری دەکات و ڕای دەگەیەنێت، بڕیاری لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانیان داوە.

ئەمڕۆ یەکشەم ١٦ی تەمووزی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی دانیشتووانی کفری کرد، کە ماوەی چەندین ڕۆژە، دەستیان بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی کردووە.

لە پەیامەکەیدا دڵنیایی بە دانیشتووانی کفری دەدات کە ئاگایی لە داواکارییەکانیان هەیە و دەڵێ: “لە داواکارییەکانتان ئاگادارم و  بە دەستم گەیشتوون”.

مەسرور بارزانی، ئاماژە بەوەش دەکات، کە بڕیاری داوە “لیژنەیەکی تایبەت لە نوێنەرانی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکبهێنرێت و بەزوویی بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانتان بکرێت” و زیاتر دەڵێ: “دڵنیابن ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتتان درێغی ناکەین و بە ڕۆحیەتێکی گەرمیانییانەوە لەگەڵتان دەبم”.

زیاتر لە دوو هەفتەیە، ژمارەیەک لە دانیشتووانی کفری دەستیان بە چالاکی ناڕەزایەتی و گردبوونەوە و مانگرتن کردووە.

دانیشتووانی کفری، داوای خزمەتگوزاری و هەلی کار و کردنەوەی کۆلێژ و پەیمانگە لە سنوورەکەیاندا دەکەن. ئەوان ئاماژە بە پەراوێزخستی شارۆچکەکەیان دەکەن و پێیان وایە، جێبەجێنەکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری لە ناوچەکەیاندا، بووەتە هۆی هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری بەتایبەت لەناو توێژی گەنجەکاندا و بەهۆی پەراوێزخستنیشەوە، وردە وردە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی چۆڵی دەکەن و لە بەرانبەردا ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەی عەرەب تێیدا نیشتەجێ دەبن و ئەوەش بە زەنگێکی مەترسیدار دەزانن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...