هه‌واڵ

بکوژی گەنجەکەی سەیدسادق خۆی ڕادەستی پۆلیس کرد

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی بکوژی گەنجەکەی ڕادەگەیەنێت و تۆمەتبارەکەیش هۆکاری تاوانەکەی بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی دەگێڕێتەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ ١٠ی نیسانی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لەلایەن نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتەوە هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرانەوە کە کەسێک بە فیشەک بریندارکراوە و گەیەنراوەتەوە نەخۆشخانەکەیان، دەستبەجێ هێزەکانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە و لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستیپێکرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پۆلیس، دواتر بریندارەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ بکوژەکە دەرکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس گەنجە کوژراوەکە بەناوی (و. ع) کە تەمەنی ٣٣ ساڵە، برای خودی بکوژەکەیە.

هەروەها بکوژەکە بەناووی (ب. ع) تەمەنی ٤٥ ساڵە و پێشمەرگەیە.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێ: “سەرەنجام بکوژ خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کرد و لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی سەیدسادقەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە و بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 ڕاگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر ئەو چەکەدا کە بەتۆمەتبار بووە” .

“لە لێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار (ب، ع) هۆکاری تاوانەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی”، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی وا دەڵێ.

هاوکات سەرچاوەکەی زێدپرێس ئاماژەی بەوە کرد، کە هۆکاری ڕووداوەکە بۆ کێشەی براکان لەسەر خانوویەک دەگەڕێتەوە کە بە شێوەی وەرسە بۆیان ماوەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...