هه‌واڵ

دەستەی مافی مرۆڤ: دۆزینەوە و گێڕانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوان ئەرکی حکوومەتی عێراقە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دۆزینەوە و گێڕانەوەی ڕووفاتی قوربانیانی ئەنفال ئەرکی حکوومەتی عێراقە و پێوستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ئەوەی  کەیسی ئەنفال لە ئاستی نێودەوڵەتی بەجیهانی بکرێت.

 

پەیامی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەبۆنەی 36 ساڵەی ئەنفالی بەدناو

 

بەداخەوە لە ڕۆژێکی ئاوادا ڕژێمی لەناوچووی ئەوکاتی بەغدا هەڵمەتی قڕکردن و جینۆساید و تێکدانی گوندەکانی کوردستانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە و هەزاران ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەی ڕاپێچی کۆمەڵگە زۆرەملێکان کرد لە بیابانەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و سەدانی تری لەگۆڕە بەکۆمەڵەکان کوشت و جینۆسایدی کردن بە دڕندەترین شێوازی نامرۆڤانە.

ئەو ڕژێمە بێگوێدانە هیچ بەها و یاسایەک دەستی بە لەناوبردنی میللەتێک کرد لە پێناو کۆتاییهێنان بەناسنامە و بوونیان، بۆیە هەموو جۆرە تاوانەکانی بەرانبەر گەلی کورد بەکارهێنان.

هەرچەندە ڕژێمی لەناوچووی بەغدا بەبێ جیاوازی لە ناوچەکانی کوردستان دەستی بەو کۆمەڵکوژی و لەناوبردنە کرد و کەسی نەپاراست.

بەپێی هەموو پێوەر و یاساکان جینۆسایدی هەر میللەت و گەلێک تاوانێکی نێودەوڵەتییە و نەفرەتلێکراوە و پێچەوانەی بنەما و ڕێککەوتنامەکانی مافی مرۆڤە.

ئەگەرچی دوای چارەگە سەدەیەک دوای لەناوچوونی ئەو ڕژێمە هێشتا ڕووفاتی سەدان کەس لە ئەنفالکراوان نەدۆزراینەوە و نەگەڕێنراوەنەوە خاکی خۆیان و کەسوکاریان تا ئێستاش لە چاوەڕوانی ئەوانن.

پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ دۆزینەوە و گەڕانەوەی ئەو ڕووفاتانە و ئەرکی حکوومەتی عێراقە بەو کارە هەڵسێ بەهەماهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

پێوستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ئەوەی  کەیسی ئەنفال لە ئاستی نێودەوڵەتی بەجیهانی بکرێت و وەک تاوانی نێودەوڵەتی بناسرێت کە دەبێتە مایەی قەرەبووکردنەوەی کەسوکار و خانەوادەکانیان.

ئێمە لەو ڕۆژەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ قوربانیانی ئەنفالکراو دادەنوێنین و وەفا و دڵسۆزی بۆ کەسوکارەکانیان دووپات دەکەینەوە.

 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان

13ی نیسانی 2024

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button