هه‌واڵ

مەریوان قەرەنی: یوسف كیلابی گۆڵی لە یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ كرد

زێدپرێس

مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێوەست بە کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ پێدانی ڕاستەوخۆی مووچە لەلایەن بەغداوە، ڕایدەگەیەنێت، یوسف كیلابی گۆڵی لە یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ كردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەریوان قەرەنی ئەمڕۆ سێشەم ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڕایگەیاند، یوسف کیلابی گۆڵی لە یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ كردووە.

قەرەنی، باس لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی ئیمزا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، کە دوێنێ دووشەم ٢ی تشرینی یەکەم، لەلایەن ژمارەیەک لە ئەندامانی عەرەبی و ئەندامانی فراکسیۆنەکانی یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و نەوەی نوێ، بەمەبەستی پێدانی ڕاستەوخۆی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، بەڕێوەچوو.

 

دەقی نووسینەکەی مەروان قەرەنی:

 

دوێنێ دووشەم ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بە هەماهەنگیی نێوان گرووپێك بە ناوی (مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی) كە بەداخەوە گرووپێكی سیاسیین و لە لایەن یەكێتییەوە بە ئامانجی سیاسی ئاڕاستە دەكرێن. لەگەڵ ئەندامێكی پێشووی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ناوی (غالب محەمەد) كە لە سەردەمی پەرلەمانتارییەكەی خۆیدا، بەداخەوە دەرچوو هێندەی نوێنەری شۆڤێنییە عەرەبەكانە دژی كوردستان، هێندە نوێنەری خەڵكی ستەمدیدەی هەرێمەكەی خۆی نییە. لەگەڵ یوسف كیلابی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە هەموومان ئەویشمان بینی چۆن پاش تێپەڕاندنی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق، ڤیدیۆی بڵاو دەكردەوە و دەیگوت گۆڵمان لە هەرێمی كوردستان و حزبەكان كردووە. بەهەرحاڵ ئەم سێ لایەنە یاداشتێكیان نووسیوە و یوسف كیلابی واژۆی لەسەر كردووە، دواتریش هەریەك لە فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، یەكگرتوو، كۆمەڵ و نەوەی نوێ)ش واژۆیان لەسەر ئەو یاداشتە كردووە.

لە یاداشتەكەدا بە ڕووكەش داوا دەكرێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بخرێتەوە سەر بەغدا و گوایە داوایان كردووە لە ڕێی كارتی زیرەك یان بانكەكانەوە مووچەكانیان دابەش بكرێت. بەڵام ناواخنی ئەم داواكارییە و ئامانجەكانی پشتی تەنیا گاڵتەكردنە بە هەست و سۆزی گەلی كوردستان و گۆلێكی دیكەی یوسف كیلابییە كە لەو چوار فراكسیۆنە كوردستانییەی كردووە لە ئەنجامی نەزانی و بێ ئاگایی ئەو فراكسیۆنانە، هاكا بینیمان چەند كاتژمێرێكی دیكە یوسف كیلابی ڤیدیۆی ئەو گۆلەشی تۆمار كرد و بۆ چوار فراكسیۆنەكەی بڵاو كردەوە!

گەلی كوردستان زۆر باش دەزانن بەغدا نەك مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان راستەوخۆ دابەش ناكات، بەڵكوو ئامادە نییە ئەو بڕە پارەیەش بنێرێت كە زۆر كەمترە لە مووچەی فەرمانبەران، بۆچی؟ چونكە لە بنەمادا ئەوان هاووڵاتییانی كوردستان بە هاووڵاتیی پلە یەكی عێراق نازانن و وەك جاران لە ڕوانگەیەكی شۆڤێنییەوە سەیری گەلی كوردستان دەكەن.

خۆ هەموومان ئەو بەڵێنانەمان بینی كە لە ڕۆژانی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری برادەرانی یەكێتی و فرۆشتنی كەركووكدا چۆن ئاڵا تاڵەبانییەكەی سەرۆكی ئەوسای فراكسیۆنی یەكێتی دەیگوت یەك دوو هەفتەی دیكە مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی لە بەغداوە دەنێردرێت، ئەرێ گەلی ئازیزی كوردستان تەنانەت یەك مووچەخۆریش مووچەكەی خۆی بە شێوەی راستەوخۆ وەرگرت؟

گەلی ئێمە ماندووە، چەندان ساڵە لە قەیراندایە و سیاسەتی دوژمنكارانەی دەسەڵاتدارانی عێراق لە لایەك و سیاسەتی خۆفرۆشیی هەندێك حزب و لایەنی ناوخۆیی لە لایەكی دیكە وایانكردووە نەتواندرێت ئەو قەیرانانە لە ماوەی نزیكەی 10 ساڵی رابردوودا بە تەواوی تێپەڕێندرێت، بۆیە شایانی ئەوە نییە بە بەڵێنی درۆوە تووشی نائومێدی بكرێت. فراكسیۆنەكانی یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ و نەوەی نوێ خۆیان زۆر زۆر باش دەزانن بەغدا ئامادە نییە مووچەی یەك مووچەخۆریش بخاتە ئەستۆی خۆی و راستەوخۆ بیدات، هەموومان بینیمان چۆن بەڕێز سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی گوتی لە بودجەدا شتێك نییە بە ناوی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، ئیتر تا كەی درۆ لەگەڵ گەلی كوردستان دەكەن؟

لێرەوە داوا لەو چوار حزبە دەكەم، واز لەو موزایەدە و هەڵسوكەوتە هەرزانە بێنن كە بە دڵی یوسف كیلابی و مستەفا سند و ئەمسالەكانین و دواتریش هەر ئەوانە گاڵتەیان پێ دەكەن، بەڵكوو بگەڕێنەوە بۆ ڕێ و ڕێبازی كوردایەتی و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، پشتیوانی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و بە یەكڕیزی و تەبایی، پێداگری لە وەرگرتنی تەواوی مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن، ئەگینا مێژوو رەحم بە كەس ناكات و وەك ڕووداوەكانی ڕابردوو، سەرشۆڕییان بۆ دەمێنێتەوە و ناچار دەبن درۆ و دەلەسە وەك بڕوبیانوو بێننەوە تاوەكوو ڕووی ڕەشیان لەبەر چاوی خەڵك سپی بكەنەوە!

 

مەریوان قەرەنی

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق

3ی ئۆكتۆبەری 2023

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...